ساڵی ١٩٦٦ ماڵمان لە سەیداوەوە بۆ خانووە میرییەکانی كۆڵانی عارەبان باری کرد، پێنج خانوو بوو، لای ڕاستمان پیاوەکە سەید زادە و ژنەکەشی عارەبی مووسڵ بوو، ئەوی دیکە خوشکێک و دوو برای هەولێری، لای چەپیشمان ژنێکی قەڵاتی بوو، کە کوردیی باش نەدەزانی، بەڵام منداڵەکانی کوردییان دەزانی، ماڵی چوارەمیش برایەک و سێ خوشکی دیانی کوردینەزان بوون.
چوومە پۆلی سێیەم لە قوتابخانەی شێخی چۆلی، كە پێش ١٩٦٩ ناوی (ئەلنەهزە) بوو و دواتریش بووە (بۆتان)، لەوێ چەندین شێوەزار و ئاخاوتنم دەبیست.
مەحموود وەلی بە تورکمانی قسەی لەگەڵ چەند هاوپۆلێکی دیکەم و چەند قوتابییەکی دەشتەکی دەكرد، كە ماڵیان لە نزیک منارەی چۆلی بوو، بە کورتەک و شەرواڵی مرادخانی دەهاتنە قوتابخانە.
لە خانووەکانی محەتەی شەمەندەفەریش پۆلێک قوتابی دەهاتن کە باوکیان کرێکار و کاربەدەست و خزمەتگوزاری هێڵی ئاسن بوون، چەندین هۆز و قەبیلەی کوردی لە زاخۆوە تا خانەقینی لێ كۆ بووبووەوە، سوننە و هەندێ ماڵی شیعەشی لێ بوو، یەزیدی و کاکەیی و سابیئی و عەرەبیش لەوێ دەژیان، چەندان ماڵە كریستیانی لێ بوو، کلدانی و ئاشووری و ئەرمەنییش، بۆیە منداڵەکانی محەتە زۆربەیان چەند زمانێکیان دەزانی و تێی دەگەیشتن، زۆربەیان لە قوتابخانەی بۆتان و خەبات بوون.
من جگە لە مەحموودی تورکمان، هاوپۆلی نەجیب و فەهمی قاقۆزی کلدانی و ڕۆستەم گەرەبێتی ئەرمەنی و ڕۆمیۆجان بووم، لەگەڵ چەندان قوتابیی دیکەی کورد و عەرەب، وەک برا دەژیاین، ڕۆژێک لە ڕۆژان ناکۆکیمان نەبوو، لێک زویر نەدەبووین، لە کاتی جەژنی كریستیانەكان خەنی دەبووین، هێلکەی کەسک و سۆریان بۆ دەهێناین، لە کاتی عاشوورا تێر تێر هەریسە و شیوی عاشوورامان دەخوارد، کە دایکیشم ساواری دەکوڵاند، هاوپۆلەکانم و برادەرانی کۆڵان تێر دانوو دەبوون، ناوە ناوەش دایکی کامەرانی کە خەڵکی مووسڵ بوو، بەسەری دەکردینەوە بە کوبە خۆشەکەی مووسڵ و کولیچە و بوڕمە.
لە کاتی ئاهەنگی ژنگواستنەوەی خزمە تورکمانەکانی كۆڵانی عارەبان، دەچووینە دیار ئەگلەنجە و قۆریاتەکان، دەمەوعەسرانیش دەمبینی باوکی ڕەحمەتیم بە جلکی مەلایەتی لەگەڵ قەشەی کڵێسای كۆڵانی عارەبان بە دەم قسە و باس و گفتوگۆوە، بۆ لای محەتە دەچوون، ئەو کات باوکم خەریکی دروستکردنی مزگەفتەکەی بوو، ئەویش دەچوو سەردانی ماڵە كریستیانەكانی محەتەی دەکرد.