پلكه ئامینه عه‌لى ئه‌بابه‌كر (زاینه‌ى ١٩٣٠) فه‌ڕڕاش بوو له قوتابخانه‌ى باداوه‌ى سه‌ره‌تاییی كچان، به‌درێژاییی مامۆستایه‌تیم له‌و قوتابخانه‌یه (له مانگى شه‌شى ١٩٨٩ تا مانگى ده‌ى ١٩٩١) و به‌پێى ده‌رفه‌ت و گه‌ڕان و كۆكردنه‌وه، به زاراوچه، به‌رهه‌مدار بووم.
پلكه ئامینه‌ی كارمه‌ند ئافره‌تێكى چاپووكه و له دێهات و ژینگه‌ى پێشترى خۆى، شاره‌زایییه‌كى ته‌واوى هه‌یه. لێره بژارده‌یێك له‌و زاراوچه و ئدیۆمه‌كانى، به‌رچاو ده‌كه‌ین و تێیدایه‌تى: له فه‌رهه‌نگى چاپكراو تۆمار نه‌كراون، ئه‌گه‌ریش هه‌یبێ، ئه‌وانه‌مان جیایى و زێده ڕاڤه‌یه‌كى تێدایه، ئى ئێره به‌شه زاراوچه‌یه‌كن، له ده‌مى خۆیه‌وه وه‌رگیراون و تۆمار كراون:
ئاوخۆره: ئه‌وه كه‌سێكه به‌خێزانه‌وه، ئه‌گه‌ر ناچارى بێ یا هه‌ر هۆیه‌ك بێ، هاتووه و له گوندان دانیشتووه و هیچ موڵكى نییه، هه‌نده‌ك هه‌یه زۆر فه‌قیره (به‌س ـ ئاو ـ هه‌یه بخواته‌وه)، هه‌یشه به‌قه‌ده‌ر حاڵى خۆى مه‌ڕى هه‌یه، یان مه‌ڕى زۆره به‌ڵان به‌پێى زاراوه‌ى به‌كارهاتووى ئه‌و وه‌ختى، هه‌ر ده‌كا (ئاوه‌خۆره)یه، چونكه عه‌ردى نییه، هه‌نده (ئاوه‌خۆره) له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى گونده‌كه، تووشى ناخۆشییه‌ك ده‌بى و له ئه‌نجام ده‌رده‌كرێ، یان خۆى بار و گوزه‌رانى له كورتى ده‌دا، جا بار ده‌كا و ده‌چێته گوندێکى دیكه، ئاوخۆره‌ش هه‌یه زیندییه، ژن و ژنخوازى ده‌كا و عه‌ردیش په‌یدا ده‌كا.
ئاوخۆره، زاراوه‌یه‌كى چینایه‌تییه و چه‌ند ده‌ساڵێك ده‌بێ نه‌ماوه، بۆ سۆسیولۆژیاى گوندان ده‌شێ باسى بكرێ.
باتمان: لۆ كێشانى تووتن ـ په‌نیر ـ ئارد و هاوشێوه‌یان، به‌كار دێ. قورساییى باتمان له ده‌شتى هه‌ولێرێ (٥) كیلۆ و دوو وه‌قه‌یه. ئى ده‌شتى كۆیه (٦) كیلۆ و دوو وه‌قه و نیوه.
بنكه‌وێ: پۆشاكى بن كه‌وێ شێوه‌ى له (سوخمه)ى ده‌كرد، به‌ڵام سوخمه‌ش نه‌بوو، وه‌كى چاكه‌تۆكه‌ك بوو، له‌بۆ خۆگه‌رمكردن زستانان ژن له‌به‌ریان ده‌كرد، قۆڵێكى كورتى هه‌یه و له ژێر كه‌واوه له‌به‌ر ده‌كرا.
پاكه‌ت: خۆى پێنج فیشه‌كى بڕنۆیه، (فیشه‌ك به گولله‌وه و نه‌ته‌قیوه) له هه‌موو جێیه‌ك كێشانى له ته‌رازوو، وه‌ك یه‌كه و عه‌دلتره، له گونده‌كانى ده‌شتى هه‌ولێر و ده‌شتى كۆیه، حه‌فت پاكه‌ت سێ كیلۆ و نیوه، له كنه مه له گوندى (كانى قەڵات ـ قه‌رات) سه‌ر به كۆیه، ده‌یانگۆ فیشه‌كى (قۆرخان) كێشه‌كى ڕاسته.
په‌ڵه: ـ په‌ره ـ بارانه و ده‌بى له‌ناو پایز په‌ڵه بدا، ته‌ڕاییی بسته‌ك و زیاتریش، به‌عه‌ردیدا بچى ئه‌وه په‌ڵه‌یه، گاسنى جۆتكردنیش ده‌بى، بێ ته‌گه‌ره زه‌وى هه‌ڵبدڕى.
پلكه پێناو: ئه‌و ژنه‌یه كه قسه‌ى مه‌عبه‌ینى دوو دڵدار، ده‌ینى و ده‌با و له‌بۆ به‌یه‌کگه‌یشتنى كوڕ و كچه‌كه له فڵانه جێ، ئه‌وه جێژوانى پێ ده‌ڵێن، كوڕه‌ى لاو له جیاتیى ئه‌و خزمه‌ته‌ى، شتێك وه‌ك پاره‌یه‌كى كه‌م ده‌داته پێناوه‌كه. ئه‌و ئیشه پێش هاتنی مۆبایل بوو، پاشانیش ده‌ورى پلكه پێناو نه‌ما و شتى ئاسانتر په‌یدا بوو.
(له سه‌ربوورده‌ى دڵدارانه‌ى ناو كورده‌وارى پیره‌ژنى پێناو هه‌بوو، هه‌روه‌ها له ده‌گمه‌ن جارى وا پێناوی ڕێخۆشكه‌ره بۆ ڕه‌دوو كه‌وتن).
پونگه: پونگ، ده‌یانكوڵاند تا ده‌بووه چیڕچیڕۆكه، وه‌كى هه‌ویرى لێ ده‌هات، پاشى نه‌رم نه‌رم له برینى لاڕه‌شه‌یان هه‌ڵده‌سوى.
ته‌شى: لێم پرسى، نووسراوه و ده‌ڵێن: (ته‌شى ڕستن به شه‌و گوناحه) پلكه ئامینه، گوتى: گێبیست بوویمه، نازانم لۆ، دیتیتم ژن به‌شه‌و ته‌شى ده‌ڕێسى، به‌خۆم گوێم نه‌دایتێ به شه‌و ڕێستیتم!
جه‌نجه‌ڕ: ته‌نیا بۆ كوتینى درواوه‌ى گه‌نم و جۆیه، بۆ برنج و شتى وا نابى، زیاتر زه‌لام سوارى جه‌نجه‌ڕه و ده‌یگێڕى، گۆتم ئه‌دى ژن، نه‌مدیتییه، ژن و كیژى جحێڵ له‌و ده‌وروبه‌ره، ئیشه‌كى سووكترى پێ ده‌سپێرن، جه‌نجه‌ڕ له جۆره داره‌كى قایم دروست ده‌كرێ، تۆپى باڵته ده‌بى له قه‌دى دارى، وه‌ك (گوێز، توو، قه‌یسى...) بى، هه‌نده وه‌خت له پێویستی و به‌رده‌ست نه‌بوون، له ئه‌سپینداریش دروستى ده‌كه‌ن.
سركه‌یى: پۆشاكێكه ژنى ساره‌یى له سه‌رى ده‌نێن.
شلیف: لاى عاره‌ب چه‌ند گوشێك لێك ده‌ده‌ن و بۆ (كا) تێكردن حازرى ده‌كه‌ن، لای خۆشمان ده‌یكه‌ن، كافرۆشه‌كان هه‌یتییان، له كه‌ونه جاجم و گونیه دروست كرایه، بۆ جێى دوور شلیفى كا و قرشه‌یان به لۆرى ده‌كێشاوه، ده‌یاننارده هه‌نده شارى ده‌وروبه‌رمان، له‌وێ زیاتر پاره‌ى ده‌كرد.
قه‌نه‌وز: نه‌خشه درومانێكه بۆ ملیوانه‌ى (یه‌خه) كراسه.
گوڵینگه: خورییه‌كى خاوێن ئاماده ده‌كرێ و به ته‌شى ده‌یڕێسن، پاشان له ڕه‌نگى ده‌نێن، گوڵینگه جۆرى زۆره گه‌وره و هوردۆكه‌شى هه‌یه، بۆ جه‌مه‌دانییه، بۆ هه‌وریی ژنانه، قه‌دیم له پشدێنى ژنان و به‌رامپیل هه‌بوو، لۆ جوانییش ئه‌ولا و له‌ولاى ئه‌سپ و ماینى پێ ده‌ڕازێنن، له تووره‌گه و مڵاكدان گوڵینگه‌ى هه‌یه. كابرایه‌كى هه‌بووى دڵته‌ڕ، كڵاشى سه‌ر به‌گوڵینگه‌ى به كردن ده‌دا. ڕه‌شماڵ له مووه و خۆى ڕه‌نگى ڕه‌شه، چیغه‌كه‌ش به به‌نى ڕه‌ش لێك ده‌به‌سترا، ساحێب ڕه‌شماڵى هه‌بوو، كچى جاحێڵى له ماڵه و پاش ته‌واوكردنى شیردۆشى، به‌گوڵینگه خه‌ریك ده‌بن، بۆ ناو ژوور و له ده‌ره‌وه بۆ سه‌ر چیغ.
