”بیست ملیۆن دینار قەردم لەناو کۆرانانە“
لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێرێ، چەند ساتێك دوای ئەوەی دەنگی هۆڕنێکی ناسراو یان بانگکردنی فرۆشیارێک، بێدەنگیی نیوەڕۆ دەشکێنێت، ژنانی گەڕەک بە کۆمەڵ لە دەوری پیکابێک یان عەرەبانەیەک کۆ دەبنەوە.
چەندین جۆری مامەڵەكردنیان لێ دەبیستی، بۆ نموونە لە نرخی کەوای ترەمپ دەپرسن، یان مەکسیی وەنەوشە و قوماشی مایباخ.
ئەوە دنیای فرۆشیارە گەڕۆکەکانە، هی ئەو پیاوانەیە كە بەشێكی تەمەنیان لەسەر چوارتایە و لەناو دەفتەری قەرزەکاندا، چیڕۆکی هەزاران خێزانیان نووسیوەتەوە.
لە هەولێرێ، کە تاوەرە بەرزەکان خەریکن ڕووخساری شار دەگۆڕن، هێشتا سیستەمێکی ئابووریی سادە و مرۆیی لەناو کۆڵانەکاندا بەزیندوویی ماوەتەوە.
فرۆشیارە گەڕۆکەکان، کە جاران بە عەرەبانە و ئێستە بە ئۆتۆمۆبێلی کیا و پیکاب دەگەڕێن، بوونەتە بەشێک لە خێزانی گەڕەک. تەنیا قوماش و قاپفرۆش نین، بەڵکو سندوقی پڕ لە ڕاز و نیازی ئەو ژنانەن کە کات و تاقەتی بازاڕیان نییە و دەیانەوێت بە قەرز و قستی بێ زیادە و كەفیل، باری ژیانیان سووک بکەن.
ئەحمەد بەدر، گەنجێکی ٢٩ ساڵی دانیشتووی شەمامکە، یەکێکە لەو گەڕۆکانەی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕووی کردووەتە ئەم پیشەیە و دەڵێت خشتەی حەفتانەیان هەیە، هەر ڕۆژەی لە گەڕەکەکن؛ یەکشەممان لە گەڕەکی ژیان و دووشەممان لە باداوە و سێشەممان لە سێتاقان و دواتر گەڕەكەكانی دی.
ئەحمەد هۆکاری ڕەواجی ئیشەکەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە “هەموو کەس تاقەتی چوونە بازاڕی نییە، قەرەبارغیی ناو بازاڕ وەختی زۆری دەوێت و هیلاکت دەكات، شتەكان لە پێش دەرکەی بن ئاسانترە”. ئەو كە زیاتر لە ناوچە عەشایەری و گەڕەکە شەعبییەکان دەگەڕێت، دەڵێت “ئەو ژنانەی خۆیان بە دەورەمەند و مسەقەف دەزانن، نایەنە كنە مە، لە مۆڵە گەورەکان شتی دەكڕن”.
لەناو بارگەی پیکابەکەیدا، ئەحمەد چەندین جۆر قوماشی جیاوازی وەک "وەنەوشە، مایباخ و ماڤی ماڤی" داناوە. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە، ناونانی قوماشەکانە بەناوی سەرکردە جیهانییەکان، بەپێکەنینەوە دەڵێت "لە قەدیفەشدا، کەواکان بە ناوی سەرکردەکان کرایە، کەوای ترەمپ، پوتین و ئۆباماشمان هەیە، هەروەها قوماشی عەیشە درێژیشمان هەیە”.
ئیدریس سادق کاسبکارێکی تەمەن ٥٥ ساڵە، ماڵی لە گەڕەکی فەرمانبەرانە، لە بارەی خۆیەوە بۆ (گڵکەند)ی گێڕایەوە کە چۆن دوای زەرەرێکی گەورە لە مەیدانی ئاژەڵان، لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دەستی داوەتە ئەو ئیشە و دەڵێت "یەکەم جار عەرەبانەیەکی گچکەم هەبوو، دوایە کردمە گەورە، پاشان پیکاب و ئێستەش کیام هەیە.
ئەو هەموو جۆرە کەلوپەلێکی ناوماڵ، لە تەلەڤزیۆنەوە تا مەنجەڵ و قاپوقاچاخی جوملەی شێخەڵڵا بۆ مەعمیلەکانی دەبات. خشتەیەکی تۆکمەشی داناوە، دەڵێت “شەمووان دەچمە ئازادی، یەکشەممان باداوە و نەورۆز، دووشەممانیش کوران، سێشەممانیش لە جادەی گەنموجۆیمە”. ئەو پەیوەندییەکەی لەگەڵ کڕیارەکانی لە کاسبی دەرچووە و دەڵێ بوویتە خزمایەتی، "مەعمیلم هەیە کچی مارێ بووە، گچکە بووە، ئێستە مێردی کردییە و منداریشی هەیە، هێشتا شتی لە خۆم دەکڕی".
گرینگترین نهێنیی ئەو پیشەیە، سیقەی پێدانی قەرزە. ئەحمەد بەدر دەڵێت “سەرووی ٢٠ ملیۆن دینارم لەناو کۆرانانە، بە ئاسانیش پێم خڕ نابتەوە”.
ئەو لە ناو دەفتەرەکەیدا کۆدی تایبەتی بۆ ناسینەوەی ژنەکان داناوە، چونکە هەندێکیان ناوی ڕاستەقینەی خۆیان نادەن. بەپێکەنینەوە باس لەو ناوانە دەکات کە لە دەفتەرەکەیدا نووسیونی، وەك ژنە قەرەوەکە، چاوشینەکە، چاوبەعەینەک، پیرەژنە تووڕە یان ژنە قسەخۆشەکە.
هەروەها زۆر جاریش لەگەڵ کڕیارەکانیان کێشەی خێزانییان بۆ دروست دەبێت. ئەحمەد دەڵێت "ژن هەیە دەرێ لە کن پیاوەکەم مەرێ قەردەکە چەندە، مەسەلەن ٢٠٠ هەزار قەردارە، دەرێ برێ ٥٠ هەزارە”.
کێشەی سەرەکیی ئەم کاسبکارانە، قەرزکۆری هەندێک کڕیارە. ئەحمەد چیڕۆکی مەعمیلێکی هەیە کە دوو ساڵە ١٠ هەزار دیناری قەردارە و نایداتەوە، دەڵێ "ناکرێ لۆ ١٠ هەزار دیناری دەرکەی لێ بگرم و برێم بمدەوە، هەر عەیبیشە”، بەڵام ئیدریس سادق دەڵێت زۆر جار پارەی خوراوه و کڕیار پێی گوتووە بڕۆ شکایەت بکە، بەڵام ئەو تەنیا پەنا دەباتە بەر قسەی خۆش و تەحەمولیان دەکات.
لە بەرانبەردا، کڕیارەکان زۆر لەم جۆرە مامەڵەیە ڕازین. دایکی کاروان تەمەنی ٥٩ ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی ژیانە، دەڵێت "شتەکی گەلەک باشە، لە بازاڕی دەبی بە سەعاتان بگەڕێی، لێرە مەکسی دەگێڕیەوە و حەفتانە پێنج هەزاری دەدەیێ، پارەکە یەکجێ نادەی و پێیەوە دیار نییە، بارەکە سووکتر دەبی”.
ئەگەرچی مۆڵ و بازاڕە ئۆنڵاینەکان خەریکە جێی هەموو شتەك دەگرنەوە، بەڵام فرۆشیارە گەڕۆکەكان نایانەوێت دەستبەرداری ئیشەکەیان بن. ئیدریس سادق دەڵێت "تازە ناتانم بچمە سەر ئیشەکی دی، لە خوای بەزیاد بی زۆر شوکرم”.. ئیدریس و ئەحمەد هەر بەخۆیانەوە نەوەستاون، كوڕەكانیشیان تووشی كاسبییەكە كردووە، لەسەر جادان پیکابیان داناوە، تەڕە و میوەی دەفرۆشن.
لە هەولێرێ، کە هەموو شتێک خەریکە دەبێتە دیجیتاڵی، هێشتا ئەو پیاوانە دەستیان بە دەفتەرە کۆنەکانی قەرداران و پیکابە پڕ لە قوماشەکانیانەوە گرێ درایە، ڕەنگی ڕاستەقینەی کۆڵانەکانی هەولێر دەپارێزن؛ لەو جێیانەی سیقە لە هەموو گرێبەستێکی فەرمی بەهێزترە.