لە ڕەنگوڕوو وێدەچوو هەشتای تێپەڕاندبێ، لێ کە دەهاتە گۆ، دەتگۆ لە سییەوە بۆ پەنجا دەچێ. دەیگۆ: تا زارم بگەڕێ، خانەنشین نابم. با میری هەر بڵێ: لۆ ماڵێ.
من تا ئەو کاتە لە نزیکەوە عارەبی وا بوێر و شیرنم نەدیبوو، زاری هەنگوینی کوێستانی لێ دەچۆڕا، دەتگۆ دڵی تریواندوویەتی کە مەرگ چەند حەفتەیەک لێیەوە دوورە، هەرچی بەبیریدا دەهات، دەهاتە سەر زاری و نەیدەگێڕایەوە. لەو ڕۆژە ڕەشە و لەو شوێنە هەستیارە کێ زاخی ئەوەی تێدا بوو شتی وا بڵێ.
سەرەتا لە دڵی خۆ گوتم: هەبێ نەبێ بەعسییەکی پیسە، دەخوازێ تامی زارمان بکات و بە داوێوەمان بکات. لێ زوو پێکەوتم چەپێکی سەرڕاستە و بەعس دەستەمۆی نەکردووە. لە وانەگۆتنەوەدا هێندە بە لای کتێبەکەدا نەدەچوو، دەیگۆ: دەسەڵاتدار بە دڵی خۆی دیرۆک دادەڕێژێتەوە.
دیرۆکناسێ بوو نەبێتەوە، دیرۆکی کۆنی نێوان دوو زێ و میسر و ئێران و ڕۆژهەڵات دەتگۆ لە ناو لەپی نووسراوەتەوە، خوا خوای بوو کەسێ پرسیارێکی لەو دیرۆکە لێ بکات. دیرۆکی ماد و گۆتی و لۆلۆ و ئەوانەی بەڕوونی دەزانی.
بیرم دێ پرسی: کێ لە ئێوە شتێ لە بارەی سۆمەرییەکانەوە دەزانێ؟
کەس دەستی هەڵنەبڕی، بێ گومان تێماندا هەبوو شتێکی لە بارەیانەوە دەزانی، منیش کەمێکم لێیان خوێندبووەوە، بەڵام نەمدەزانی بە عارەبی بئاخفم، لۆیە هیچم نەگۆ. یەک دوو خولەک چاوەڕێی وەڵام بوو، نەبوو. گوتی: کوڕم، کچم، بخوێننەوە. من لەو ساڵانەی دوایی گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە سۆمەرییەکان باپیرە گەورەی ئێوەن.
چەند خولەکێ باسی سۆمەری و داهێنانی نووسین و ئەو شتانەی کرد. لە تەنیشت کوڕێ دانیشتبووم، ناوی یاسین بوو خەڵکی نەینەوا بوو، گوتم: لە دکتۆر بپرسە: عارەب لە کەیەوە هاتوونەتە عێراقێ؟
یاسین پرسیارەکەی بەو شێوەیە لێ کرد: ئوستاد، لە عێراق عارەب کۆنترە، یان کورد؟
ئوستاد پێکەنی و گوتی: عارەب عارەب! ئەدی نەمگۆ سۆمەرییەکان باپیرە گەورەی عارەبن.
کچێ کە لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوو، بە سەرسوڕمانەوە گوتی: ئوستاد، پێشتر گوتت: کورد دەچێتەوە سەر سۆمەرییەکان؟
ئوستاد بزەیەکی هاتێ و سەری بادا، سەربادانێ ئەگەر بیکەیتە چەند وشەیێ، ڕستەیەکی وای لێ دەردەچێ: کە تێنەگەن چیتان لێ بکەم!
لە وانەیێ قەڵاتی هەولێری هێنایە ناو باسانەوە: ئێوە دەبێت شانازی بەو قەڵاتەوە بکەن، قەڵات ئەگەر بەجوانی بە دنیا بناسرێ و بایەخی پێ بدرێ، لە هەموو دنیاوە گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، داهاتەکەی وڵاتێک دەژیێنێ.
ئوستادی ئێمە زۆرینەی دیرۆکنووسانی کوردی دەناسی، لە شەڕەفخانەوە تا دەگاتە زوبێر بیلال و کەمال مەزهەر. ئەحمەدی خانی و گۆران و ئەوانەشی دەناسی. تۆفیق وەهبیشی لە نزیکەوە دیتبوو. ئەوجا هەر لەو سەروبەندە بوو تۆفیق وەهبی کۆچی دواییی کردبوو و تەرمەکەی هاتبووەوە کێوی پیرەمەگروون.
لە وانەیەکدا باسی ئەوی هێنایە گۆڕێ: پیاوێکی شارەزا و دڵسۆز بوو، بەڵام حەیف، ئینگلیزدۆست بوو.
ڕقی دنیای لە ئینگلیز بوو، ئەو دژە ئینگلیزە، ئەو دیرۆکناسە، ئەو ئوستادە بوێرە ناوی د. عەلی بوو. حەزم دەکرد هەموو ڕۆژێ وانەی ویمان هەبێ. حەیف هەر یەک مانگ و حەفتەی جارێ دوو هاتە ناو پۆلێ. لە پڕ هەواڵی مەرگی هات، نەمزانی تەرمەکەیان بردەوە بەغدایێ، بەسرایێ، کێندەرێ؟