لە یادەوەریی میللیی قەڵاتێ، کە هەندێك جار ئەفسانە تێکەڵ بەژیانی ڕۆژانە دەبێت، تانوپۆی بیروباوەڕە سادەکان لەگەڵ خەمەکانی ژیان و چاوەڕوانیدا تێک دەئاڵێن، ڕێوڕەسمی کۆسە بەبا وەک یەکێک لە کۆنترین سرووتە فۆلکلۆرییەکانی پەیوەست بەبارانبارین و بارانخوازییەوە سەر هەڵدەدات.
ئەو ڕێوڕەسمە تەنیا یارییەکی منداڵانە یان دابونەریتەکی تێپەڕ و کاتی نەبووە، بەڵکو کردەیەکی دەستەجەمعی پڕ لە هێما و ئاماژەیە، پەیوەستبوونی هەولێر و خەڵکەکەی بەسروشتەوە پیشان دەدا، لە پاڵ ئیتقاتێکی خۆڕسک بەوەی کە ئەگەر بێتو کۆمەڵگە یەک بگرێت، ئاسمانیش دێتە هانا و وەرامدانەوە.
مەیدانی ئەو ڕێوڕەسمە کۆڵانە تەنگ و بەرتەسکەکانی قەڵاتی هەولێرێ بوو، ئەو کوچە و کۆڵانە کۆنینانەی زایەڵە و سەدای پێکەنین و نزاکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە ڕادەگوێزن. ئەو سرووتە میللییە لەلایەن سەلیم قەقا و ڕەئووفەوە کە بە "ڕەفۆکە" ناسرا بوو، بەڕێوە دەبرا، لەو سەردەمەدا ئەوانە هەردووکیان کەسایەتیی ناسراوی قەڵاتێ بوون، بە هاریکاریی کۆمەڵە گەنجێکی قەڵاتێ کە ڕۆح و وزەی ئاهەنگسازییان تێدا پەخش و بەرجەستە دەکرد.
لە دەسپێکی مەراسیمەکەدا یەک لە بەشدارانیان هەڵدەبژارد و دەموچاویان بە تەنیمۆکی ڕەش دەکرد، ئەو ئاماژەیەش چەندین واتای لە خۆ دەگرت، لەوانە؛ وێناکردنەوەی وشکەساڵی و لاساکردنەوەی هەوری ڕەش و تاری، یان تەنانەت گۆڕینی واقیعێکی سەخت بۆ دیمەنێکی گاڵتەجاڕانە، کە باری گرانی چاوەڕوانی بارانی لەسەر شانان سووک دەکرد. پاشان ئەو کاروانە گچکەیە بەناو کۆڵانەکانی قەڵاتێدا تێ دەپەڕین و یەک یەک دەرگەکانیان دەکوتا و بەڕیتمی هەندێک بەند و دروشمی باو و پێکەنینی پڕ بەدڵ تێ دەسووڕانەوە.
هەر دەرگەیەک دەکرایەوە، ماڵەکە بەهەمان شێوازی باو پێشوازییان لە "کۆسە بەبا" دەکرد، ئاویان بەسەر کەسە ڕەشکراوەکەدا دەکرد و ئەو کردارەش ئاوات و تەماخوازیی باران بارین بوو، وەک ئەوەی ئاوە ڕژاوەکە یەکەم پڕژەی ئەو بارانە بێت کە چاوەڕوانیی بارینی دەکرا. پاشان بڕە پارەیەکی ڕەمزییان پێشکێش دەکردن، کە زۆر جاران هەر پێنج فلوس بوو، ئەوەش لە خێر و سەدەقە زیاتر، دەربڕینی هەستی هاوبەشی و بەشداری بوو لە ڕێوڕەسمەکەدا، ئەوەی دووپات دەکردەوە کە کۆمەڵگە لە هەستی سەختی و قات و قڕی و بە هیوای ساڵێکی هات و بەبڕشت پێکەوە هاوبەشن. ئەو ڕێوڕەسمانە بەتایبەتی لە ساڵانی وشک و سەختدا بەڕێوە دەچوون، کە مرۆڤ زۆر پێویستی بە باران بوو، نەک تەنها وەک توخمێکی سروشتی، بەڵکو وەک دەستەبەری ژیان و کشتوکاڵ و ڕزق و ڕۆزی. بۆیە منداڵان بە شادییەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان پەیڕەو دەکرد و گەورەکانیش بەدڵەوە بەشدارییان تێدا دەکرد، تەنانەت ئەگەر لەسەر تارمەی دەرگەکان یان لە پشت دەرگە داخراوەکانیشەوە وەستابان.
کۆسە بەبا، لە بنەما و گەوهەردا، دەربڕینی هۆشیارییەکی دەستەجەمعی سادە و لە هەمان کاتدا قووڵە کە وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندیکردن بە غەیبەوە لە کردارێکی هاوبەشدا بەرجەستە دەبێت، لە پێکەنیندا ڕێگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی دڵەڕاوکێ و لە هێما و ئاماژەدا زمانێکی بەدیل دێتە دی، لەو کاتەی وشەکان تێرا ناکەن و شکست دەهێنن. سەرەڕای ئەوەی کە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر کەلەپووری دەوڵەمەندی بەها واتایییەکانی قەڵاتی هەولێرێ، نەریتێکە ڕەگ و ڕیشەی لە پراکتیکەکانی بارانخوازیدا هەیە کە لە زۆر لە کولتوورەکاندا باو بووە، هەرچەندە لێرە تام و بۆیەکی هەولێرییانەی ناوازە و خۆماڵی وەردەگرێت، بە شێوەزار و کارەکتەر و ڕێ و بانەکانیشییەوە.
ئەوڕۆ لەگەڵ گۆڕانی شێوازی ژیان و نەمانی زۆر لە دابونەریتە فۆلکلۆرییەکان، ڕێوڕەسمی کۆسە بەبا وەک یادەوەرییەکی بەنرخ بۆ ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە ئەزموونیان کردووە یان بیستوویانە، هەروەک بانگهێشتێکی کراوەیە بۆ دووبارە لێکۆڵینەوەی کەلەپوور، نەک وەک نۆستالژیایەکی چەقبەستوو، بەڵکو وەک سەرمایەیەکی کولتووری و مرۆیی کە دەتوانرێت بۆ پاراستنی ناسنامە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری لە مێژوو و ڕۆحی شارەکەدا وەبەر بهێنرێت.
وەرگێڕانی: ئیسماعیل خالید گەڵاڵی