له دوای خانەقا، ته‌عجیل و كۆڵانی عاره‌بان، سه‌یداوه له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی هه‌ولێرە و ساڵی ١٩٤٨ دروست كرایه.
تخوبی سه‌یداوه‌ی له هۆڵی میدیا و گه‌له، لایه‌كیشی ئیسكانه، له‌وێڕا ده‌ست پێ ده‌كات هه‌تا ده‌گاته سێتاقان، له هه‌ردوو لاوە ده‌كه‌وته نێوان سی مه‌تری و شێست مه‌تری.
حاجی عوسمان، پیاوێکی تەمەن هەشتا ساڵی قسەخۆشە، ئەرشیفێکی زیندووی گەڕەکەکەیە، هه‌گبه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌كاته‌وه و بەو شێوەیە دەست بەباسی سه‌ره‌تای دروستبوونی سه‌یداوه‌ی ده‌كات:
له ساری چله‌كان ڕه‌شمارنشین لێره ژیاینه، له پاش ساری په‌نجاوه هورده هورده خه‌رك ده‌ستی به خانی دروستكردنێ كرد، ئه‌وه‌ی ئه‌من بیستیتم عه‌رده‌كانی سه‌یداوه‌ی ئی دوو كه‌سان بوو، یه‌كیان سه‌ید به‌هیه و ئه‌وی دی سلێمان ئاغا. ئەو دەمی عه‌رد هه‌رزان بوو، مه‌تری به ڕوبعه‌ك بوو كه دەیكردە شه‌ش درهه‌م.
ئەو پیاوە بەتەمەنەی سەیداوە، لە بارەی ناونانی گەڕەكەكەوە، بیستویەتی پێشتر چه‌ند ناوه‌كی دیكەی هه‌بووه، وه‌كی جاجماوه و نه‌خۆشاوه، به‌س دەڵێت ئه‌و كاتی گه‌ڕه‌ك نه‌بووه، له وه‌ته‌ی بەخۆی به‌بیری دێت، هەر پێی گۆترایە سه‌یداوه، ”نازانم ئه‌و ناوه له‌به‌ر سه‌ید به‌هیه‌ی بووه یان له‌به‌ر سه‌یده‌كانی هه‌ره‌جه‌ی بووه، چونكه ئه‌وان له بیدایه‌تی دروستكردنی سه‌یداوه‌ی، لێره ژیاینه“.
لە لایەكی دیكەوە ڕه‌حمان خورشید كه له په‌نجاكانی سه‌ته‌ی ڕابردوو له‌دایك بووه، باسی دروستكردنی یه‌كه‌م خانوو له گەڕەكی سه‌یداوه‌ی دەكات و ده‌ڵێت ”یه‌كه‌م خانی ماری خار حەمه عەزیز بوو، ئه‌وان یه‌كه‌م مارن له چله‌كان هاتینه ئێره و ئاوه‌دانیان كردیته‌وه، پاشان بوویته موختاری سه‌یداوه‌ی“.
دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه زۆربه‌یان له گونده‌كانه‌وه هاتبوون، ڕه‌حمان ده‌ڵێت ”خه‌ركی گونده‌كانی بیره‌جنه و هه‌مزه به‌گ و سه‌یده‌كانی هه‌ره‌جه‌ی هاتینه، ئه‌وجه خه‌ركی گونده‌كانی دیكەش ڕوویان تێ كردیه“.
خانییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌می بە زۆری دووسه‌ت مه‌تری بوون، لە قوڕ دروست دەكران، مه‌گه‌ر ماڵێكی خواپێ‌داو هه‌بووایه خانووی لە كەرپووچ دروست كردبا، له دوای حه‌فتاكانیشه‌وه دروستكردنی خانوو به بلۆك دەستی پێ كرد.
جاران دروستكردنی خانوو هه‌فته‌ك تا ده ڕۆژی دەخایاند، حاجی عوسمان دەڵێت ”ڕۆژانه له كه‌ندێ به چارۆگان خۆرمان ده‌ینا، ده‌مانكردە قوڕ و خشتمان ده‌بڕی، هه‌تا هیشك ده‌بووەوه، زۆری پێ دەچوو، دوایێ به عه‌مه‌لە شه‌عبی به سێ چار ڕۆژان خانیمان قیت ده‌كرده‌وه، وه‌ستا ڕۆژانه‌ی به پازده درهه‌می بوو، سه‌ری خانیشمان بە كاریته و قه‌میش دەگرت“.
ئاوی به‌ستێ، سه‌یداوه‌ی ده‌كرده دوو به‌ش، ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌وبه‌ری كه‌ندێ تاپۆی نه‌بوو، خانییه‌كانی زیاتر به شه‌وان دروست ده‌كران، چونكه موخالف بوون، سبه‌ینێ شورته ده‌هات، هه‌نده‌كی ده‌ڕووخاندن و ده‌ڕۆیشت، شه‌وی پاشتر چاكیان ده‌كرده‌وه.
حاجی عوسمان دەڵێت بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌كانیان نه‌ڕووخێنن، هه‌نده‌ك شڕ و شاتار و یاتاغیان ده‌برده ناوی، خێزانەكە ده‌چوونه ناو خانییه‌كه، ڕۆژی پاشتر كه شوڕته ده‌هات، ته‌ماشای ده‌كرد ماڵی تێدایه، ده‌گه‌ڕانه‌وه و وازیان لێ دەینان.
فاتم فەقێ حەسەن ژنێكی ته‌مه‌ن دەوروبەری هه‌شتا ساڵه، په‌نجا ساڵ زیاترە له سه‌یداوه‌ی ده‌ژی، دیمه‌نی جارانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی له بیره و ده‌ڵێت ”وه‌كی هاتین، ئێره چۆله‌وانی بوو، به‌رامبه‌ره مه هه‌مووی گامێشه‌وان بوون، یەكەكیان ماری شه‌هاب عاره‌بی بوو، گامێشیان به‌خێو ده‌كرد، ئەو دەمی سه‌یداوه هه‌موو شتەكی لێ بوو، سرق و توور و سه‌وزه‌ی دی لێ ده‌چاندرا، خانه‌ی كه‌ران و مه‌یدانی حه‌ویانانیشی لێ بوو، ئه‌و شێخەڵڵایە‌ی ئێستە هه‌مووی قەبرستان بوو، له‌یلوكیشی لێ داده‌نرا، مەخفه‌ره‌كی شوڕته‌ش له كن داون تاونی بوو، ئه‌مه لۆ سه‌فره‌ی ده‌چووینه قه‌برستانی سه‌ید مەعرووفی“.
بەقسەی ئەو ژنە بەتەمەنە، خه‌ڵكی سەیداوە زۆربه‌یان ده‌ستكورت بوون، تاك تاكە ده‌وڵه‌مه‌ندی تێدا بوو، لەوانە ماڵی حاجی ئەحمەد، كە هەر زوو ئۆتۆمۆبێلەكی مۆسكۆڤیسیان هینایە هەولێرێ.
له باره‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌یداوه‌شەوە، فاتم فەقێ ده‌ڵێت ”زۆربه‌ی خەڵكی گونده‌كان بوون، هه‌نده‌ك ماڵه دۆمیشی لێ بوو، ده‌یانگۆت ئه‌مه ده‌روێشین، ئه‌گه‌ر نهێنییه‌كیان هه‌بووایه، به زمانه‌كی جیاواز قسه‌یان ده‌كرد كە پێیان ده‌گۆت جییوه، به‌س ئێستەش ئه‌و گه‌ڕه‌كه هه‌ر به‌گه‌ڕه‌كی دۆمان به‌ناوبانگه“.



وێنەکان: عومەر کەریم