کۆشکە ناودارەکەی مەلائەفەندی هەولێرێ
کۆشکە ناودارەکەی مەلائەفەندی هەولێرێ
December 24, 2025

جاران کۆشکی باداوە براگەورەی خانەوادە مەلائەفەندی تێدا دەژیا، لە کات و سەردەمی خۆیدا جوانترین تەلار و کۆشک بووە نەک تەنیا لە هەولێر، بەڵکو لە هەموو کوردستان و عێراقیشدا، بۆیە بەشێکە لە مێژوو و سەروەرییەکانی هەولێر و خەڵکەکەی.
کۆشکی باداوە لە دوو نهۆم پێک هاتبوو، زیاتر لە ٢٥ ژوور لە نهۆمی سەرەوە بۆ ژیانی ئەندامانی خانەوادەی مەلافەندی هەبوون و لە نهۆمی خوارەوەشدا، کە بۆ میوانان تەرخان کرابوو، دوو ساڵۆن، ژوورێکی پشوودان، ناندینێک، ژوورێکی خزمەتگوزاری و ژوورێکی تایبەت بۆ پاسەوانە هەمیشەییەکان، هەبوو.
کۆشکەکە کەوتبووە دووریی یەک کیلۆمەتر لە رۆژئاوای باداوەی بەرەوە. نەخشەی کۆشکەکە زۆر ناوازە بوو و ژوورەکانی بە چەندین نەخش و نیگاری رەنگاوڕەنگ رازێندرابوونەوە و پەنجەرەکانیشی لە دار دروست کرابوون.
باخچەیەکی گەورە و فراوان لەناو کۆشکەکە هەبوو، لە ناوەڕاستی باخچەکەدا نافوورەیەکی جوان هەبوو کە ئاوی لە سارداوەکەی نێوان هەردوو گەڕەکی باداوە بۆ دەچوو.
وەک باس دەکرێ، ئەندازیار و بنیاتنەری کۆشکی باداوە وەستایەک بووە بە ناوی ئیسماعیل سنەیی، کە بەشێوەیەکی ئەندازەیی کۆشکەکەی دروست کردووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەر ئەو وەستا ئیسماعیل سنەییە کاری ئەندازەیی و دروستکردنی دەرگا گەورەکانی قەڵاتی هەولێری لە ساڵی ١٨٦٠، لە ئەستۆ گرتووە، لەنێو خانووەکانی قەڵاتدا ماڵی شێخ جەمیل ئەفەندی هەیە کە ئێستا بووەتە خانووێکی شوێنەواریی جوانی قەڵات.
چەندین سەرکردەی کورد و عێراقی و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەو کۆشکە گەورەیەی باداوە میوان بوون، وەک مەلا مستەفا بارزانی کە لە ساڵی ١٩٤٤ سەردانی کۆشکەکەی کردووە و میوانە عێراقی و عەرەبییەکانیش وەک جەمال پاشا سەفاح، عەونوڵڵا ئەلکازمی، سلێمان نەزیف، شا فەیسەڵی یەکەم، نووری سەعید پاشا، یاسین ئەلهاشمی و جەعفەر ئەلعەسکەری.
وەک سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن، دوای گرژییەکانی سەردەمی دروستبوونی بزووتنەوەی رەشید عالی گەیلانی لە بەغدا لە ساڵی ١٩٤١، تەواوی ئەندامانی خانەوادەی شا فەیسەڵ روویان لە کۆشکی باداوە کرد و تا بەرقەراربوونەوەی ئاسایش لە بەغدا، وەک میوانێکی ئازیز لەو کۆشکەدا ماونەتەوە.
گوندی باداوە كە دەکەوتە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی هەولێر، لە دوو گەڕەک پێک هاتبوو، باداوەی سەرەوە (٣٥ ماڵ) و باداوەی بەرەوە (٧٠ ماڵ) بوون، لە نێوان هەردوو گەڕەکیشدا، سارداوێک هەبوو.
مەلافەندی (مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی)، لە ساڵی ١٨٦٣ لە قەڵاتی هەولێر لەدایک بووە لە ساڵی ١٩٤٢ کۆچی دوایی کردووە. هەموو وانەکانی شەرعی خوێندووە و زانایەکی ئایینیی ئیسلامیی گەورە و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی ناوداری سەردەمی خۆی بووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved