ئەو زستانەی چوومە شاری (حەمامات)ی تونس، شارێکە لەسەر دەریای سپیی ناوەڕاست، سەدان هەواری گەشتیاریی تێدایە، زۆرتر ئینگلیز و ئەڵمان ڕووی تێ دەکەن، بێجگە لە زمانی عەرەبی؛ ئاخاوتنی فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئەڵمانی و سویدی دەبیستیت! کەشوهەوا، دەریا و کەنارەکانی جوانن، لە هەمووشی جوانتر و نایابتر؛ شێوازی بیناسازیی شارەکەیە! ڕەنگی سپی و شینی خانووەکانیەتی!
بەڕاستی لەناو ئەو شارەدا، لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی، شەقامە کۆنە ماندووەکانی، لە بەردەم دەرگە گەورەکانی، لە دیار پەنجەرە شینە بەرزەکانی؛ سەرسام و حەپەساو دەوەستیت! دیمەنەکان سادەن، بەڵام بەڕاستی هونەرین. دیارە بەسیستەم، خەڵک، کولتوور و ڕابردووەکەیان جیاوازە! ئەوانە بە ڕەگەز، ناسنامە، پێناسەی جوان و عەشقی زۆری خەڵک و حکوومەت کراون! لەسەر کەنارەکە، بەرانبەر شێتی و هاوارەکانی دەریاکە، شوورەیەکی بەردینی بەرز دیارە! شوورەکە وەک ئەوەی لە دوورەوە بانگت بکات، بڵێت وەرە ناو شارە کۆنەکە، (المدینة العتیقة) ببینە، دوور نییە، تۆ حەز بەو کۆڵانانە، نەخشەکانی بکەیت! تۆش گەشتیاری، پیادەی، دەتەوێ کەمێک ئازادی بە شەپۆڵەکان بدەیت، تا شەرم نەکەن، بێنە نزیک خەڵکەکە، لەنجەولار سەما بکەن، بۆیە دەچیتە ناو شوورەکە، نێوان دیوارە بەرزەکە، ناو قەڵاتەکە.
شارە بچووکە کۆنەکە، چەندان کۆڵانە؛ چەندان خانووە، ڕووبەرەکەی گەورەش نییە، باڵەخانەی شووشەبەندی بەرزی چەند نهۆمی لەناودا نییە، مارکێت و مۆڵی تێدا نییە. شارە کۆنەکە، بەڕاستی دێرینە، بەکۆنی ڕاگیراوە، لەسەر شێوازی سەدەکانی ناوەڕاست نۆژەن کراوەتەوە. ئەو قەڵاتە سەردەمی زۆری دیوە، بەڵام نەگۆڕاوە، نۆژەن کراوەتەوە، دەستکاری نەکراوە! خزمەت کراوە، ڕاگیراوە، بۆیە کراوەتەوە، بەڵام بەرزتر نەکراوە، کۆڵانەکانی بەرین نەکراون، عامود و بورجی لەناو قیت نەکراوەتەوە!
خانووە یەک نهۆم و دوو نهۆمەکانی نوێ، پاک، ئاوەدانن! چوومە بەر دەرگەیەک پیاوێک دەیویست دەرگە بکاتەوە بچێتە ناوەوە، لێی نزیک بوومەوە و پرسیم؛ ئەو خانووە موڵکی خۆتە؟ ئەویش شیرین وەڵامی دامەوە: موڵکی خۆمانە، لێرە دەژین، هەموو خانووەکان ئاوەدانن! بەڵێ شارە کۆنەکەی حەمامات ئاوەدانە، دەرگەکان دەکرێنەوە، پەردەی پەنجەرەکان دەلەرینەوە، گوڵدانەکان بۆن و جوانی دەبەخشن! کۆڵانەکان بەردڕێژ، دیوارەکان لووس و خاوێنن، کەرەستەکان کۆن و نەخشەکان سادەن!
لەوێ بەرانبەر هەمووان، بەخەمەوە، بەتەوس، تووڕەش دەمگوت؛ کەنگێ کۆڵانەکانی شارەکەم، تەعجیل، خانەقا، سەعدوناوە، کۆڵانی عەرەبان، سەیداوەی سەید بەهیە، بەشێکی تەیراوەی کۆنترین و دەوڵەمەندترین شاری دونیا، بەو جۆرە خزمەت دەکرێن!؟