مامۆستایەک قوتابخانەکەی دەکات بە گەلەری
مامۆستایەک قوتابخانەکەی دەکات بە گەلەری

لە گۆشەیەکی دوورەدەستی کۆڕێ، مامۆستایەكی هونەر لە ڕێگەی ڕەنگەوە، لەسەر دیوارە بێ دەنگەکانی قوتابخانەی ئارمانجی بنەڕەتی، قسە دەكات.
پۆڵا كەریم لە ٢٠١٥ەوە بە عەشقێکی بێ وێنە فڵچەکەی بەدەستەوەیە، بۆ گۆڕان و پێشكەوتن، چاوەڕێی بودجەی گەورە و تەلارسازیی مۆدێرن ناكات، بەڵكو لەسەر دیوارە ڕووتەكانی قوتابخانەكەیەوە دەست پێ دەكات، تا لە دیوار و ژووری سادەوە بیگۆڕێت بۆ گەلەرییەکی کراوە.
ئەو مامۆستایە لە ڕێگەی هونەرەكەیەوە، بێ بەرانبەر ژینگەی خوێندن لە قوتابخانەكەی دەڕازێنێتەوە، سوپاسگوزاری بەڕێوەبەری قوتابخانەكەشە كە هەندێك پێداویستیی وەك فڵچە و ڕەنگەكانی بۆ دابین دەكات.
دیوارەكان له‌ پاڵ وێنه‌ی شاعیر و ئه‌كته‌ر و كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كان، بە چەندین ئامۆژگاری و گوتەی سەرنجڕاکێشی پەروەردەیییانە نەخشێندراون، كە قوتابیان فێری خوێندن و پاكڕاگرتنی ژینگه‌ و خۆشه‌ویستیی نیشتمان دەكەن.
پۆڵا بەمەبەستی فێركردن و هاندان، لە كارەكانیدا، بەشداری بە قوتابییەكانی دەكات. لە هەر كارێكی هونەریی سەر دیوارەكاندا، جێپەنجەی قوتابییەكان هەن، ڕەنگیان پێ دەكات. لەم بارەوە دەڵێت ”دەمەوێت‌ قوتابییەكان بەدڵخۆشییەوە بێن، هەست بكەن بەشەكن لە كەشوهەوای پۆلەكان و گۆڕەپانی یاریكردنیان، جێپەنجەی خۆیان لە ڕەنگ و نەخشەكانی سەر دیوارەكان ببیننەوە“.
ئەو وەك هونەرمەندێك پێی وایە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان لەلایەن قوتابییەوە گرینگیی زۆری هەیە، چونكە بابەتەکە تەنیا وێنەکێشان نییە، بەڵكو ڕەنگ و ئەندازەی وێنەکێشان پەیوەندییان بە ئه‌ندازیاری و بیناسازی و دیکۆرسازی و دیزاینیشەوە هەیە.
ئێستە ئەو خولیایەی پۆڵا كەریم وای کردووە قوتابیان بە تەوسەوە ئارەزووی قوتابخانە و خوێندن و هونەر بکەن، توانا و بەهرە هونەرییەكانیان دەربخەن.
مامۆستایەكە دەڵێت ئەگەر قوتابخانەکەیان گەورەتر بووایە، ئەوا ستۆدیۆیەكی تایبەت بەوێنەکێشانی تێدا دەكردەوە و دەیتوانی کاری باشتر بکات. بەڵام قوتابخانەكەی كۆڕێ تەنها له‌ شه‌ش ژوور و سێ كابینه‌ پێك هاتووه‌، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕێگرییەكی نەهێشتووە و پێی وایە دەبێ گرینگیی زۆر بە وانه‌ی هونه‌ر بدرێت‌، وانەی دیکە نەخرێنە شوێن وانەی هونەرەوە.
لای خۆیەوە وشیار مه‌رجان به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكیی هونه‌ری له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر دەڵێت له‌م ساڵەوە، بابه‌تی وانه‌ی هونه‌ر له‌ پۆلی یه‌كی بنەڕەتییەوە تاكو شه‌شی بنه‌ڕه‌تی وەك وانەیەكی تایبه‌ت دەخوێندرێت و كتێبی بۆ چاپ كراوە بەناوی په‌روەرده‌ی هونه‌ری، كه‌ ئێستە له‌ هەموو قوتابخانه‌كان هەیە.
ناوه‌ڕۆكی كتێبەكە له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ بواره‌كانی شێوه‌كاری، میوزیك، شانۆ و سینه‌ما دانراوه‌، قه‌باره‌ی كتێبه‌كه‌ نزیكه‌ی ٧٠ لاپه‌ڕەیە‌، ئه‌م ساڵ چاوه‌ڕێی وەڵامدانەوەی كه‌سانی پسپۆڕن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست بێت بۆ ساڵانی داهاتوو گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، مەرجان ده‌ڵێت كتێبه‌كه‌ بۆ یه‌ك ساڵ به‌كار دێت، چونكه‌ له‌لایه‌كی په‌ڕه‌كه‌ شوێنی دروستكردنی وێنه‌ هەیه‌، له‌ هه‌ر قۆناغێكی خوێندن ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كان گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ته‌مه‌نی قوتابی بۆ ئاستی بابه‌ته‌كان له‌ به‌رچاو گیراوه‌، له‌ هه‌ر هه‌فته‌یه‌كدا دوو به‌شه‌ وانه‌ ده‌خوێندرێت‌.
پۆڵا کەریم تەنیا چیڕۆکی ڕەنگکردنی دیوارەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی دیدگەی نەوەیەکە بۆ ژیان. ئەو هونەرمەندە گەنجە سەلماندوویەتی بەکەمترین توانا و عەشقێکی گەورەوە، دەکرێت قوتابخانە لە شوێنێکی بێ دەنگەوە بگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی زیندوو و لەبار و ڕەنگاوڕەنگ، کە تێیدا داهێنان و فێربوون ئاوێتەی یەكدی بن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved