مێژووى کەباب و کەبابخانەى نەجاڕ
مێژووى کەباب و کەبابخانەى نەجاڕ

خاوەنی كەبابخانەی نەجاڕ ناوی حاجى قادر کوڕى حاجى خدر کوڕى قادر بوو، لەدایکبووى ١٩٠٧ و دانیشتووى گەڕەکى تەعجیل بوو.
حاجى خدر کە دەکاتە باوکى حاجى قادر، دوکانى کەبابخانەى لەناو بازاڕى چەخماخچییەکانى هەولێر هەبوو، کە ئێستە بووەتە بازاڕى زێڕنگرەکان، پاشان لە ساڵى ١٩٣٦ گواستراوەتەوە بۆ ناو بازاڕى نەجاڕەکان بەناوى کەبابخانەى بازاڕى نەجاڕەکان (کباب سوق النجارین)، پاشان لە ٢٠٠٦ ناوەکەى کراوەتە کەباب نەجاڕ، لقێکى ترى بەرامبەر دوکانە کۆنەکە كردەوە، ساڵى ٢٠٢٢ش لقێکى ترى نوێى لەناو بازاڕى کۆنى قەسابەکان كردەوە.
حاجى قادر سێ کوڕى هەبووە، یەکەمیان خدر لەدایکبووى ١٩٤٦، دووەمیان بەناوى شێرزاد ١٩٤٨ (خوا لێی خۆش بێت)، ئەوى تریان عەبدوڕەزاق لەدایکبووى ١٩٥٨، ئەویش دوو کوڕى هەیە بەناوى عەلى و محەمەد، کە ئێستە سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنى دوکانەکانى کەباب نەجاڕ دەکەن.
پیشەى کەبابچیاتى پەیوەستە بەدروستکردن و بەڕێوەبردنى دوکانى ئامادەکردن و فرۆشتنى کەباب، کەبابیش یەکێکە لە خواردنە بەتام و خۆشەکان کە زۆربەى خەڵک لە چینە جیا جیاکان حەزى لێ دەکەن، هەر وەکو لە سەرچاوەکاندا باس کراوە، مرۆڤ لە ناوچەکانى دەوروبەرى دەریاى ناوەڕاست ٧٩٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستە ئاگریان بەکار هێناوە بۆ ئامادەکردنى خواردنەکانیان، پاشان فڕنى و شوێنى برژاندنى گۆشت لە ناوچەکانى ئەوروپا بڵاو بووەتەوە، هەر وەکو هۆمیرۆس بەر لە ٢٥٠ هەزار ساڵ لە ئەلیازەکەیدا باسى لە گۆشتى برژاو کردووە، هەروەها لە پشکنینەکانى سانتۆرینى چەندین مەقەلەى بەردینى و شیش کە بۆ برژاندنى گۆشت بەر لە سەدەکانى حەڤدەمى پێش زایین بەکار هاتووە، دۆزراوەتەوە.
بەڵام بەشێوەیەکى گشتى ئەم کەبابەى کە ئێستە دەیناسین لە ناندین و مەتبەخەکانى سەدەکانى ناوەڕاست لە وڵاتانى فارس و تورکیا و سووریا بەتایبەتى لە شارى حەلەب سەرى هەڵداوە، کە پێکهاتبوو لە پارچە گۆشت یان گۆشتى قیمەکراو لە شیشدا لەسەر ئاگر سوور کراوەتەوە، مێژووى ناوى کەباب دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە هەر خواردنێک بەسووڕاندن لەسەر ئاگر سوور بکرێتەوە، تورکەکان و هەروەها لە بەریتانیا و ئەمەریکا پێى دەڵێن (دۆنار kebab)، کە یەکەم جار پارچەى گۆشتیان لەسەر ئاگر برژاندووە و پاشان گۆڕانکارى بەسەر شێوەى ئامادەکردنەکەیدا هاتووە، بەچەندین شێواز ئامادە کراوە، بۆن و تامى جۆراوجۆریشى تێ کراوە و هەندێک جاریش بەبێ بەهارات بووە.
پێشکەوتنى زەوقى خواردن لە لایەن دەوڵەمەند و ئاغا و دەرەبەگ و دەسەڵاتداران لە ماڵ و دیوەخان و ناندیندا زیاتر برەوى پێ دراوە، چونکە خواردنى گۆشت بەهەموو جۆرەکانیەوە و بەشێوازى تایبەت تەنها تایبەت بووە بە کەسانى خاوەن دەسەڵات و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو، بەڵام خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت لەوانەیە تەنها لە بۆنەکاندا توانیبێتیان ئەم جۆرە سفرانە ئامادە بکەن، بەتایبەتى لە ڕۆژانى جەژن، یاخود زۆر گرینگییان بەم شێوازە خۆراکانە نەداوە، تەنها دواى ئەوەى ئەم خواردنە لە بازاڕەکاندا پەیدا بووە و شێوازى بازرگانیی وەرگرتووە، ئەمەش دواى پەیدابوونى دوکان و بازاڕەکان و لە نزیک خانەکاندا، دوکانى کەبابخانە کراونەتەوە، لەو کاتەى کە کاروانچییەکان بە کۆمەڵ گەشتەکانیان ئەنجام دەدا لە نێوان شارە بازرگانییە بەناوبانگەکاندا بەتایبەتى لە نێوان شارەکانى حەلەب و دیاربەکر و مووسڵ و هەولێر و کەرکووک، یاخود لە نێوان ناوچەکانى ناوخۆدا بۆ مەبەستى بازرگانیکردن هاتوچۆیان کردووە، پێویستییان بەپشوودان و مانەوە و خۆراک و خواردەمەنى هەبووە، لەبەر ئەوە لە بەشێکى نزیکى ئەم شارانە بازاڕ و دوکان و خان بەدیار کەوتوون و وردە وردە پەرەیان سەندووە و چەندان جۆرى پیشەگەرى تیایدا سەریان هەڵداوە، لەوانە ئاسنگەرى، دارتاشى، ناڵبەندى، خانچییەتى، بازرگانیی کڕین و فرۆشتنى پێست و خوورى و خمچییەتى و گۆشتفرۆشى و عەتاڕى و چەخماخچى و کورتاندروویى و کارى ڕستن و چنین و پینەدۆزى و سەبزەفرۆشى و چایخانە و قاوەخانە و چەندان جۆرى دوکانداریى ترى وەک نانەواخانە و چێشتخانە، ئینجا لە میانى ئەوەدا خواردنى جۆراوجۆریش پەیدا بووە، لەوانەش خواردنى کەباب کە بەهۆى چاولێکەرى یاخود هاتن و چوونى وەستاکانى دروستکردنى کەباب لە وڵاتانى دەوروبەر ئەم جۆرە خواردنە پەیدا بووە، کەبابخانەش یەکێک بووە لەو پیشەگەرییانەى کە تایبەتمەندیی خۆى وەرگرتووە و چەند بنەماڵەیەک ئەم پیشەیەیان کردووەتە پیشەى سەرەکیی خۆیان کە نەوە دواى نەوە بۆ یەکترییان بەجێ هێشتووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved