وێنژە
وێنژە

ڕۆمانی یابانی بەردەوام لە پێشکەوتن دایە.
بەپێی سەردەم و ئاریشەکانی تاک، خۆی نوێ دەکاتەوە.
نوێترین لکی، ڕۆمانی چارەسەری/‌ هێمنە (Quiet/healing novel).
شوێن لەم ڕۆمانەدا کافتریا، کتێبفرۆشی، کونجێکی ماڵ، ئەشکەوت، گۆشەیەکی لاچەپی شارە. بە هێمنی ڕۆ دەچێتە ناو ناخی تاک و بەرەواژی دەکاتەوە.
تەماشا دەکەی، چارەسەرەکە خۆکوشتنە!
ڕاستە خێرا پێش دەکەون و دایمە ژانری نوێیان هەیە، بەڵام من هیچ چێژێک لە ڕۆمانی یابانی وەرناگرم، پێم باش نییە تاکی کورد، بەتایبەتی ڕوواڵ، بیخوێننەوە، چونکە بێ هیوات دەکەن لە ژیان، پەسنی خۆکوشتن و بێزاری و بێ ماناییی ژیان دەكەن، بەرەو ڕەشبینیت دەبەن.
بۆ نموونە مانگەی یابانی (ڕۆمانی ئەنیمی، ڕۆمانی وێنەیی)، بە گشتی، تژییە لە تێمایەلی خۆکوشتن، ڕفاندن، کوشتن، خوێنڕشتن، شەڕ و لێدان.
بۆ وشەی مانگە، من وێنژە بەکار دێنم، کە لە دوو وشە دام تاشیوە: وێنە و وێژە. وێنژە واتە وێنەی ئەدەبی. مانگەیش لە بنەڕەتدا وێنەی ئەدەبییە. ڕوواڵانی کوردستان (تەمەن ١٠ -١٨)، زۆربەیان خوویان داوەتە وێنژەی یابانی. لۆ؟ لەبەرئەوەی ئێمە وێنژەمان نییە. ڕۆماننووسانی مە بەس ئازان لە ڕیزکردنی قسەی پان و گەورە، ئاگایان لە ئەدەبی نوێ نییە، خەیاڵیان وشک بووە، داهێنەر نین. لەبەرئەوەی ڕۆشنبیرانی مە بەس ئازان لە ناساندنی چەمکەیلی فەلسەفیی بیانی، خۆیان هیچیان لە باردا نییە. لەبەر هەندێ، ڕوواڵ و گەنجمان بە دوو بیانییەکان دەکەون.
کاتێ زانیم وێنژەی یابانی باش نییە بۆ ڕوواڵانی مە، بیرم لە نووسینی وێنژەی کوردی کردەوە. بیر بووە قسە، قسە بووە کردار. نووسیم. لە گەلێ دەرگەم دا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی، کەس نەیدەزانی باسی چی دەکەم.
بورهان سابیری سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهان لەگەڵ ئەو زیاد کەریمەی کە ئەکتەرێکی باشە، سێ مانگان ئەمنیان هێنا و برد، هەر نەیانزانی وێنژە چییە. بە سوپاسەوە، ناوەندی کولتوور، کتێبی یەکەمی چاپ و بڵاو کردەوە. کتێبی دووەم وا ئامادەیە بۆ چاپ.
وێنژەکە ناوی (سوپای بەکتریاکان)ە، باسی ڕوواڵێکی کورد دەکات، کو هەموو دنیا سەرسام دەکات بە بیرۆکە و بەکتریاکانی. چیڕۆکەکە گەلێک باشە بۆ هزر و خەیاڵی ڕوواڵانمان.
پاشان، لە دەرگەی چەند قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتیم دا لە هەولێر، گۆتمنێ، کارێکی باش دەبێ ئەگەر قوتابییەکان وێنژەی کوردی بخوێننەوە. گوتیان ئاخر بە کوردی کەس ناخوێنێتەوە، گوتم سوپای بەکتریاکان بە کوردی و ئینگلیزییە، هەر وەریان نەگرت و خۆیان لە خەت دا، تومەز هەر بە دوای پارە کەوتوون و بازرگانی بە خوێندنەوە دەکەن، وەزارەتی پەروەردەیش زەق زەق تەماشایان دەکات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved