ئامادەییی کوردستان لە مێژووی خوێندنی هەولێردا، ناوێکی ئاسایی نییە، هێمایەکی پڕشنگدار و یادەوەرییەکی زیندووی نیو سەتە خزمەتە. ئەم مەڵبەندە زانستییە تا ئێستە پارێزگاریی لە ناوبانگە زێڕینەکەی کردووە و وەك هیوای قوتابیان ماوەتەوە. لەسەر تابلۆی ئامادەیییەکە ساڵی ١٩٧٠ وەک مێژووی دامەزراندن نووسراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم قوتابخانەیە میراتی (ناوەندیی هەولێری کوڕان)ە، کە مێژووی دامەزراندنی بۆ ١٦/١٠/١٩٥٧ دەگەڕێتەوە، سەرەتا لە باڵەخانەی (خانەی مامۆستایانی سەرەتایی) بەجیاکردنەوەی ١٩٧ قوتابی لە دواناوەندیی هەولێری کوڕان، دامەزرا.
ساڵی ١٩٥٩، بەهۆی زیادبوونی قوتابیان، قوتابخانەكە گوازرایەوە بۆ باڵەخانەیەکی نوێ (شوێنی ئێستەی ناوەندیی کۆماری) و دواتر لە ١٩٦٢ پاشکۆیەکی لێ جیا کرایەوە و کرایە (ناوەندیی کۆماری). تاوەکو ساڵی ١٩٦٩ وەک ناوەندیی هەولێری کوڕان مایەوە، پاشان کرایە دواناوەندی و لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٠ گوازرایەوە بۆ باڵەخانەی ئێستەی ئامادەییی کوردستان.
لە ١٩٧٢-١٩٧٣دا، کاتێک بڕیار درا بکرێتە ئامادەیی، مشتومڕ لەسەر ناوەکەی دروست بوو. مامۆستا مەدحەت محەمەد سەفوەت بەڕێوەبەری ئەوسا، پێشنیازی ناوی (اعدادیة شرقیة)ی کردبوو، بەڵام قوتابیان ڕەتیان کردبووەوە.
سەبارەت بەم ڕووداوە، عەبدوڵڵا زەنگەنە بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە ”ناڕەزایەتییەکە لەناو قوتابخانە دەستی پێ کرد، ژمارەیەک قوتابیی چالاک وەک عوسمان دەشتی، سلێمان قادر، کاردۆ گەڵاڵی و شوان ئەنوەر لە گۆڕەپان گرد بوونەوە و دژی ناوی شەرقیە وەستانەوە، دەیانگوت ئێمە لە سەردەمی بەیاننامەی ١١ی ئادارین و دەبێت ناوەکە کوردی بێت، داوایان دەکرد ناوەکە بکرێتە (کوردستان، نەورۆز یان کاوە). منیش لە دەرەوەی قوتابخانە بارودۆخەکەم بۆ مامۆستا عەبدولڕەحمان ئەمین ڕوون کردەوە.“
لێرەوە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی مامۆستا عەبدولڕەحمان ئەمین ساڵح ئەلسەعدی دەردەکەوێت، دوای ئەوەی عەبدوڵڵا زەنگەنە پەیام و نیگەرانیی قوتابیانی پێ گەیاندووە، ئەویش لە ڕێگەی جەودەت ئەحمەد ناجی چووەتە پارێزگە، خالید عەبدولحەلیم پارێزگاری ئەو کاتی هەولێری بینیوە.
لەم بارەیەوە عەبدولڕەحمان ئەمین بۆ (گڵكەند) گوتی ”هەرچەند خالید عەبدولحەلیم عەرەب بوو، بەڵام دۆستی کورد بوو، ڕۆڵی باشی لە بەیاننامەی ١١ی ئاداردا هەبوو. کاتێک زانی خزمایەتیم لەگەڵ عەلی ساڵح سەعدی هەیە كە ساڵی ١٩٦٣ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق بووە، پێشوازییەكی گەرمی لێ کردم و ڕەزامەندیی لەسەر داواكارییەكەم دەربڕی، بە تەلەفۆن بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێری ڕاسپارد کە ناوی قوتابخانەکە بکەنە ئامادەییی کوردستان.“
هەواڵی ناونانەكە بووە مایەی دڵخۆشیی قوتابیان. شوان ئەنوەر قوتابیی ئەوسای قوتابخانەکە کە لە گردبوونەوەکەدا بەشدار بووە، بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”هێشتا فەرمانی فەرمیی نەگەیشتبوو، ئێمە لە خۆشیدا تەختەڕەشێکمان هێنا و لە جیاتیی ئامادەییی کوردستان، بە هیواوە لەسەرمان نووسی (زانکۆی کوردستان)، بەو ئاواتەی ڕۆژێک دابێت ئەم ناوەندە ببێتە بناغەی زانکۆیەک.“
لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢، بەفەرمانی ژمارە (٣٥٤٠٢/٦)ی پەروەردە، ناوی ئامادەییی كوردستان بە فەرمی جێگیر کرا، دەستەی کارگێڕی بەسەرۆکایەتیی مەدحەت محەمەد سەفوەت و یاریدەدەرێتیی مەکی محەمەد و عەبدولحەمید ئیسماعیل دەستبەکار بوون. مامۆستایانیش پێک هاتبوون لە عەبدوڵڵا بەکر، حیسام داود، کەمال حسێن، عەبدولڕەحمان ئەمین، ئەمین محەمەد، موەفەق عەبدولعەزیز، عارەب حسێن، پۆڵس یەعقوب، فایەق تۆفیق، نەجیب عەبدولڕەحمان، خەلیل ئیبراهیم، عەبدوڵڵا سەعید، قاسم عەبدوڵڵا، موحی مەحموود، عەبدولخالق یاسین، عەبدولڕەحمان ئەحمەد و تەڵعەت مامە کەریم.
ئامادەیییەکە و دواناوەندییەکەی پێش خۆی، سەرەتا هەردوو بەشی زانستی و وێژەییی لەخۆ دەگرت. یەکەم کاروانی دەرچووانیش لە (١٩٧١-١٩٧٢) بوو، بەڵام لە ١٩٨٦ەوە بەبڕیاری بەڕێوەبەر نازم دەهام و بەهۆی کەمیی قوتابییەوە، بەشی وێژەیی داخرا. هەرچەندە دواتر لە نێوان ١٩٩٧-٢٠٠٧ دوو جاری دیکە بەشی وێژەیی کرایەوە، بەڵام بەردەوام نەبوو.
بەپێی ئامارەکان، لە ١٩٧١ تا ٢٠٢٤ لە ڕێگەی (٥٤) خولەوە، ١١ هەزار و ٣٤٢ قوتابی لەم ئامادەیییە دەرچوون، کە ١٠ هەزار و ٨٥٢یان لە بەشی زانستی بوون.
مامۆستا وشیار مستەفا (بەڕێوەبەری ئێستە)، ئاماژە بەوە دەکات کە قوتابخانەکە، هەزاران پزیشک و ئەندازیار و کەسایەتیی پێ گەیاندووە، تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، سێ وەزیر دەرچووی ئەم ئامادەیییە هەن. دەشڵێت ”بەهۆی بەرزیی ئاستی زانستی و بوونی قوتابیانی ئێمە لە ڕیزبەندیی یەکەمەکان، گوشارێکی زۆرمان لەسەرە و ساڵانە ناچارین ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ قوتابیی نوێ وەربگرین“.
شۆڕشی ڕۆشنبیری و چالاکییە نیشتمانییەکان بەشێکی دانەبڕاو بوون لە مێژووی ئەم قوتابخانەیە. دوای بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و دەستپێکردنی خوێندنی کوردی، قوتابخانەکە بووە مەڵبەندێکی هزری و نەتەوەیی. عەبدولڕەحمان ئەمین، لێژنەی زمانی کوردی لە کۆمەڵێک قوتابیی زیرەک پێک هێنا كە بریتی بوون لە عوسمان دەشتی، دڵشاد عەبدوڵڵا، تاریق حسێن و ڕەهبەر جەلال.
سەرەتا چالاکییەکان بەشێوەی پەخشنامەی دیواری بوون. عوسمان دەشتی دەڵێت ”چوارچێوەیەکمان لە شووشە و دار دروست کرد، ناوی بروسکەمان لێ نا، سێ ژمارەی پەخشنامەی دیواریمان تێدا بڵاو کردەوە“. دواتر بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گۆڤاری (تیشک)ی خانەی مامۆستایان، شێوازەکە گۆڕدرا بۆ گۆڤاری چاپکراو و لە نێوان ١٩٧١-١٩٧٣ سێ گۆڤاری کوردییان بەناوەکانی ڕەهێلە، بیری نوێ، چوارچرا بڵاو کردەوە. لێژنەی عەرەبییش گۆڤاری (البدایة)یان دەرکرد.
سەبارەت بە دەستەی نووسەران، عەبدولڕەحمان ئەلسەعدی سەرۆکایەتیی هەرسێ گۆڤارە کوردییەکەی کردووە و حیسام داود خدریش سەرنووسەری گۆڤارە عەرەبییەکە بووە، ستافی گۆڤارەکانیش بەم شێوەیە بوون:
ڕەهێلە: عوسمان دەشتی (سکرتێر)، ئەندامان (دڵشاد عەبدوڵڵا، تاریق حسێن، ڕەهبەر جەلال).
بیری نوێ: کاردۆ گەڵاڵی (سکرتێر)، ئەندامان (عەبدوڵڵا زەنگەنە، تاهیر حسێن).
چوارچرا: عەبدوڵڵا زەنگەنە (سکرتێر)، ئەندامان (جەلال بەرزنجی، دڵشاد عەبدوڵڵا).
البدایة (عەرەبی): (سکرتێری نەبووە)، ئەندامان (ئەبوبەکر لەشکری، پەترس هرمز، جەنگی جەلال، سەعید فەتاح، عەبدولڕەحمان بەهجەت).
هەرچەندە ئەم گۆڤارانە بە ناو و کاتی جیاواز دەرکراون، بەڵام عەبدوڵڵا زەنگەنە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر سێ گۆڤارە کوردییەکە درێژەپێدەری یەکتر بوون، بە بەڵگەی ئەوەی گۆڤاری (چوارچرا) ژمارە (٣)ی لەسەرە. دەشڵێت «ئامانجمان لە بڵاوکردنەوەیان بەناوی جیاواز، دەوڵەمەندکردنی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بووە».
سەرجەم ئەم گۆڤارانەش لە چاپخانەی (کوردستان)ی گیو موکریانی بە تیراژی (١٠٠٠-١٢٠٠) دانە چاپ کراون و تێچووەکەشیان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارە لە مامۆستایان و قوتابیان دابین کراوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم گۆڤارانە، دڵشاد عەبدوڵڵا (شاعیر و نووسەر) ئاماژە بەوە دەکات کە بابەتەکان بەرهەمی قەڵەمی مامۆستا و قوتابیان بوون و بوارەکانی (مێژوو، زانست، وێژە، شیعر و پەخشان و وتەی ناوداران)یان لەخۆ دەگرت. ساڵی ١٩٧٥یش گۆڤارێک بەناوی (کاروان) دەرچوو کە تەنیا یەک ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە.
دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ و فشارەکانی بەعس، چالاکییەکان کەم بوونەوە و قوتابیان ڕووبەڕووی گرتن و کوشتن بوونەوە. لە ماوەی ١٩٧٥-١٩٩١ چوار قوتابی شەهید کران: قادر ساڵح ئیسماعیل/ لەسێدارەدان ١٩٧٥، نەوزاد خدر ئەحمەد/ تەقینەوە ١٩٨٢، ئەحمەد وسوو عەزیز/ ئەنفال ١٩٨٨ و ڕزگار ڕەسووڵ حەمید/ ڕاپەڕینی ١٩٩١.
دوای ئەوەش هەوڵە ڕۆشنبیرییەکان نەوەستان، لە ١٩٨٦ کارگێڕی ئامادەیییەکە لە پێناو گەشەپێدانی توانای قوتابیان و مامۆستایان هەوڵی فراوانکردنی کتێبخانەکە و زیادکردنی ژمارەی کتێبەکانی دا، مامۆستا نازم دەهام کە لە ١٩٨٦-١٩٩٣ بەڕێوەبەری ئامادەیییەکە بووە، دەڵێت ”لەم ماوەیەدا توانیمان ژمارەی کتێبەکانی ئامادەیییەکەمان بۆ چوار هەزار و ٣٠٠ کتێب بەرز بکەینەوە، ئەمەش ڕۆڵی گرینگی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستیی قوتابیان هەبوو“.
دوای ساڵانێکی زۆر و لە بەهاری ٢٠٠٦دا، گۆڤارێکی دیکەی ڕۆشنبیری بەناوی (چرا) لە ئامادەیییەکە دەرکرا، کە ئەویش تەنیا یەک ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە. ستافی گۆڤارەکە بەم شێوەیە بوو: هەینی قادر خدر/ سەرنووسەر، دەستەی مامۆستایان ساڵح قادر، محەمەد ئەحمەد، ئیحسان سابیر، باغەوان مەجید، موزەفەر فەهد، عەبدولسەمەد محەمەد، دەستەی نووسەران ئازا موکریانی، ئاری کەرکووکی، بەرزان عەلی، بەڵێن کەمال و جووتیار سوڵتان.
مامۆستا هەینی قادر، سەبارەت بەئامانجی گۆڤارەکە دەڵێت ”جگە لە دروستکردنی جموجۆڵی ڕۆشنبیری و خوێندنەوە لەناو قوتابیان، مەبەستمان زیندووکردنەوە و درێژەپێدانی ئەو مێژووە پڕشنگدارەی حەفتاکانی ئامادەیییەکە بوو لە بواری دەرکردنی گۆڤار و گەشەپێدانی توانای قوتابیان هەبوو.“
بەدرێژاییی مێژووی ئەم ئامادەیییە، ٢٩٩ مامۆستا بە شێوەی هەمیشەیی یان کاتی وانەیان تێدا گوتووەتەوە. لە ڕووی بەڕێوەبردنیشەوە، لە قۆناغی ئامادەیییەوە تا ئێستە ١٤ بەڕێوەبەر ئەرکی سەرپەرشتیارییان لە ئەستۆ بووە، ئەوانیش مەدحەت محەمەد سەفوەت، مەکی محەمەد فەتاح، جەلیل سابیر، محەمەد عەبدولڕەحمان، نازم دەهام، سەڵاح عەبدوڵڵا، جەمیل عیسا، شێرکۆ فەتحوڵڵا، ئاراس نەجمەدین، ولیەم تۆماس، هەینی قادر، نەجات کاکە حسێن و عامر سەلاح بوون. لە ٢٠١٦ـەشەوە تا ئێستە، مامۆستا وشیار مستەفا بەڕێوەبەرە.