لانكژێنى: ژن هه‌یه كابانه، به پێ لانك ڕاده‌ژەنى، به‌ده‌ستیش ئیشه‌كى ناو ماڵ ده‌كا، وه‌ك: له‌سه‌ر سێنى ساوار یا ماش بژار ده‌كاتن. له كورده‌وارى حه‌موو دایكه‌ك لانكژێنه، هه‌شه كۆرپه‌ى خۆى زۆر خۆش ده‌وێ و به‌ڕاژه‌نین و گۆرانى ده‌یخه‌وێنى.
لییلك: لیلك جۆره قه‌میشێكه ناوى پڕ و بته‌وه، لۆ چیغى ده‌ره‌وه‌ى ڕه‌شماڵ به‌كار دێ. قه‌میش ناوى به‌تاڵه، بۆشه، ده‌یكه‌نە تانووكى حه‌یوانى، قه‌میش هه‌رچه‌نده ناوه‌وه‌ی به‌تاڵه، به‌ڵام له لییلك قه‌یمتره.
هه‌وریی بێ غیره‌تان: هه‌وره و نابته باران، له مانگى (١٠) په‌یدا ده‌بى، مه‌عناى پێشهاتنى زستان ئه‌و هه‌وره ده‌ڵێ: ته‌مبه‌ڵاتى مه‌كه‌ن، هه‌ستن ئیشى خۆتان بكه‌ن: سه‌ربان سواق ده‌ن و سولاوكه چاكه‌ن.
له‌وانه‌یه زاراوچه‌ى ـ هه‌وریی بێ غیره‌تان ـ په‌لارداره و داتاشه‌ى ژنى چاپووك بێ، كه له پێش دوو فه‌ڕڕاشى پیاو ئه‌مه‌م ده‌ربڕى، پلكه ئامینه‌ى فه‌ڕڕاش گوتى: ئه‌ششه‌دوو مامۆستا قسه‌كه‌ت ڕاسته، وه‌ختى خۆى له‌و گوندانه بووین، پیاوى ته‌پ و زه‌غه‌ڵ زۆر بوو، ئیشى خۆیان به ژنه‌كانیان ده‌كرد.
هه‌ورى: به‌گشتى هه‌ورى له سه‌ر ده‌كرێ و له ملیش ده‌كرێ، هه‌وریى به‌ڵه‌ك له سه‌ر ده‌ندرێ، هه‌وریى سۆر له مل ده‌كرێ، هه‌ورى پانییه‌كه‌ى گه‌ز و نیوه‌ك بوو، درێژییه‌كه‌ى دوو گه‌ز ده‌بوو، له ئاوریشم دروست ده‌كرا، له مه‌مله‌كه‌تى مە دروست نه‌ده‌كرا، ڕه‌قه‌مێكى (مارك) لێ درا بوو پێیان ده‌گۆت (حاجى حه‌سه‌ن) مه‌عناى زۆر باشه، پیاو له سه‌رى ده‌نا و ژنیش، به‌ڵام پیاو باى ده‌دا وه‌ك ڕیشى جه‌مه‌دانى.
هۆقه: له ده‌شتى هه‌ولێر (بیست) پاكه‌ته، ده‌كا دوو كیلۆ. هۆقه له ده‌شتى كۆیه (بیست و چوار) پاكه‌ته، ده‌كا دوو كیلۆ و نیو.
هیزار: له سه‌رى ئافره‌ت ده‌به‌سترێ، زۆر شۆڕ نابێته‌وه، خه‌تخه‌تى ڕه‌ش و سپییه، وه‌كى خه‌تى جۆتییه، خه‌ته‌ك ڕه‌شه و خه‌ته‌ك سپییه، ئێستە هیزار نه‌مایه قه‌دیمیش هه‌ر كه‌م بوو، ئاغاژن له سه‌ریان ده‌نا، خه‌ته سپییه‌كه سیم بوو، ڕه‌شه‌كه گه‌رده بوو.
تێبینیى نووسه‌ر:
- تكایه هه‌ر كه‌سێ بۆ نووسینى خۆى، زانیاری له‌م وتاره وه‌رگرێ، ئاماژه به (گڵكه‌ند)ى سه‌رچاوه بدات.
- چیڕچیڕۆكه واتە نه‌رمونیانەك كە به‌ئاسانى لێك ڕاده‌كێشرێ.