چایخانەی عەبۆ قاوەچی
چایخانەی عەبۆ قاوەچی
February 26, 2026

نادر عەبدوڵڵا سلێمان ئەفەندى، بە عەبۆ قاوەچى ناوی دەركردبوو. ساڵى ١٩٠٥ لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٨٣ کۆچى دواییى کردووە.
قاوەخانەكەی لە بەرامبەر مزگەوتى خانەقا بوو، شوێنەکە تێکدراوە و کراوەتە پاڕکى شار، ئێستە هەمان قاوەخانە لەناو بازاڕی قەیسەرییە.
لە مێژووى هەولێر ئەم قاوەخانەیە بەکۆنترین چایخانە و قاوەخانە دادەنرێت کە لە ساڵى ١٨٤٦ لەسەر قەڵات لەلایەن سلێمان ئەفەندییەوە کە دەکاتە باوكی عەبۆ کراوەتەوە، قاوەخانەکە لە کاتێکى کەمدا بووەتە شوێنێک کە لە گشت هەولێرەوە سەردانى دەکرا، عەبۆ بەدەم ئاخافتنى دانیشتنەکانى ئەم قاوەخانەیە و بەبۆنى ئەفسووناویى قاوە گەورە بووە.
قاوەخانەكە هەر زوو بووەتە مەجلیسى ئەشرافەکان و کاربەدەستان و والیى شار و گەنج و پیری ئەم شارە، كە بۆ چێژ وەرگرتن لە خواردنەوەى قاوە و گفتوگۆ سەردانیان کردووە، پاشان مام نادرى کوڕى عەبدوڵڵا لە دەوروبەرى ١٩٢٥ قاوەخانەکە دەگوازێتەوە بەرامبەر مزگەوتی خانەقا.
لەو کاتانەدا پیشەى چایخانە و قاوەخانە بۆ ڕاپەڕاندنى کارەکانیان و کوڵاندنى ئاو و ئامادەکردنى چایە و قاوە، پشتیان بە دار و خەڵووز بەستووە، چونکە ئەو کاتە هیتەرى کارەبایى و گازى سروشتى نەبوو، نەوتیش تەنها بۆ بەکارهێنانى سنووردار بوو، بەبیرم دێت خەڵك بۆ ماڵەکانیان و ئاگرکردنەوە و بەکارهێنانى لالەى ڕووناککەرەوە بە شووشە (بطل) نەوتیان دەکڕى.
مونا قاوەچى كە نەوەی عەبۆ قاوەچییە دەڵێت ”مێژووی قاوەخانەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ١٨٩٥، مام عەبۆ پيشەكەی لە باب و باپيرانی بۆ مايتەوە، یەکەم قاوەخانەی لە هەولێرێ كردیتەوە، سەرەتا قاوەخانەكە بەرامبەر قەڵات بوو لە لای هوتێل سندباد، مام عەبۆ خاوەنی پێنج كوڕ بوو، ساڵح، كاكۆ، مستەفا، عەلی و نادر، لە دەوروبەری ١٩٢٥ قاوەخانەی عەبۆ گوازراوه بەرامبەر مزگەوتی خانەقا، ڕەحمەتى مام نادر و مام كاكۆ سەرپەرشتيیان دەكرد“.
ئاماژەش بەوە دەكات كە مام نادر عەبدوڵڵا كە دواتر نازناوى مام عەبۆ قاوەچیی هەڵگرت، يەكەم كەس بوو ياریى بلياردی هێنایە هەولێر. هەروەها ياريدەدەرێكی سەرەكی بوو بۆ دابينكردنى شوێنى تايبەت بە ياریى شەترەنج لە قاوەخانەكە.
عەبۆ قاوەچی لە بنەماڵەيەكى نيشتمانپەروەر بوو، ڕۆڵێكی باڵای ھەبوو لە کۆکردنەوەی يارمەتيیەکانی خەڵكى هەولێر، تا بۆ پێشمەرگە بنێردرێت. ئەو قاوەخانەیە بووبووە سیمبولی هەولێرێ.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved