یۆخەنا زیا
یۆخەنا زیا
January 15, 2026

یۆخەنا زیا گۆرگیس، مەساحێکی شارەوانیی هەولێر بوو، کە من چووم لەوێ بوو. دەمزانی ئاسووریی بادینانە، کلدانیی عەنکاوە نەبوو، دهۆکی بوو، چەپیش بوو، یەکەم دامەزراندنی لە شارەوانیی هەولێر بوو، بەڵام ماڵی نەهێنابووە عەنکاوە، چەند ساڵ بوو وەک میوان لە ماڵی پۆڵسی هاوپیشەی دەمایەوە، برایانە وەک میوان؛ دەیخوارد، دەنووست، شەوانەش دەیخواردەوە.
ژن و منداڵەکانی لە دهۆک بوون، پاش نیوەڕۆیانی هەموو پێنجشەمەیەک بە تاکسی، دوایی بە ئۆتۆمۆبێلە تایبەتییە نوێیە ‹‹میتسوبیشی››یەکەی دەچووە دهۆک، دوو شەوان لە ماڵەوە دەمایەوە، بەیانیی شەمووان زوو و چالاک دەگەیشتەوە دەوام، لەو کاروانانە بێزاریش نەدەبوو، ماندووبوونیشی پێوە دیار نەبوو.
یۆخەنا مەساحێکی زیرەک، نەرم و بەڕێز بوو، دەنگی نەدەهات، کە پێکەوە بۆ کاروباری پیوان و نەخشەسازییەکان دەچووینە شارۆچکە دوورەکان، بەدرێژاییی ڕێگە لەناو پیکەبە داتسۆنە تەسکە گەرمەکە، لاوکی بادینیی بۆ دەگوتم، لاوکبێژێکی تەواو بوو، زۆری دەزانی، دەنگیشی خۆش بوو، هەناسەیەکی درێژی هەبوو.
چەند ساڵ، ئەوەندەی لەگەڵ ئێمە بوو، چاکێتێکی خوریی ئەستووری خەت خەتی باشی مارکەی ئۆرزدیی باکی لەبەردا بوو.
شەوانە بە بەردەوامی عەرەقی قاچاغی دەخواردەوە، سەرخۆشیش نەدەبوو.
لە سەرەتای دامەزراندنم زۆر وردەکاریی ڕووپێویی فێر کردم، زۆریش پێکەوە بەئیفاد دەچووینە پیوانی شارۆچکەکانی وەک دیبەگە، پیرمەم، زۆر شوێنی تریش، منی زۆر خۆش دەویست.
لە سەردەمی ڕژێم دۆستایەتیی لەگەڵ پیاوانی حزبی و حکوومەت نەدەکرد، لێیان نزیک نەدەبوو، بەردەوام لە دەرەوەی دائیرە بوو، بیانووی دەدۆزییەوە بڕوات، لەناو دائیرە نەبێت، کەم و زۆر باسی سیاسەتی نەدەکرد، بەڵام دیار بوو دەسەڵاتی بەعسی خۆش نەدەویست.
ئێوارانیش لەناو گەڕەکەکانی هەولێر، هەردوو ناوچە پیشەسازییەکەی، ناو کارگەکانی تازە دروست دەکران، زۆر کاروباری ڕووپێوییی دەکرد، ئیشەکانی ورد و تەواو بوون، خەڵکەکەش متمانەی زۆریان پێ بوو.
پێش ڕاپەڕین خانەنشین بوو، چووە زێدی خۆی و کن منداڵەکانی، لەوێ خانوو و بەرژەوەندیی هەبوو، گوتیان؛ لەناو دهۆک کاری کڕین و فرۆشتنی زەویوزاری دەکرد، زۆریش بۆ خزمە ئاسوورییەکانی موڵکی دەکڕی و دەفرۆشت، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات بوون، بووبووە جێگەی متمانەی هەمووان.
بەو کارانە زۆریش دەوڵەمەند بووبوو، پاش ڕاپەڕین لەگەڵ بزووتنەوەی ئاشووریش هاوسۆز بوو، زوو مرد، ڕۆحی شاد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved