بە دەستی خۆت پشتت بوخرێنە
بە دەستی خۆت پشتت بوخرێنە

تاکی کورد دایمە چاوی لەوەیە یەکێک دەستی بگرێت، یەکێک پشتی لۆ بوخرێنێت. لۆ؟ زۆرینەی بەناو ڕۆشنبیر دەڵێن خەتای حیزبەکانە، ئەوان وایان لە تاکی کورد کرد. یان دەڵێن خەتای مەلا و بانگخوازەکانە، یان خەتای پەروەردەیە. ئەمن دەڵێم خەتای خودی تاکە. تاک هۆشیار بێت، حیزب و مەلا و مامۆستا حەدیان چییە فێڵی لێ بکەن. ئەوەش دەڵێم حیزبی دەسەڵاتدار و مەلا و سیستمی پەروەردە پڕ بەپێستی ئەو خەڵکەن، سەرو زیادیشن.
تاکی کورد حەز ناکات ئیش بکات و ماندوو بێت، ئامانجی نییە. حەز دەکات لە پڕێک ببێتە کوڕێک. ئەوێ ڕۆژێ بازرگانێکی هاوڕێم، کە کوڕە هەژارە و خۆی خۆی پێ گەیاندووە، گلەییی لە کارمەندەکانی خۆی کرد و گوتی هەتا ئیشێکی لۆ دەکەن دەبێ دەمەک گەروگونیان هەرپشێوێت و بەسەریاندا هەربرێت. گوتی هەموو قەلبیان کلاواتە، نیو سەعات خۆیان بە دەستنوێژ دەگرخێنن، یان هەفتەی سێ جار دایکی یان منداڵی یان ژنی نەخۆشە و دەڕوا. گوتی ئەگەر بەخۆم لەوێ نەبم، ئیشەکە سەقەت دەکەن. پرسی، ئەرێ لە دەرێش وایە؟
نەخێر لە دەرێ وا نییە. پیاوم دەوێت خۆی بگرخێنێت، یان ئیشەکەی بە فشە بکات. جارەک یان دووان ئاگەداری دەکەنەوە، سەری سێیەی شاپەکی لێ دەدەن و دەری دەکەن، چونکە هەزاری دی مەمنوونە ئەو ئیشە بکات. ڕۆژێک لە ئەمریکا مامۆستای منداڵەکانم لە قوتابخانە گلەییی لە مووچەکەی کرد گۆیە کەمە، بەس دوایی هەر بەخۆی سوپاسی خوای کرد ئەو ئیشەی هەیە، گوتی لەم شارە بچووکەدا، بە سەتان مامۆستا مەمنوونە ئەو ئیشەی منی هەبێت.
کورد دەڵێ بە دەستی خۆت پشتی خۆت نەخورێنی، فایدەی نییە، بەڵام تاک هەیە دەیەوێت پشت بە خۆی ببەستێت و لێ ناگەڕێن. ئەوێ ڕۆژێ برادەرێکم (ئەندازیاری نەفتە و ئەزموون و شارەزایییەکی باشی هەیە لە کێڵگەی نەفت کەچی وا لە ماڵێ بێ ئیش دانیشتییە)، گوتی حیزب کۆنترۆڵی پۆستەکانی کۆمپانیاکانی نەفتی کردییە، ئەوە چەندین جارە تەقدیم دەکات، وەری ناگرن. گوتی زۆربەی پۆستە گرینگەکان بە دەستی هیندی و عەرەب و ئەوروپییەکانەوەن کە نیوەی ویش لە ئیشەکە نازانن. باشە ئەدی چ لەوە دەکەی؟ ئەو حاڵەتانە زۆرن. بەداخەوە. ئەوە بەس بەسەرۆکی حکوومەت چارەسەر دەکرێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved