"بۆ حاجی و حه‌لیمه، كوردبوون له پێش ئه‌و سنوور و ته‌لبه‌ندانه بوون، كه هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆیان داڕشتن، ئه‌وان خاوه‌ن نه‌وه‌ن، نه‌وه‌كانیشیان ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری دوو ناسنامه‌ی وڵاتی جیاوازن، به‌ڵام تەنها وەك كوردستانی خۆیان ده‌بینن"
لەو گوندە بچووكەدا، سنوورەکان تەنیا تەلبه‌ندێکی ژەنگاوین؛ لێرە ناسنامە بە خوێن دەنووسرێتەوە نەک بە مۆری پاسپۆرت.
لە لووتکە تەمومژاوییەکانی مێرگەسۆر، لەو شوێنەی هێڵە جیۆپۆلەتیکییەکانی لۆزان، گوندی بێداویان کردووە بە دوو لەت، چیڕۆکی جیاواز لە هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.
لە کاتێکدا ئەنقەرە و بەغدا بەوردی چاودێریی هێڵە سنوورییەکان دەکەن، دانیشتوانی ئەم گوندە مێژوویەکی سەروو دەوڵەتییان نووسیوەتەوە.
لێرە، هاوسەرگیری تەنیا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو یاخیبوونێکی بێ دەنگە دژی ئەو سنوورانەی دەیانەوێت یەک خێزان بکەن بە دوو نەتەوە.
چیڕۆکی حاجی و حەلیمە، دواتر مەدیح و زولەیخا، وێنای جەنگێکی سارد دەکات لە نێوان پێناسەی فەرمی و وابەستەبوون بە خاکەوە.
گوندی بێداو لە سنووری هۆزی هه‌ركيی بنه‌جی لە قه‌زای مێرگه‌سۆر، به‌شێكی لە سنووری باكوری كوردستان و به‌شه‌كه‌ی دیكەی لە سنووری هەولێرە.
لەبەرئەوەی ئه‌و هێڵە سنووریەی گوندەكەی دوو لەت كردووە، دەسكردە، نه‌یتوانیوە دانیشتوانەكەی بكات بە دووان، ئه‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له نێوان خەڵكی گوندەكەدا هه‌بووه، تا ئەمڕۆ بەردەوامە، له خۆشی و ناخۆشییه‌كاندا هاوبه‌شی یەكدین.
لە بێداو، هاوسەرگیری تەنها گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی نێوان ژن و پیاوێك نییە، بەڵكو نوێكردنەوەی پەیمانی كوردستان یەكە و نابێت بە دووان.
حاجی پیاوێكی دانیشتووی دیوی هەولێرێی گوندی بێداو بوو، حه‌لیمەش ژنێكی دیوی باكور، ئەوان بێ گوێدانە چوارچێوە یاسایی و عورفە نێودەوڵەتییەكان، بێ گوێدانە ئەوەی بەفەرمی و لەسەر كاغەز هەڵگری ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی داگیركەری جیاوازن، هاوسەرگیرییان كرد.
لە كن بێداوییەكان، كوردستانیبوون لە سەرووی ته‌لبه‌ندەكانی نێوان عێراق و توركیایە، ئەوان دان بەو سنوورە دانانێن كە هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دایان ڕشتووە.
بۆ حاجی و حه‌لیمه، كوردبوون له پێش ئه‌و سنوور و ته‌لبه‌ندانه بوون، كه هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆیان داڕشتن، ئه‌وان خاوه‌ن نه‌وه‌ن، نه‌وه‌كانیشیان ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری دوو ناسنامه‌ی وڵاتی جیاوازن، به‌ڵام تەنها وەك كوردستانی خۆیان ده‌بینن.
لە دوای شۆڕشی ئه‌یلوولدا (١٩٦١ - ١٩٧٥)، حاجی و حه‌لیمه خۆیان بۆ شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦-١٩٩١) تەرخان كرد، تا لە ساڵی ١٩٨٨ ئاواره‌ی ئێران بوون، دواتر له ١٩٩٨دا گەڕانەوە و له سۆران نیشته‌جێ بوون.
ماڵه گه‌رمه‌كه‌ی حاجی و حه‌لیمه، بووە شوێنی گردبوونه‌وه‌ی خزمه بێداوییه‌كانی دیوی باكوری كوردستان.
مه‌دیح حاجی، ئێستە ته‌مه‌نی (٦٠) ساڵه، ساڵی ١٩٨٨ هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ كچێكی جۆله‌مێرگی باكور كرد به‌ناوی (زوله‌یخا)، هه‌رچه‌نده بناغه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان له گوندی سروینیسی سه‌ر به جۆله‌مێرگ بوو، له‌وێش نیشته‌جێ بوون، به‌ڵام جێگیربوونی باب و ئامۆزایه‌كانی له به‌شی باشووری كوردستان ناچاری ده‌كه‌ن بگه‌ڕێته‌وه ناو خزم و كه‌سه‌كانی، له (٢٠٠٦) به‌خۆی و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی گەڕانەوە باشوور و له سۆران نیشته‌جێ بوون.
ژیانی مه‌دیح له باكوری كوردستان، ئاسایی به‌ڕێوه ده‌چوو، خاوه‌ن خانوو و ماڵی خۆی بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماڵه خاڵۆیانی له دوای نه‌مانی ئاسایش له گونده سنوورییه‌كان له (١٩٨٨-١٩٩٠) له شه‌مزینان نیشته‌جێ ده‌بن، له مه‌دیح نێزیك ده‌بن و هاوكاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هەر چاوی له‌وه بوو ڕۆژێك له ڕۆژان بگه‌ڕێته‌وه زێدی خۆی لە باشووری كوردستان.
مه‌دیح و زوله‌یخا خاوه‌نی سێ منداڵن، هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، به‌ڵام دۆخەكە بۆ دایكه جۆله‌مێرگییه‌كه كه‌مێك جیاوازه، چونكە لە دووری خوشك و برا و مه‌نزڵی باوانیەتی، جار جار هزر و بیری دەچێتەوە سه‌ر گه‌ڕه‌ك و ئه‌و خانووه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار له جۆله‌مێرگ چاوی لێ هه‌ڵێنا.
زوله‌یخا، تێگه‌یشتنی له شێوه دیالێكتی ناوه‌ندی (سۆرانی) قورسه، تا ئێستە نه‌یتوانیوه خۆی ڕابێنێت و هه‌ر به شێوه دیالێكتی كرمانجیی باكور ده‌ئاخڤێت، ته‌نانه‌ت ناتوانێت وه‌كو گوندییه‌كانی هاوسه‌ریشی قسه بكات.
هه‌رچه‌نده دایك و باوكی زوله‌یخا له ژیان نه‌ماون، له سۆرانیش له نێو خانه‌واده‌یه‌ك دەژی كه تژییه له ڕێز و خۆشه‌ویستی، به‌ڵام هه‌ندێك جار بیری ژیانی ئەودیو دەكات، ئێستەش بكە ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی زێت له سنووری قه‌زای مێرگه‌سۆر كراوەتەوە، ئەو گەشت و سەردانە ئاسانتر بووە، مه‌دیحیش دەڵێت هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ چوونه جۆله‌مێرگ كردووە، كە گەشتی چوون نزیكەی شەش كاتژمێری پێ دەچێت.
ئێستە منداڵه‌كانی مه‌دیح و زوله‌یخا، له‌سه‌ر ناوی دایكیان خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی توركین، هه‌موو مافێكیان له‌و وڵاته هه‌یه، كاتێك ده‌یانه‌وێت گه‌شتی توركیا بكه‌ن، ته‌نیا ناسنامه توركییه‌كه‌یان ده‌خه‌نه ناو پاسپۆرته عێراقییه‌كه‌یان و ده‌په‌ڕنه‌وه. ئه‌و خانه‌وادانه‌شی كه (كارتی نیشتمانی)ی عێراقی و پاسپۆرتی توركییان هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه له سنوور ده‌رباز ده‌بن، دواجاریش هه‌ر له‌و شوێنه هه‌ست به‌ئارامی ده‌كه‌ن، كه نە عێراقە و نە توركیایە، بەڵكو نیشتمانی باب و باپیرانیانە.
ئه‌و كوردانەی خاوه‌ن دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ن له ته‌واوی گونده سنوورییه‌كانی نێوان باشوور و باكوری كوردستان هه‌ن، به‌تایبه‌ت له سنووری پاڕێزگەی هه‌ولێر، بۆیه كاتێك پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه‌س نازانێت ئه‌وان خه‌ڵكی كامه پارچه‌ی كوردستانن، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه تا ئێستە هیچ داتایه‌ك لەوبارەی ئەم هاوسەرگرییانە به‌رده‌ست نییە، تەنها ئەوە نەبێت كە هاوسەرگیریی نێوان بێداوییەكانی هەردوو سنوور بەردەوامە.