٢١ گولە تۆپ بۆ ناشتنی پزیشکە گومناوەكە
٢١ گولە تۆپ بۆ ناشتنی پزیشکە گومناوەكە
December 11, 2025

ڕۆژێك لەژێر ئاسمانی خۆڵەمێشیی مانگی شوباتی ١٩٧٣دا، بازاڕی هەولێر مات بوو، ئەو جادە و كۆڵانانەی هەموو ڕۆژێ جمەیان دەهات لە هەرا و دەنگەدەنگی كاسبكار و ڕێبوار و میوانی چایخانە و چێشتخانەکان، ئەوجارە لەگەڵ گرمەی تەقاندنی ٢١ گوللە تۆپ بۆ ئاوابوونی جوانەمەرگێكی ناوداری، بێ دەنگ بوو. بۆ ئەو کوڕەی هەولێر كە دەردی نەخۆشەکانی تیمار دەکرد و دەستی هەژارانی دەگرت و بەبێ دەنگی هاوکاری شۆڕشی گەلەكەی بوو.
پزیشك و كه‌سایه‌تییه‌كی مرۆڤدۆست و كوردپه‌روه‌ر بوو، ئه‌گه‌رچی كه‌م ژیا و به‌هۆیەكی جێ گومان سه‌ری نایه‌وه‌، به‌ڵام ڕۆڵ و پێگه‌ی گه‌وره‌‌ی له‌و ماوه‌ كورته‌ی تەمەنیدا وای كرد مردنی ببێتە كۆستێكی گشتی و له‌ مەراسیمی ناشتنه‌كه‌یدا بۆ یه‌كه‌م جار لەو شارەدا ٢١ گوللە تۆپ بته‌قێندرێت.
دكتۆر محەمەد حاجی شێخۆ فەتاح یەكێكە لەو پیاوه‌ گومناوه‌ هه‌ولێرییانەی‌، كه‌ وەك نووسه‌رێك دەڵێت ”هەولێر هەمیشە پاڵەوانی بزری لێ هەڵکەوتووە“، ئەویش پاڵه‌وانێكی بزری دیكەی ئه‌و شاره‌یه و لە چاوی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان بزرە‌.
لە بارەی ئەو كەسایەتییەوە، ئازاد محه‌مه‌د شێخۆ كوڕی گه‌وره‌ی دكتۆری جوانەمەرگ بۆ(گڵكه‌ند)ی گێڕایەوە، كە باوكی لە ساڵی ١٩٣٢ لە قەڵات لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییی لە هەولێرێ تەواو کرد. ساڵی ١٩٥٠ لە کۆلێژی پزیشکیی پاشایەتی لە بەغدا وەرگیراوە و ساڵی ١٩٥٦ بەکالۆریۆسی لە پزیشکی گشتی و نەشتەرگەری بەدەست هێناوە.
دواتر پلەی نەقیبی پزیشکیی لە سوپای عێراق پێ دەبەخشرێت و تا ساڵی ١٩٥٨ لە لیوای ناسریە ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، دواتر دەگوازرێته‌وە بۆ هەولێر و وەکو بەرپرسی نەخۆشخانەى سەربازی دەستبەکار دەبێت. ساڵی ١٩٧١ بۆ تەواوکردنی خوێندنی دبلۆمى باڵا دەچێتە نەمسا و دوای گەڕانەوەی وەک پزیشکێکی سەربازی لە بواری نەشتەرگەریدا کار ده‌كات.
ئازاد شێخۆ كە لەدایكبووی ١٩٦٣یە، باس له‌وەش‌ ده‌كات كە كاتی خۆی نۆڕینگەی باوکی لە (قشڵە) بووه‌، شەو و ڕۆژ خزمەتی چین و توێژه‌كانی هەولێرێی كردووە، بەتایبەت خەڵكی هەژار و نەدار، ئه‌گه‌ر بیزانیبا‌ نه‌خۆشێك هه‌ژاره‌ و پاره‌ی كڕینی ده‌رمانی نییه‌، له‌ پشتی پسووله‌ی ڕه‌چه‌ته‌كه‌ ئیمزای ده‌كرد وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی ده‌رمانه‌كه‌ له‌و كه‌سه‌ وه‌رنه‌گرن و سه‌ری مانگ پاره‌ی ده‌رمانه‌كانی ده‌دایه‌ ده‌رمانخانه‌. كە لێشیان ده‌پرسی بۆ ئه‌و كاره‌ ده‌كات، له‌ كاتێكدا نه‌خۆش زۆرن، وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌ ”ڕاستە ئەمن بەهەوڵی خۆم گەیشتیمە ئەو ڕۆژەی، بەس ئەوانە خەرکی شار‌ی خۆمن. ویژدان و خوداش قبوڵ ناكات نەدارەك بە داماوی‌ دوو عانەی غڕ كاتەوە، ئەمن بەفەحسەكی هەمووی لە گیرفانی دەربینم“.
شێخۆ پزیشكێكی هه‌ڵكه‌وتوو بوو، ساڵی ١٩٧١ لە كاتی خوێندنیدا له‌ ڤیه‌ننا، له‌نێو چه‌ندین پزیشكی بواری نه‌شته‌رگه‌ریدا هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی بەشداریی له‌ سێ نەشتەرگەریی گەورەی جیهانیدا بكات، یەکەمیان چاندنی دڵ، دووەمیان چاندنی جگەر و سێیەمیان نەشتەرگەریی چاو بوو.
