گواستنەوەی تۆپی ڕەمەزان لە بن لەیلووكان
گواستنەوەی تۆپی ڕەمەزان لە بن لەیلووكان

بەشێک لەو دەنگانەی لە شار گێبیستیان دەبین، دەگۆڕێن بۆ بیرەوەری و هێمای زەمەنێکی لەبیرنەکراو. تۆپی فتاری ڕۆژانی ڕەمەزانیش لەناو بازاڕی، یەكەك لەو دەنگانەیە، کە سۆزێک بۆ مێژوو و گیانی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی هەولێرییەکان دەگێڕێتەوە.

لە ئێوارانی مانگی ڕەمەزاندا، ئەو کاتەی خۆر ڕەنگی ئاسمانی بۆ زەرد دەگۆڕی، خەڵکی بەتاسەوە چاوەڕێی تەقاندنی تۆپی فتاری ڕەمەزانیان دەکرد بۆ ئەوەی لەسەر سفرە ڕۆژووەکەیان بشکێنن و دەست بە خواردن و خواردنەوە بکەن.

مێژووی تەقاندنی تۆپی فتاری ڕەمەزان لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان، ئەو کات ئەو تۆپە لە کات و بۆنە فەرمییەکان دەتەقێندرا بۆ ئاگەدارکردنەوەی خەڵک. لەو کاتەدا کە کاتژمێر و بڵندگۆی گەورە نەبوون، تەقاندنی تۆپ باشترین بژاردە بوو بۆ گەیاندنی هەواڵی بۆنەکان بەزۆرترین کەس.

لەو کاتەوە، دوای دەیان ساڵ، تەقاندنی تۆپی فتاری ڕەمەزان بووە نەریتێک لە هەولێر و ناسنامەیەکی مانگی ڕەمەزان کە هەولێر پێی جیا دەکرایەوە.

لە سەرەتاکانی سەتەی بیستەم هەروەک لە گێڕانەوە زارەکییەکان هاتووە، تۆپەکە لە پشت گۆڕستانی گەورەی هەولێر داندرا بوو، کە پێیان دەگوت بن لەیلووکان و شوێنی ئێستەی بازاڕی نیشتمانە. ئەو کات شار بچووک بوو و دەنگی تۆپەکە دەگەیشتە هەموو گەڕەکەکان بەتایبەت ناو قەڵات.

دوای فراوانبوونی هەولێر و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، پێویست بوو تۆپەکە بگوازرێتەوە شوێنێک کە دەنگەکەی بگاتە هەموو ناوچەکانی هەولێر. بۆیە گوازرایەوە سەر قەڵات و لە نزیک دەرگەی سەرا لە باشووری قەڵات، سەرەوەی چایخانەی مەچکۆی ئێستە دانرا.

گواستنەوەی تۆپی فتاری مانگی ڕەمەزان لە پشت گۆڕستانی گەورەی هەولێرەوە بۆ سەر قەڵات، بووە هێمایەک بۆ فراوانبوونی هەولێر و پەیوەستبوونی تۆپەکە بە مێژووی قەڵات و کولتووری شارەكە. لەو کاتەوە دەنگی تۆپەکە لە سەنتەر و ناوەڕاستی هەولێرەوە دەگەیشتە هەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی شار.

ساتەکانی پێش تەقاندنی تۆپەکە، لە هەموو ماڵەکاندا وەک یەک بوو، دایک چاودێریی سفرە و خوانی ئەو ڕۆژی دەکرد، منداڵەکان بە شەوقەوە چاوەڕێ بوون بۆ دەستکردن بە خواردن و خواردنەوە، باوکەکان دەستیان بە ڕووی ئاسمان بەرز دەکردەوە و نزای گیرابوونی ڕۆژوو و سوپاسی پەروەردگاریان دەکرد. لەو کاتەدا هەموو خەڵکی شار وەک یەک گیان و جەستە، چاوەڕێی یەک شت بوون، شکاندنی ڕۆژووەکانیان.

دەنگی ئەو تۆپە تێکەڵ بە ڕۆح و خوداپەرستیی هەولێرییەکان بوو. ئەو دەنگە بۆ ئەوان، دوای ماندووێتی و شەکەتیی ڕۆژێکی درێژی بە ڕۆژووبوون، پەیامی ئازادی و تەواوبوونی پەرستشەکەیان بوو، وەک پاداشتێک بوو بۆ ئارامگری و برسیبوونیان. ئەوان ڕۆژانە لەگەڵ دەنگی ئەو تۆپە، لەوە دڵنیا دەبوون کە هەموو خۆرئاوابوونێک، خۆرهەڵاتنێکی لە دوایە.

دوو ساڵ پێش ئێستە، پارێزگەی هەولێر بڕیاری دا نەریتی تۆپتەقاندن بگەڕێنێتەوە. هەرچەندە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بوونی بڵندگۆی مزگەوتەکان، خەڵک چیی تر پێویستی بەدەنگی تۆپ نییە، بەڵام گەڕاندنەوەی تۆپەکە لە پاڵ پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی هەولێر، زیندووهێشتنەوەی یادگاریی چەند نەوەیەك و مێژوو و کولتووری شارەكەیە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved