كادیرێكی سیاسی لە شارۆچکەی ڕواندز، دوای دەستگیرکردنی، بێبەریبوونی خۆی لە حزبی شیوعی ڕادەگەیەنێت و داوای ئازادبوونی دەکات.
بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمیی ساڵی ١٩٦٤، دەردەكەوێت كە عەلی عەبدوڵڵا ناسراو بە عەلی مەکتەبە، داواکارییەکی پێشکێشی موتەسەڕیفی لیوای هەولێر کردووە، بۆ ئەوەی ڕای بگەیەنێت ئەو لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە بەهۆی لایەنگریی بۆ حزبی شیوعی و بوونی بەداردەستی بێگانە، دەستگیر کراوە، بەڵام بێبەریبوونی خۆی لەو حزبە ڕادەگەیەنێت.
بەڵگەنامەكە ئاشكرای كردووە كە دوای ئەو داواكارییە، حاکمی گشتیی عەسکەری ڕەزامەندیی لەسەر ئازادكردنی عەلی مەكتەبە داوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە كە عەلی مەکتەبە داوای لە موتەسەڕیفی لیوای هەولێر کردبوو، ڕێگەی سەردانیكردنی بدات، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە بەردەمیدا بێبەریبوونەكەی ڕابگەیەنێت.
موتەسەڕیفی لیوای هەولێریش لە نووسراوێکدا، كە لە ١٩٦٤/١١/٤ ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی لیوای هەولێری کردووە، نووسیویەتی ئەگەر دەتواندرێت، عەلی مەکتەبە کە بەنووسراوی حاکمی گشتیی عەسکەریی ناوچەی باکوور دەستگیر کراوە، ئازاد بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی لیوای هەولێر لە ١٩٦٤/١١/١٤ بەنووسراوێک وەڵامی موتەسەڕیفی لیوای هەولێری داوەتەوە و ڕای گەیاندووە ”لەبەر مەترسیی عەلی مەکتەبە لەسەر ئاسایش، بە بەرژەوەندیی گشتی نازانین ئازادی بکرێت“.
موتەسەڕیفی لیوای هەولێر لە نووسراوێکی دیکەدا لە ١٩٦٤/١١/٢٢، داوای لە حاکمی گشتیی عەسکەری کردووە عەلی مەکتەبە کە لە ١٩٦٣/٦/١٨ بەهۆی پەیوەندیی بەکەسانێکی هەڵگەڕاوە و پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی پێشمەرگە و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە دژی (کۆماری عێراق) دەستگیر کراوە، ئازاد بکرێت.
موتەسەڕیفی لیوای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆیان ڕوون بووەتەوە عەلی مەکتەبە لە ١٩٦٣/١٢/٢١ بێبەریبوونی خۆی لە حزبە کوردییەکان ڕاگەیاندووە و لە ١٩٦٤/٦/٢٧ نووسراوی بێبەریبوونەکەی لە ڕۆژنامەی (فەجر ئەلجەدید) بڵاو کردووەتەوە، بۆیە وەک بەزەیی پێداهاتنەوە بەخێزانەکەی و ڕێخۆشکردن بۆ ئەوەی ببێتە هاووڵاتییەکی چاکەکار، داوای ئازاکردنی بە کەفالەت کردووە.
لە ١٩٦٤/١٢/٦ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لیوای هەولێر نووسراوێکی بۆ پۆلیسی ڕواندز ناردووە و تێیدا بڕیاری ئازادکردنی عەلی مەکتەبەی بە کەفالەتی ٥٠٠ دینار ڕاگەیاندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی عەلی مەکتەبە لە هەولێر هیچ کەسێکی نییە ببێتە کەفیلی، کەیسەکە ڕادەستی پۆلیسی ڕواندز كراوە.
بەڵگەنامەیەكی دیكەش، ئاشكرای دەكات كە خاتوو گل عەبدوڵا، هاوسەری عەلی مەكتەبە، لە ١٦/١١/١٩٦٤ داواکارییەکی پێشکەشی موتەسەریفی لیوای هەولێر کردووە، ئاماژەی بەوە كردووە كە هاوسەرەکەی بەتۆمەتی شیوعیەت، ماوەی سێ ساڵ و نیو دەستگیر كراوە، لە کاتێکدا بێبەریبوونی خۆی راگەیاندووە، كەچی ئازاد نەکراوە. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە پێنج منداڵی بچوکیان هەیە و زیندانیكردنی عەلی مەكتەبە باری ئابووریی خێزانەكەی شێواندووە.