دەیان كاسبكار لە گەنج و هەرزەکارەوە تا پیاوی پیر، لە دەوری باغی شار خڕ بووینەوە، خەریکی فرۆشتن، كڕین و گۆڕینەوەی تەسبیحن.
کرتەکرتی دەنکە تەسبیح و بریقەی ڕەنگە جیاوازەکان لە ژێر تیشکی هەتاودا، گوزارشت لەو بازاڕە دەکەن، کە لە تەسبیحی چینیی هەرزانەوە بگرە تا تەسبیحی قەزوانی ڕەسەنی چیاکانی کوردستان و تەسبیحی کارەبی گرانبەهای ئەڵمانیی تێدایە.
ئەو دیمەنە دەری دەخات تەسبیح لەو شارەدا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ زیکركردن، بەڵکو هێمایەک بۆ سەنگینی، دیارییەکی بەنرخ و هەندێک جاریش وەک سەرمایەیەکی گرانبەها و وەبەرهێنان سەیر دەکرێت، کە ناوجەرگەی بازاڕی كردووەتە بۆرسەیەکی زیندووی خۆی و مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەناو ئەو قەرەباڵغییەدا، پێشانگەیەکی گەورەی فرۆشتنی تەسبیح بە تاک و كۆ هەیە، هی عەبدوڵڵا عەزیز و برایەکانیتی. کاری ئەوان زۆرتر پەیوەستە بە هاوردەکردنی تەسبیح لە وڵاتانی چین، تورکیا و ئێرانەوە؛ بەهۆی گونجاویی نرخ و جوانییەکەیانەوە، زیاتر لەلایەن ئەو کەسانەوە دێنە کڕین کە دەچنە حەج یان عومرە، تا وەک دیاری پێشکێشی میوانانی بکەن، ئەمەش بەشێکی گەورەی بازاڕەکە پێک دەهێنێت کە بەردەوام داوای لەسەرە.
٣٥ ساڵە بنەماڵەی عەبدوڵڵا عەزیز خەریكی تەسبیحن و ئەویش لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە، دەڵێت ”بابم لە نۆهەتەکان دەستی بەو ئیشە کرد، ئەمن و براکانیشم لە گچکەیییەوە لەگەڵی دەچووین. ئەو وەختی تەسبیحمان لە ئێرانێوە دەینا“.
لە ٢٠٠٧ بەدواوە، باوکی عەبدوڵڵا سەردانی چین دەكات، نموونەی تەسبیحی خۆماڵی، تورکی و ئێرانییش لەگەڵ خۆی دەبات، لەوێندەر بە کوالێتی جیاواز دروستیان دەكات.
ئێستەش لە پێشانگەكەیاندا، نەک هەر تەسبیحی ٣٣ دەنکی، بەڵکو ١٧ دەنكی، ١٠١ی، ٥٠٠ی و هەزار دەنکیشیان هەیە، كە لە مادەی جیاوازی پلاستیک، شووشە، دار، ئاسن، بەرد، قەزوان، پۆلستەر، سەندەلۆس، زەعفەران و کارەب دروست کراون.
بەردەوام خواستی خەڵك لەسەر شێوەکانی تەسبیح دەگۆڕێت؛ عەبدوڵڵا عەزیز دەڵێت ئێستە دەنکی شێوە برنجی، جۆیی و لاکێشەیی باویانە، تەنانەت تەسبیحی تایبەت بە ژنانیان هەیە کە کریستاڵی و بریقەدارن، لەگەڵ تەسبیحی گەورەی دیوەخان کە لەگەڵ جلی کوردیدا دەگونجێت.
كریستیانەكانیش بەشداریی ئەو بازاڕە دەكەن، تەسبیحفرۆشەكە پێی وایە ئەوان مەرەقیان لە تەسبیحی دارە، كوردانی ئێزیدییش ڕەنگی شینی فەیرۆزییان دەوێت، گەشتیارانی عەرەب و بیانییش بۆ دیاری تەسبیحیان لێ دەكڕن.
تەسبیحفرۆشەكانی هەولێر بەشی شارەكانی عێراقیش هاوردە دەكەن، لێرەوە تەسبیح بۆ بەغدا، نەجەف و کەربەلا دەنێرن. عەبدوڵڵا عەزیز دەڵێت ئێستە تەسبیحفرۆشی بووەتە بازرگانییەكی ملیۆن دۆلاری و ساڵانە بایی چەند ملیۆنێك هاوردە دەكرێت و بە زۆرییش لە هەولێرێوە هەناردەی شارەكانی كوردستان و عێراقیش دەكرێت.
تەسبیحی چینی بازاڕەکەی کۆنترۆڵ کردووە، بە گشتی نرخەکانی لە ٢٥٠ دینارەوە دەست پێ دەکات تا ١٠ هەزار دینار، بەڵام چەند جۆرێكیش لە تەسبیحی چینی هەن نرخیان دەگاتە ملیۆن دینار.
ئارەزووی کڕینی تەسبیح لای هەندێك کەس لە سەرووی پێداویستییە سەرەتایییەکانەوەیە، خەڵک هەبووە پارەی خواردنی پێ نەبووە، بەڵام نەیتوانیوە دەستبەرداری كڕینی تەسبیح بێت، چونکە هەبوونی تەسبیحی لەلا بووەتە عەشق، وەك تەسبیحفرۆشەكان باسی دەكەن، تەسبیح لەگەڵ خوێنی ئارەزوومەندەكانی تێكەڵ بووە.
زۆر لە عاشقانی تەسبیح لە ناو قەرەباڵغییەکەی باغی شار دەبیندرێن، كە بە دوای جۆرە ناوازە و گرانبەهاکانی تەسبیحدا دەگەڕێن، یەكێكیان ناوی حاجی خالیدە، ناوێکی دیاری ئەو بازاڕەیە. ئەو هەندێك جار تەسبیحفرۆشە، هەندێك جاریش كڕیارە، بەڵام شارەزایییەکی قووڵی لە تەسبیحدا هەیە، کڕیارەکانیشی تەسبیحزان و کۆکەرەوەی تەسبیحە دەگمەنەکانن. حاجی خالید خۆی بەپسپۆڕی کارەب، کەرمان و سەندەلۆس دەزانێت و پێی وایە ”هەوكە بازاڕەكە بەعام كز بووە، لۆیێ سعری تەسبیحیش وەکی جاران نەمایە، بەس ئەوەی بەڕاستی مەرەقی تەسبیح بی، هیچ وەزعەك تەئسیری لێ ناكا و تەسبیحی خۆی هەر دەکڕیت، ئەوجا نانیشی نەبی بخوا“.
ئەو شارەزایە مامەڵە بە تەسبیحی گرانبەها دەكات و جار هەیە نرخی یەك تەسبیح لە لای ئەو دەگاتە حەفت هەزار دۆلاری ئەمریكی، بەتایبەت تەسبیحی کەرمانیی کۆن و کارەب کە بە گرام دەفرۆشرێن. ئەو باسی پێویستیی وردبینی و ئەزموونی درێژ دەكات لە پیشەكەیدا و دەڵێت ”کڕین و فرۆشتنی تەسبیح پێویستی بە شارەزایییەكی زۆرە، جار هەبووە تەسبیحی لەنگەیان بە ١٠ هەزار دیتیتەوە، لێرە بە دە وەرەقەمان لێ كڕینەوە، چونکە لە جۆری کەون و دەگمەن بووە“.
تەسبیحی قەزوان بەشێکی سەرەكیی ئەو بازاڕەیە، زانا عەبدولباسیت بازرگانێکی دیار و گەنجی بوارەكەیە، ماوەی ١٧ ساڵە کار لەسەر زیندووکردنەوەی تەسبیحی قەزوان دەكات وەك میراتێكی نیشتمانی.
لە گوندەکانی سەرگەڵو، بەرگەڵو، قەرەنگێ و شەدەڵە لە ناحیەی پیرەمەگروونی سلێمانی قەزوان دەکڕێتەوە، لەناو ماڵاندا لە هەولێر كونیان دەكات و گورینگیان بۆ دروست دەكات. زانا ئاماژە بەوە دەکات ساڵانە بایی ٦٥ تا ٧٥ ملیۆن دینار قەزوان دەکڕێتەوە، تا شەش هەزار تەسبیح بە كۆ دەفرۆشێت. دەشڵێت ”ئێستە بازاڕ تەسبیحی قەزوانی ١٠١ دنکی ناوێت، خەرک زۆرتر داوای تەسبیحی درێژ دەکەن کە دەگاتە مەترەك“. نرخی ئەو تەسبیحی قەزوانە لە پێنج هەزارەوە دەست پێ دەكات، بەڵام هەیانە نرخی دەگاتە ٦٠٠ هەزار دیناریش. زانا پێی وایە قەزوانی لاسوورە دەگمەنترین و گرانبەهاترین تەسبیحە، خەڵکی هەولێر لە دوای ئەو جۆرە دەگمەنانەن و پارەی باشی پێ دەدەن.
تەسبیح وەك كارێكی هونەریی دەستكرد، لە كۆنەوە چەندین وەستای ناودار كردووە، ئێستەش وەستا سابیر، نموونەی ئەو وەستا دەستڕەنگینانەیە کە ماوەی ٣٣ ساڵە لە ماڵەکەی خۆیدا، بەئارامی و وردەکارییەوە، بەرد و دارە گرانبەهاکان دەكات بە تەسبیح. دەڵێت لە سەرەتای نۆهەتەکان لە جۆرە شووشەیەک بە ناوی (جامە تەیارە) تەسبیحی دروست دەکرد، دواتر کەرمان و نەرجیل هاتنە بازاڕ.
هەروەها نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لەوەی وەستا باشەكان پاشەکشەیان لە ئیشەكە کردووە، چونكە وەك خۆی دەڵێت ”هەندەك تاجیر پەیدا بووینە، لێ ناگەڕێن ئیشەكەی بە جوانی بكەین، هەر تەسبیحەكی نایاب دروست دەكەی، یەكسەر نموونەی لێ دەبەنە چین و هەزاران قلی لەسەر دروست دەكەن و بە هەرزان دەیفرۆشنەوە“.
سەرەڕای ئەوەش، هێشتا تەسبیحفرۆشەکان بۆ ڕێکخستنی تەسبیحی هاوردە بەپێی زەوقی هەولێرێ، پەنا بۆ دەستی ئەو دەبەن، لەم بارەشەوە دەڵێت ”جار هەیە تەسبیح لە تورکیاوە دەینن، لەگەڵ زەوقی هەولێریان نەهاتیتەوە، کڕیاری نەبووە، لۆیێ لۆ منیان هینایە و پاش دەستکاری، ئەوجا فرۆشرایتەوە“.
نرخی ئەو تەسبیحانەی وەستا سابیر دروستیان دەکات، لە ٢٥ هەزارەوە دەست پێ دەكا، لە باسی نرخی بەرزیشەوە دەڵێت ”لە بەینی ٢٠١٠ و ٢٠١٣ تەسبیحی ئەوهامان دروست دەکرد سعری دەگەیشتە ١٠ هەزار دۆلار، بەس ئێستە بازاڕەكە كز بووە و گۆڕایە“. ئەو وەستایە نزیكەی ١٠ ساڵ دەبێت بەرهەمەکانی بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەنێرێت.
هەرچەند تەوژمی هاوردەی چینی هەڕەشە لە كار و دەستڕەنگینیی وەستا کۆنەکان دەکات، بەڵام تەسبیحی قەزوان وەک نیشانەیەكی ڕەسەن لە ناو دەستی کورداندا دەمێنێتەوە، وەك ئاوێنەیەک بۆ مێژوو، هونەر و سەرمایەی خەڵكی ناوچەكە.