له ‌ڕووی هزری نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ كوردپه‌روه‌ر بوو و سه‌رسه‌ختانه‌ داکۆکیی لە دۆزی میللەتەکەی دەکرد. ناوی كوردی له‌ هه‌ر چوار منداڵه‌كه‌ی نابوو (ئازاد، هەڤاڵ، ڕێدار، ڕێزان).
یەكێك لەو شایەدیانەی لە بارەی ئەو پزیشكەوە دەدرێت ئەوەیە كە سه‌ركێشیی بەژیانی خۆی ده‌كرد لە پێناو دۆزی كوردستان، به‌نهێنی و له‌ ڕێی شاردنه‌وه‌یان لەناو کارتۆنی چای قەبارە گەورە و شتومەکی وەک پێداویستیی جلوبەرگ و خواردندا، دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی بۆ پێشمەرگە ده‌نارد، كوڕەكەی دەیگێڕێتەوە كە شەو هەبووە كه‌سانی ده‌مامكدار بەنهێنی بردوویانە بۆ تیماری پێشمەرگە برینداره‌كان و به‌ره‌به‌یان هەر بەنهێنی گەڕاندوویانەتەوە بۆ ماڵ.
به‌گوته‌ی كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی؛ شێخۆ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشدا هه‌بووه‌، به ‌ڕاده‌یه‌ك كە لە ساڵی ١٩٦٦ عەبدولڕەحمان عارف سەرکۆماری ئەو کاتی عێراق هاتووەتە هەولێر، تا لێرەوە بۆ بینینی مەلا مستەفا بارزانی بەرەو گەڵاڵە بڕوات، د. شێخۆ له‌ شاندی پێشوازیكردنیدا بووه‌ و په‌رۆش بووه‌ كه‌ لەگەڵ شانده‌ حكوومییه‌كه‌دا بچێت بۆ دیداری بارزانی، بەڵام هەواڵی پێ درابوو بەهیچ شێوه‌یه‌ک نەچێت بۆ ئەو دیدارە، تا گومانی لێ نه‌كرێت، نەوەك زیان به‌خۆی و بەشۆڕشیش بگات.
شێخۆ كاتێك له‌ ڤیه‌ننا بووه‌، پێشنیاری بۆ كراوه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئەو ڕه‌تی كردووەته‌وه‌ و گوتوویەتی كە کوردە و دۆزێک و ئەرکێکی مەزنی لەسەر شانە، چووە لەوێ فێر بێت و بگه‌ڕێتە‌وه‌ تا خزمەتی شار و وڵاتی خۆی بكات.
ئازاد له‌ زاری دایكییەوە دەیگێڕێته‌وه‌ كه‌ باوكی ئێواره‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ‌ و ته‌ندروستیی ناجێگیر بووه‌، داوای لێ كردووه‌ شیرێكی بۆ ئاماده‌ بكات، بەفریاگوزاریی سەرەتایی هه‌وڵی داوه‌ خۆی ڕزگار بكات، دوای ڕشانەوەی پشکنینی کردبوو، به‌پشتبه‌ستن به‌زانیارییه‌كانی خۆی، بە هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕاگه‌یاندبوو كە ژەهرخوارد كراوه‌، بە بەڵگەی ئەوەی له‌ كۆڕێكدا دوایین شت قاوەیان پێ داوە، قاوەیش كاریگه‌ریی مادە ژەهراوییەکان زیاتر دەهێڵێتەوە و چاڵاکتریان دەکات. سه‌ره‌نجام له‌ ١١ی شوباتی ١٩٧٣ له‌ ته‌مه‌نی ٤١ ساڵیدا كۆچی دواییی كردووە.
لە ڕۆژی مردنی شێخۆدا، هەولێر وەک قەدەغەکردنی هاتوچۆی لێ هات‌، هەموو شت وەستا، له ‌ڕێوڕه‌سمی ناشتنیدا سێ سەرباز لە دیوی چەپ و سێ سەرباز لە دیوی ڕاستی ته‌رمه‌كه‌ بە چەکەوە وه‌ستا بوون، کاتێك تەرمه‌كه‌ داگیرا وەک نەریتێکی سەربازی و ڕێزلێنان له‌و پزیشکە سەربازییە، بۆ یەکەم جار بە ئاراستەی (مەعەسکەر)دا، بیست و یەک تۆپ بە ئاسماندا تەقێنران.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ئەو كۆچەدا، هێشتا سەربووردەی شێخۆ لەسەر زاری هەولێرییانە، لە جادە و کۆڵانەکانی قشڵە و گەڕەكە كۆن و بازاڕەكانی قەیسەریدا، یادی چاكەكارییەكانی دەكرێتەوە، ئەو پیاوەی لە یەك كاتدا دەرمانی دەردی نەخۆشەكانی شار و خەمخۆر و پشتیوانی شۆڕشی گەلەكەشی بوو.

وێنەیەکی دکتۆر محەمەد شێخۆ لەکاتی نەشتەرگەری لە نەمسا

وێنەیەکی مۆڵەتی لێخوڕین کە ساڵی ١٩٦١ دەرکراوە


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved