لە ئاخیری نۆهەتەكان، تازە پاڕك كرابووەوە، قل قلە خەركی فەقیر و ماندیی هەولێرێ بە سواری شڕە تەکسییەك، خۆیان دەگەیاندێ. لە بیرمە دارەكان جارێ ساوا بوون، هەتا درەنگی هێوارێ سێبەرەکت دەست نەدەكەت، بەرام لە چاوی مە ئەو وەختی، دروستكردنی ئەو كەسكایییە لەناو شار، سەرچاوەی خۆشییەكی گەورە بوو.
پاڕكی سامی عەبدوڕەحمان، كە ئێستە لە گەشی و جوانیدا گەییوەتە لووتكە، تژییە لە درەختی بەژنزراڤ و گوڵ، باڵندە و ئاژەڵی كیوی، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمیی كارگێڕی، خەریكە ناسنامە ئیکۆلۆژییەکەی لەدەست دەدات، چیی دی جێی هەناسەی خاوێن و جێ حەسانەوەی جاران نامینێت، بەڵكو چڕە دووكەڵی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ و مەكینە، وەت لێ دەكەن لۆ پیاسەكردنەك فكر لە بەستنی ماسك بكەیەوە.
هەوكە، بە سبەینە یان ئێوارە بچییە پاڕك، ژاوەژاوی تڕومبێل، تراكتۆر، ماتۆڕ و لاندگرۆز، خێر و خۆشیی ئەو وەختەت لە بەین دەبەن، كە بە نیازی هێوربوونەوەی دەروون لۆ چوونە پیاسەكت تەرخان كردییە.
وەختەك لۆ خاتری تەندروستیی خۆت و ئارامبوونەوە لە ناو پاڕكی، لە ناكاو سێ چار جگەرەكێش لەناو تڕومبێلەكی برندی ژمارە شین، بەرەو ڕووت دێن، تەپوتۆز و دووكەڵپڕژێنت دەكەن.
سبەینەك لۆوەی دە كیلۆمەتر بە پێ بڕۆم، زیاتر لە پازدە تڕومبێل و تراكتۆر و ماتۆڕ و زبڵڕێژم بەرەو ڕوو هاتن، هەر لەناو پاركی نامەكی دەنگییم لۆ بەرپرسەكی كارگێڕی نارد، پێمگۆت پارك لەبەر سەیارە، نە بە شەوێ نە بە ڕۆژێ كەلكی پیاسەی مایە، ئەو سوپای كرێكارە بستەك بە پێ ناڕۆن، تراكتۆر و ماتۆڕ و قەمەرەی دووكەڵاوی بەكاردەینن، پۆلیس و كارمەندانیش لەولای ڕاوەستی.
ئەگەر ئەو كارمەندانەی پاڕك سوندیان خواردییە پێ لە عاردی نەدەن و هەر بە سواری بگەڕێن، پێویستە ژمارەكی سنوورداری ئۆتۆمۆبێلی كارەبایی دابین بكرێت، لۆ وەی چیی دی ژینگەی پاڕكێك نەشێوێنن كە بە سییەكانی هەولێرێی دەزانین.
پار، کوردستان فاوندەیشن، پڕۆژەیەكی ژینگەپارێزی گرینگی مروەژیكردن (ڕیسایکلین)ی ڕاگەیاند، بەشەکی لە پاڕكی سامی جێبەجێ كرا، سەتان سەتڵی لۆ جیاكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بڵاو كردەوە، هەنگاوەكی گرینگتر دەبیت لە ڕێی پڕۆژەكی دیكە، ژمارەك ئۆتۆمۆبێلی كارەبایی لۆ ڕاییكردنی خزمەتگوزارییەكانی ناو پاڕك دابین بكەن، بەڵكو چیی دی سەردانیكەرانی پاڕك مەحکوم نەبن بە هەڵمژینی دووكەڵی ئەگزۆز.