بیرۆكەیەك بۆ بەندیخانەكانی هەولێر
بیرۆكەیەك بۆ بەندیخانەكانی هەولێر

لە شوێنێکی گشتی بووم، گەنجێک لێم نزیک بووەوە، دوای سڵاو و چاک و چۆنی، گۆتی زانیم لێرە دەبی، بەتایبەتی بۆ سەردانت هاتم.
لەگەڵی دانیشتم باسی حاڵەتێكی خۆی بۆ گێڕامەوە و گۆتی لە ئەنجامی هەڵەیەک کە وای زانیوە کارێكی چاکی کردووە، ماوەی دوو ساڵ بەند کراوە. ئێستە نیوەی حوکمەکەی تەواو کردووە و هیچ گیروگرفتی نەبووە لە کاتی بەندكردنەكەیدا، بۆیە مۆڵەتی بەندیخانەی پێ دراوە، بۆ ماوەی هەفتەیەک دەتوانێت لەوێ بێتە دەرێ و بچێتەوە ناو خێزان و كۆمەڵگە، لەو ماوەیەشدا بڕیاری داوە سەردانی من بکات.
لە بارودۆخی ناو بەندیخانەم پرسی، داخوا چۆن كاتەكەی بەڕێ دەکات، گۆتی “ئەمە پتر لە ٢٠ بەندكراوین لە ناو یەك هۆڵ، زۆربەمان خەریکی خوێندنەوەی کتێبین، ئێستە لە چاکسازی ڕێگەمان پێ دراوە مانگانە لە دەرەوەی بەندیخانە سێ کتێبمان بۆ بێت. کەسوکار و برادەران ڕادەسپێرین کاتی سەردانیکردنمان کتێبمان بۆ بێنن، دوای خوێندنەوەی ئەو كتێبانە، لەگەڵ بەندكراوەکانی دی ئاڵوگۆڕیان پێ دەکەین، بەو شێوەیە دەتوانین ژمارەیەکی زۆر کتێب بخوێنینەوە”.
درێژەی پێ دا و گوتی “تا ئێستە پتر لە ١٠٠ کتێبم خیندیتەوە، کە پێش بەندیخانە تا قۆناغی ئامادەیی، دوژمنی کتێب و خوێندنەوە بووم، تەنیا سەیری وێنەی ناو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکانم دەکرد.”
ئەو قسانەی بەندكراوە مۆڵەتدراوەكە زۆر دڵخۆشی کردم، گرینگە لە چاکسازیدا کتێبخانە هەبێت، بەندكراو کتێب بخوێننەوە، لە زەمانێکدا خەریکە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو سەردەمی ڕۆچوون و داتەپینمان دەبەن، بابەتە فشقیات و قەشمەرسازییەکان بوونەتە ترێند، گەنجانیان سەرقاڵ کردووە، خوێندنەوەی کتێب و خوێندەواران وەک هاوەڵانی ئەشکەوت نامۆ بوون.
زۆر پێویستە ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، یاسا و ڕێسایەك دەربکەین، تا وەک وڵاتانی فلیپین، بەڕازیل، ئیتاڵیا، سعودیە و وڵاتانی دیكە، بە خوێندنەوەی هەر کتێبێک، بەندكراو پاداشت بكەین، ماوەی چەند ڕۆژێکی بەندكردن دابەزێنین، چونکە ئەوە گرینگترین جۆری چاکسازییە، ڕاستییەكەی ئەوەیە مەبەستی سەرەكی لە بەندكردن، چاکسازی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved