دال و گۆپاڵ
دال و گۆپاڵ
January 15, 2026

مامۆستایێ ماڵیان لە گەڕەکی میرپێداوان نزیک کۆلێژ بوو، دالی بە قەد باڵی داڵێ بەخۆوە نابوو. لەسەر بەرگی ئەو کتێبۆچکەی دەیگوتەوە و دەیخوێنـدەوە، (د)ەکەی لە ناوەکەی درشتتر نووسی بوو، لە دوورەوە دیار بوو. لەسەر جانتا چوارگۆشە ڕەشە کلیلدارەکەشی بە خەتێکی درشتی سپی نەخشاند بوو، لە تاریکاییش دەدرەوشایەوە. مامۆستای هۆگرە دال لە دڵی خۆش نەبوو بە مامۆستا گازی بکەیت. کاتێ دەتگۆ: دکتۆر دەتگۆ گوڵبارانی دەکەیت، دەگەشایەوە، بزەیەکی ناسک دەکەوتە سەر لێوی و شاگەشکە دەبوو.
وەبیرم دێ گۆتمە کوڕە گۆگجەلیی هاوڕێم: لە دەستم بێ سێ چوار سەربزنی بۆ دەکڕم و دالەکەشی بۆ دەکەمە گۆمکی گۆپاڵ.
گوتی: بەڕاست پێت وایە لە وانەکەی خۆی کۆڵەوارە؟
گوتم: هەر هێندەی تۆی لێ دەزانێ.
کوڕە گۆگجەلی شەبەک بوو، لە تەمەنی ڕۆژێک کوردیی نەخوێند بوو، وەک زۆری دی دوور لە خواست و ئارەزوو ناوی لە بەشی کوردی دەرچوو بوو.
ڕۆژێ دکتۆری دال گەورەی کتێب بەدەستەوە، ڕستەیەکی درێژی لەسەر تەختەڕەش نووسی و کەوتە شرۆڤە و شیکردنەوەی. کچێ سەرچیخ نەچووبم ناوی نەدووە بوو، ماڵیان لە (ناوقەسران)ی سەیداوە بوو، بە خۆی نەوەستا و لەگەڵی کەوتە مشتومڕ، کچە دەیگۆ: ئەوها نییە و ئەوهایە.
دکتۆر دەیگۆ: ئەوهایە و ئەوها نییە، تۆ هەڵەی.
کچەکە زۆر کەمڕوو و کەمدووش بوو، کۆڵی نەدا و لەسەری ڕۆیشت. ئاکام بەهێنانەوەی چەند بەڵگەیێ سەلماندی خۆی هەڵە نییە و ئەو هەڵەیە، دکتۆر پێی لە هەڵەی خۆی نا. کچە گوتی: ئەدی لۆ چاکی ناکەیتەوە؟
دکتۆر: ئاخر لە کتێبەکە وا نووسراوە.
کچە: ئەدی کتێبەکە خۆت نەتنووسیوە!
دکتۆر وەک پیشەی هەمیشەی پەنای بۆ چەکی پێکەنین برد، بەپێکەنینێکی وا خۆی دەرباز کرد، پۆل لەسەر پشت کەوتن.
نازانم کێ بوو دەیگۆ: پێکەنین چەکێکە ئەگەر کەسێ بەهرەی هەڵگرتنی هەبێ و بزانێ چۆن و چ کات بەکاری دەهێنێ، هەمیشە براوە دەبێ و تێ ناکەوێ.
لەو سەروبەندەی بەرگی (جەیشی شەعبی) بەرگریی میللی بووە بەرگی سەرکزی و دژە میللی، ئەوەی نەیدەپۆشی تووشی دەرکردن و چەرمەسەری دەبوو، لە پڕ دکتۆر بزر بوو. درەنگ پێ کەوتم بە خاوخێزانەوە هەڵاتووە و بە ڕێی ئێراندا گەیشتووەتە ڕووسیا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved