خێروبێری پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە سووتانی ماڵان بە ڕێژەی %59 کەم بووەتەوە
خێروبێری پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە سووتانی ماڵان بە ڕێژەی %59 کەم بووەتەوە
January 15, 2026

لە چەند دەیەی رابردوودا، شۆرتی کارەبا تەنیا زاراوەیەکی تەکنیکی نەبوو، بەڵکو مۆتەکەیەک بوو شەوانە خەوی لە چاوی خێزانەکان دەزڕاند. ئەمەش بەهۆی تێکەڵبوونی چەندین وایەری موەلیدە ئەهلییەکان و موەلیدەی ماڵان و كارەبای حكومی، سەرباری ڤۆڵتییەی ناجێگیر و لۆدی زۆر لەسەر محاویلەی كارەبای گەڕەكەكان، ئەمانە ماڵەكانی هەولێریان ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەردەوام دەكردەوە.
بەڵام دوای جێبەجێكردنی پرۆژەی رووناكی، دیمەنەکە گۆڕا، نوێترین ئامار وەرچەرخانێکی گەورە لە پەیوەندیی نێوان دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری و پاراستنی ماڵان لە سووتان دەردەخات، ئێستا پرۆژەی رووناكی چەند سوودی بۆ ڕووناككردنەوەی شارەكان هەیە، هێندەش بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
ئەو پرۆژەیە كە وەک شۆڕشێکی بێدەنگ لە کەرتی خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی كوردستان دەركەوت، وای كردووە لە ماوەی ساڵی رابردوودا رووداوی سووتانی ماڵان بە ڕێژەی ٥٩٪ دابەزی. ئەمەش تەنیا ژمارەیەك نییە لەسەر کاغەز، بەڵکو چیرۆکی سەتان ماڵە کە چیدی بەهۆی پچڕانی کارەبا و شۆڕتی موەلیدەكانەوە ڕووبەڕووی مەترسی نابنەوە.
شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بۆ (گڵکەند) باسی گرنگیی پڕۆژەی رووناكیی دەكات و دەڵێ “لەوەتەی كارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین كراوە، سووتانی ماڵان لە سنووری هەولێر بەهۆی شۆرتی کارەباوە بە ڕێژەی %٥٩ کەمی کردووە”.
کەمبوونەوەی سووتان تەنها لە ماڵاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو ڕووداوەکانی سووتانی گۆڕەر و مۆلیدەش بە ڕێژەی ٧٠% کەمی کردووە، ئەمەش لۆدێکی زۆری لەسەر تیمەکانی بەرگریی شارستانی کەم کردووەتەوە.
ئامارە بەراوردکارییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی ساڵی ٢٠٢٥ و ساڵی ٢٠٢٤، دیمەنێکی ڕوونتر لە کاریگەریی پڕۆژەکە دەخەنە ڕوو.
کۆی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٢٢٠٦ ڕووداو بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ تەنها 732 ڕووداو دابەزیوە.
بەپێی ئامارەكان، هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی ساڵی رابردوو، کەمتەرخەمی بووە (٢١٤ ڕووداو)، شۆرتی کارەباش بە ١٨٩ ڕووداو لە پلەی دووەمدا دێت، کە ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەمساڵ هیچ ڕووداوێکی سووتانی قوتابخانە، بەشە ناوخۆییەکان، پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل، پەرستگە و کۆمپانیاکان تۆمار نەکراوە، کە ئەمەش نیشانەیەکی بەهێزی باشتربوونی سەلامەتییە.
ئەم داتایانە بە ڕوونی نیشان دەدەن کە چۆن دابینکردنی کارەبای بەردەوام و جێگیر، بارزۆریی لەسەر تۆڕی کارەبا کەم کردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ڕێژەی سووتان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

هۆکارە تەکنیکییەکان و کاریگەریی ڕووناکی
ڕێباز محەمەد ئیسماعیل، شارەزای کارەبا، لەبارەی هۆکارە تەکنیکییەکانی شۆرت و ئاگرکەوتنەوەکانەوە بۆ (گڵکەند)، ئاماژەی بەوە دا کە هۆکاری سەرەکیی شۆرت و ئاگرکەوتنەوەکان زۆربەی بۆ شلبەستنـی کێبڵ و وایەرەکان دەگەڕێتەوە. هۆکارێکی دیکە بریتیە لە خستنەسەری باری زۆر (Load) لەسەر سرکێتەکان بەبێ ڕەچاوکردنی تواناکەیان.
ئیسماعیل ڕوونی کردەوە کە پێشتر کێشەیەکی گەورە هەبوو بەهۆی کارەبای مۆلیدەوە، چونکە ڤۆڵتییەکەی جێگیر نەبوو، جاری وا هەبووە ڤۆڵتییە دەگەیشتە ١١٠ ڤۆڵت لە کاتێکدا ئامێرەکان ٢٢٠ ڤۆڵتن، واتە ڤۆڵتییەی تەواوی نەدەدا، بەڵام، وەک ئەو شارەزایە دەڵێت «لەگەڵ کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکی، کێشەکان و حاڵەتەکانی سووتان زۆر کەمتر بوونەتەوە، چونکە ئێستا یەک سیستەمە و بەردەوامە، پچڕانی تێدا نییە، ئەمەش دۆخەکەی زۆر باش کردووە”.

ئارامیی هاووڵاتییان و کۆتایی بە دڵەڕاوکێ
کاریگەریی پڕۆژەکە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت. عەلی شوان، دانیشتووی گەڕەکی شادی، بە دڵخۆشییەوە باسی لە گۆڕانکارییەکان کرد. بە (گڵکەند)ی گوت «پێشتر هەموو کاتێک لە دڵەڕاوکێدا بووین، بەتایبەت لە زستانان و هاوینان کە بارگرانی لەسەر کارەبا زۆر بوو. چەندین جار وایەری مۆلیدەکەمان شۆرتی دەکرد و دەبووە هۆی سووتانی ئامێرەکانمان، تەنانەت جارێکیان نزیک بوو ماڵەکەمان بەتەواوی ئاگر بگرێت و تووشی کارەسات ببین».
ئەو هاووڵاتییە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پڕۆژەی ڕووناکی کۆتایی بەو ترسە هێناوە «لەو کاتەوەی پڕۆژەی ڕووناکی هاتووەتە گەڕەکەکەمان، ئەو وایەرە ترسناکانە لادران و کارەباکەمان بووەتە یەک هێڵی جێگیر. ئێستا نەک هەر تێچوومان کەمتر بووەتەوە، بەڵکو بە شەوان بە دڵێکی ئارام دەخەوین و چیتر ترسی ئەوەمان نییە کە بەهۆی شۆرتی کارەباوە کارەساتێک ڕوو بدات”.

پلانی تۆکمەی حکومەت
بەرگریی شارستانیی هەولێر، جگە لە سوودوەرگرتن لە پڕۆژەی ڕووناکی، چەندین هۆکاری دیکەی بۆ کەمبوونەوەی ڕووداوەکان خستووەتە ڕوو. لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دابینکردنی کارمەند و کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەوەی زوو بگەن بەسەر ڕووداوەكاندا و كارەسات دوورخەنەوە. لە لایەكی دیكەشەوە پەیڕەوکردنی سیستمی ستانداردی جیهانی (NFPA)، کردنەوەی خولی پشکنین بۆ کارمەندان، ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو شوێنانەی کە فەرامۆش کرابوون وەک باڵەخانە و مۆڵەکان، مەشق و ڕاهێنانی بەردەوامی تیمەکان و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە ڕێگەی کەمپین و خولەکانەوە، هەموویان فاکتەری یارمەتیدەر بوون.
پڕۆژەی ڕووناکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی بەرگریی شارستانی، پێکەوە دۆخێکی نوێی سەلامەتییان لە هەولێر دروست کردووە و ڕووداوە کارەساتبارەکانیان کەم کردووەتەوە و بووەتە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.

جیاوازی ئامارەکانی ئاگركەوتنەوە لە نێوان ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved