لەو کاتەی جیهانی دیجیتاڵی، سنوورەکانی نێوان ژووری منداڵان و مەترسییەکانی دەرەوە دەسڕێتەوە، لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوێکی جیاواز بەرەو پاکكردنەوەی فەزای دیجیتاڵی دەنرێت.
ئێستە نزیکەی ٦٠٠ هەزار ماڵی هەرێمی كوردستان، شەڕیان تەنها لەسەر خێراییی ئینتەرنێت نییە، بەڵکو لەسەر فلتەرکردنی ئەو ناوەڕۆکانەیە کە شیرازەی خێزان و داهاتووی نەوەیەکی نوێ تێک دەدەن، بۆیە پاكێجی ئینتەرنێتی خێزانییان كڕیوە. ئامارەکانی پۆلیسیش لە ئێستەوە ئاماژە بەکەمبوونەوەی بەرچاوی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی (پاکێجی خێزانی)یەوە، كۆمپانیاكانی خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێتی ناچار كردووە ماڵپەڕە ڕووتەكان و چه‌ند بابه‌تێكی دیكە فلتەر بكەن، بۆ ئەوەی منداڵ و هەرزەکاری خوار ١٨ ساڵ ڕووبەڕووی تەماشاکردنی دیمەنی گەوران نەبنەوە، پلانیش هەیە له ڕێگه‌ی ئه‌پڵیكه‌یشنێكه‌وه بابەتەكە سنووردارتریش بكرێت.
د. جه‌مال ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆسته و گه‌یاندن له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن ڕای گەیاند ماوەیەکە له ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانی خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێتەوە ده‌ستی كردووە به‌جێبه‌جێكردنی «پاكێجی خێزانی»، کە مەبەست لێی پاراستنی خێزان و بلۆککردن و فلتەرکردنی هەندێک بابەتە وەکو ماڵپەڕە ڕووتەكان و قومار و ڕێكلامكردن بۆ خواردنەوەی كحولی و جگه‌ره و چه‌ك، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كانی توندوتیژیی خێزانی، كه بۆ بەشێک لە تەمەنەکان گونجاو نییە، ده‌شڵێت، سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێت ئه‌و ڕێوشوێنەیان جێبه‌جێ كردووه.
له هه‌رێمی كوردستاندا چوار كۆمیانیا له ڕێگه‌ی وایه‌رلێس، چواری دیكەش له ڕێگه‌ی كێبڵەوە خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێت پێشكێش ده‌كه‌ن، سه‌رجه‌میان پابه‌ند كراون ئه‌و پاكێجه‌یان هه‌بێت.
ئێستە دوو جۆر یه‌كه‌ی ئینته‌رنێت هه‌یه، بە هه‌مان نرخ و خێرایی، یه‌كه‌ی خێزانی و یه‌كه‌ی ئاسایی، به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی گواستنەوە و گەیاندن، ٦٠٠ هه‌زار هێڵی ئینته‌رنێتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان پاكێجی خێزانی به‌كار ده‌هێنن.
دكتۆر جه‌مال ئه‌حمه‌د، پلانێكی دیكەی وه‌زاره‌ته‌كه بۆ (گڵكه‌ند) ئاشكرا ده‌كات كه بریتییە لە بلۆككردنی تەواوی سایتە ڕووتەكان و بۆ ئەم هەنگاوەش چاوەڕێی دەركردنی یاسایەكی تایبەتن. هەروەها خەریكی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکن كە لە ڕێگەیەوە سەرۆکی خێزان سەرپشک بکرێت چ سایتێک لە کار بخرێت.
لای خۆیەوە كیفاح حه‌سه‌ن، گوته‌بیژی پۆلیسی پارێزگەی هه‌ولێر، تاوانە ئه‌لیكترۆنییەکان دابەش دەكاتە سەر چەند جۆرێك، لەوانە كڕین و فرۆشتنی چه‌ك، قوماركردن، دراوی ئه‌لیكترۆنی، ڕێكلامكردن بۆ جگه‌ره و مادده كحولییه‌كان، توندوتیژیی خێزانی و هه‌ڕه‌شه‌كردن و توندوتیژیی ئاژه‌ڵی، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات ئێستە بەشێک لە تاوانەکان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوه دەکرێن، به‌پێی مادده‌ی ٢ له یاسای ژماره‌ی ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی په‌رله‌مانی كوردستان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، كه سزاكه‌یان بریتییه له به‌ندكردن له شه‌ش مانگ بۆ پێنج ساڵ، به‌پێی جۆر و توندیی تاوانه‌كه.
به‌پێی به‌دواداچوونێك له سنووری شاری هه‌ولێر ساڵانه ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەیسی تاوانی ئه‌لیكترۆنی ڕوو دەدەن، بەڵام گوته‌بێژ‌ی پۆلیسی پارێزگەی هه‌ولێر کەمبوونەوەی ڕێژەی جۆری تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بەڕێژەی ٦٠٪ لە چەند ساڵی ڕابردوو هۆشیاریی کۆمەڵگەی لە پشتەوەیە. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه به‌شێك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هه‌ولێر بەناوی «تاوانه ئه‌لیكترۆنییه‌كان» کراوەتەوە، له‌و به‌شه هێڵێكی گه‌رم هه‌یه و هاوکاریی ئەو کەسانە دەکات کە کێشەی خێزانی یان کۆمەڵایەتییان هەیە و پێویستیان بەهاوکارییە.
دانا له‌تیف قوتابیی دكتۆرا له كۆمه‌ڵناسی پێی وایه كاریگه‌رییه‌كانی بێ سانسۆریی سۆشیال میدیا هه‌مه‌چه‌شنه، به‌ڵام پێش هه‌ر شتێك هۆكاری سه‌ره‌كیی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه گەنجی كورد کاتێک بەبێ سانسۆر دەچێتە ناو جیهانی دیجیتاڵییەوە، تووشی جۆرێک لە نامۆبوون و فره‌جەمسەری کولتووری دەبێته‌وه.
دەشڵێت پاکێجی خێزانی چارەسەری ڕیشەیی نییە، بۆ ئەوەی گەنج پارێزراو بن، دەبێت ستراتیژی خێزان لە كرده‌ى پۆلیسکاری و کۆنترۆڵکردنی مۆبایلەکەوە بگۆڕێت بۆ پەروەردەکردن.
ڕەنگە ئینتەرنێتی خێزانی، پەرژینێکی کاتی بێت لە دەوری باخچەیەکی پڕ لە مەترسی، بەڵام پاراستنی ڕاستەقینە لە پەرژینەکەدا نییە، بەڵکو لەو هۆشیارییە دایە کە ڕێگە بەمرۆڤ دەدات خۆی جیاکاری لە نێوان باشە و خراپەدا بکات. حکوومەت دەتوانێت کلیلی ماڵپەڕەکان بگرێتە دەست، بەڵام کلیلی پەروەردە هەر لە دەستی خێزاندا دەمێنێتەوە.