لە شێستەکانی سەتەی ڕابردوودا شیوعییەکانی هەولێر و كوردستان بەگشتی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبوونەوە، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی ئەودەمی ڕژێمی عێراق، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەولێر خرانە زیندانەکانەوە.
لەم بارەیەوە، بەپێی نووسراوێكی فەرمیی ڕژێمی ئەوسای عێراق، ژنێکی هەولێری کە لە گەڕەکی مستەوفی دادەنیشت، داوای ئازادکردنی هاوسەرەکەی لە موتەسەڕیفی لیوای هەولێر كردووە، دوای ئەوەی بڕێكی زۆر پارەیان بژاردووە تا بە كەفالەت ئازاد بكرێت.
ساڵح عەبدوڵڵای پەرستار لە نەخۆشخانەی (جمهوری)ی هەولێر، ڕۆژی ١٩٦٣/١١/٤ بەبڕیاری حاکمی گشتیی سەربازیی ناوچەی باکور دەستگیر کرا و گوازرایەوە بۆ کەرکووک، دواتر ئەنجوومەنی سەربازیی عورفی دوای پێبژاردنی كەفالەت، بڕیاری ئازادكردنی دەركرد.
ئەگەرچی کەسوکارەکەی کەفالەتی یەک هەزار دیناریان بۆ ئازادكردنی دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمنیی هەولێر و کەرکووک ساڵح عەبدوڵڵایان ئازاد نەکرد، بۆیە کافیە ئەحمەدی هاوسەری ناچار بووە، بە نووسراوێک لە ١٩٦٤/٢/٤ داوا لە موتەسەڕیفی لیوای هەولێر بكات هاوسەرەكەی ئازاد بكات.
کافیە ئەحمەد لە داواکارییەکەیدا نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی کەفالەتیان داناوە و هاوسەرەکەشی بێبەریبوونی خۆی لە تۆمەتەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام ئازاد نەکراوە، بۆیە داوای لە موتەسەڕیفی لیوای هەولێر کردووە ”سۆز“ بنوێنێت و ”بەم بەرەبەری جەژنی ڕەمەزانە ئازادی بکەن“.
لە ڕۆژی ١٩٦٤/٢/١٠ یاریدەدەرێتیی ئەمنیی هەولێر بە نووسراوێک، موتەسەڕیفی لیوای هەولێری ئاگەدار کردووەتەوە، کە ساڵح قەوان لە کۆنە شیوعییەکانە و لە نەخۆشخانەش کۆبوونەوەی بە هاوڕێ شیوعییەکانی کردووە و کەسێکی ”مەترسیدارە“.
لە نووسراوەكەدا بەدیاریكراوی ئەوە هاتووە كە لە کاتی دەوامی فەرمیدا لە ژووری (تێبینی خۆیەتی)، کۆبوونەوەی بە شیوعییەكان كردووە، دوای دەوامیش لە نۆڕینگەی پزیشکیی دکتۆر ئستيفاندا كۆبوونەوەکانی ئەنجام داوە.
بەم هۆیەوە یاریدەدەرێتیی ئەمنیی هەولێریش داوای هەڵوێستی موتەسەڕیفی لیوای هەولێری کردووە سەبارەت بە ئازادکردنی بە کەفالەت.
ساڵح قەوان لەدایكبووی ١٩٣٤ی تەیراوە بوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواو کرد، دواتر خولی پەرستاری لە بەغدا خوێند، ساڵی ١٩٥٨ هاوسەرگیری لەگەڵ کافیە ئەحمەد کرد، خاوەنی نۆ منداڵ بوون بە ناوەکانی سامیە، نەجدەت، شلێر، نیهاد، شادیە، سەورە، ئەیاد، شەونم و نیاز.