سوله‌یمان كچیل ڕه‌حمان (زایینه‌ى ١٩١٢)، جگه له سێناوه‌ى خۆى ناسناوى (شاشێ)ى هه‌یه، خه‌ڵكى گوندى جۆنه‌له‌یه، كه سه‌ر به قه‌زاى خه‌لیفانه.
مام سوله‌یمان سه‌رچاوه‌یه‌كى تۆكمه‌ى كه‌له‌پوورى كورده‌واریى ناوچەكه‌یه و دەڵێت به درێژاییی مامۆستایه‌تیم له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییی گوند، له مانگى یه‌كى ١٩٨٢ هه‌تا مانگى هه‌شتى ١٩٨٦، به‌پێى ده‌رفه‌ت و گه‌ڕان و كۆكردنه‌وه، به‌رهه‌مدار بووم به هه‌ندێ زاراوچه‌ى فه‌رهه‌نگنه‌دیو یا كه‌م لێ نووسراو، له‌وانه:
ئاوه‌گر: (ئاوه‌گڵ) به‌راز و سه‌گ ئاوه‌گرن، ئه‌وی دى مرداره.
ئه‌سپى بزمار: هه‌سپه‌كى ڕه‌مه‌كى بكه‌ویته ماینه‌كى حه‌دوود، ئه‌گه‌ر ئه‌و ماینه (حه‌مله) بگرى و بزێ، جا هه‌سپ بى یان ماین، كه گه‌وره بوو، زین و جل كرا، نابیته حه‌دوود، به‌ڵام ئابێنێ (بزمار) زۆریش په‌قه‌وه‌ته.
به‌رده‌كۆخ: ئه‌و به‌رده ده‌كه‌وێته پشت گوندى كانى كۆلك (سه‌ر به ناحیه‌ى خه‌لیفان)، هه‌وكه شكایه، پێشان كه‌سێك كۆخه‌ى لێ با، له بنى تێپه‌ڕ با، ده‌یگۆ و چا ده‌بوو: به‌رده كۆخ/ لێت تێمه ڕۆخ/ لێم بێخه كۆخ.
بنه‌رۆك (ـ ر ـ سووك): وه‌ختى گه‌نم ده‌ینن، له بێژنگى ڕای ئه‌شه‌قێنن گه‌نمى لێ ئه‌گرن. لۆ بڕووش و ساوار و گه‌نمه‌كوتا، ئه‌وه‌ى ده‌مینێ ده‌بته (هوردكه) به‌كه‌ڵك نایێ، زیوان و شێلمه‌ى له‌گه‌ڵه، پێی ده‌ڵێن (بنه‌رۆك).
بیره‌خه‌و: نه خه‌وى به‌ڕاستییه، نه خه‌وى به‌قه‌ستییه، ده‌ڵێ: له بیره‌خه‌وێ بووم.
تفه‌نگ: جۆره‌كانى تفه‌نگه ڕه‌شكه، تۆخ زه‌رد، سوله‌یمانى، سۆزه‌نى، تفه‌نگى قوته بۆتانى، تفه‌نگه حوسكە، ئه‌ره‌مانى (ئەڵمانى)، نیهایه‌ت، جامبێزار، نه‌ختالى (كلیلى) و قه‌سه‌لى.
مام سوله‌یمان هاته‌وه سه‌ر تفه‌نگه ڕه‌شكه و گوتى ئەویش سێ جۆرى هه‌یه، به‌روه‌ر، سه‌روبن شینكه‌ى سارمه و ته‌نكه زیوه كە پێیان ده‌گوت (گه‌رده‌ن مار).
مام ده‌روێش شه‌ریف خه‌ڵكى گوندى گۆڕه‌ز، له‌وێ ئاماده بوو، ناوى ئه‌م دوو جۆره تفه‌نگه‌ى زیاد كرد: ماتیلى و ته‌لیعه.
جۆره‌كانى مه‌له‌وانى: مه‌له‌باسكه، مه‌له‌بۆق، مه‌له‌پشت، مه‌له‌سه.
منیش گوتم ئه‌وه به‌ڵگه‌ى فراوانى زمانى كوردییه، له شارى هه‌ولێر ئێمه ده‌ڵێین باسكه‌مه‌له، بۆقه‌مه‌له، پشته‌مه‌له و سه‌گه‌مه‌له.
حێزیا: قۆچى هه‌یه، قه‌لبى به زله‌مووه، به‌ڵام وه‌كى عیسان یا بزن پڕ نییه، جێ جێیه، حێزیا ئه‌ستوور و په‌سامه.
خرپ: دارێكى درێژه و لووس لووسه، لۆ كاریته‌ى سه‌ربان باشه.
ڕه‌مه‌كى: هه‌سپه‌كى به‌ڕه‌ڵڵا و بێ قیمه‌ته (گه‌رمیان و كێستانى) پێ ده‌كه‌ن، بارگه‌ى حه‌موو ئیشه‌كى ده‌گرى، هه‌ر وه‌تۆ په مرۆى ڕووت و فه‌قیر ئابێن ڕه‌مه‌كییه.
شیوه‌سۆر: ته‌ماته نه‌بوو، وه‌كى په‌یدا بوو شیویان لێ ده‌نا، ده‌یانگۆ (شیوه‌سۆر).
قه‌له‌مراوى: باڵنده‌یه هه‌نده‌ك ڕه‌شه هه‌نده‌ك به‌ڵه‌كه، وه‌كى مراوییه له ده‌و ئاوێ هه‌یه.
قدیله: كدیله به زمانى هه‌نده‌كان، گرێى هه‌وكى له ده‌رێ دیاره، ئى هه‌نده‌ك زه‌قه، هه‌ر به سه‌رك و دمكى ته‌یرى گۆشخۆر ده‌چى.
كه‌مباز: هه‌شارگه‌یه، كه له به‌رزاییی چیا یا گرد بڕۆنته نزمایى.
كویك: به‌زۆر نزم گێم له ناوى بووه: كیویك، چویك (به ـ چ ـ قه‌ڵه‌و) یا ته‌یرى دار هه‌ڵكۆڵین، ڕه‌نگى سۆر و سپى و ڕه‌شه، هه‌ر له سبه‌ینێ تا ئێوارێ، لۆ په‌یداكردنى ڕسقى له (كرم و شتى وه‌تۆ) دار هه‌ڵده‌كۆڵى كوت و كوت و كوت، هێواره وه‌كى ده‌چته هێلانه‌ى خۆى بحه‌سێ، دمك و سه‌رى دێته‌ژان، ده‌رێ: تۆبه... تۆبه... تۆبه، به‌ڵام وه‌ختى سبه‌ینێ داهات، هه‌ڵده‌سته‌وه وه‌كى جارا، له گژ پیره‌دارى قه‌بستان ئه‌كاته كوت و كوتین.
مامه‌ڕم: پیاوچاكێكه مه‌رقه‌دى له ئاقارى جۆنه‌له‌یه.
مامه‌لیچك: هه‌نده‌ك ئه‌بێن كه‌ورى مامه‌لیچك ، شاخێكه ده‌كه‌وته پشت گوندى ده‌ربه‌ندۆكێ و پێش گوندى لێڕه‌میر، وه‌كى ده‌بته باران قوڕه لیچى لێ په‌یدا ده‌بى.
هاوینى میر شه‌ره‌ف: له پاش په‌ره‌ى پایز، بیست ڕۆژه‌ك دونیا خۆش ده‌بى، كژى ئه‌ده‌تێ جۆت و گاى لێ ئه‌كه‌ن.
هوردایه‌تى: ئه‌و هوردایه‌تیی ئه‌وڕۆ ده‌كرێ، به‌رایى نه‌بوو. هوردایه‌تى (زێده ئیشكردن و ماڵ خڕكردنه).
هێسكه‌چاو: هێسكه‌كى ناو ڕووى عیسانه، كه‌وتیته خوار چاو، له سه‌ره‌وه‌ى گۆشتى ڕوومه‌ته.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئابێن ـ ئه‌بێن: ده‌ڵێن.
بیره‌خه‌و: بۆرژان.
په‌قووه‌ت: به‌هێزه.
تێمه: دێمه.
جارا: جاران.
دمك: ده‌نووك.
زله‌موو: مووى درێژ.
عیسان: عینسان.
قه‌بستان: قه‌برستان.
گۆشخۆر: گۆشتخۆر.
هه‌شارگه: حه‌شارگه.
هه‌وك: گه‌روو.
وه‌تۆ: ئه‌وها.
ــ تێبینیى نووسه‌ر: تكایه هه‌ر كه‌سێ بۆ نووسینى خۆى، زانیاری له‌م وتاره وه‌رگرێ، ئاماژه به (گڵكه‌ند)ی سه‌رچاوه بدات.