هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بۆ مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردى
نووسین له باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه كۆده‌نگییه‌كى ئیجابییان له یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكدا هه‌یه، كارێكى ئه‌سته‌م و پڕ لێكدژییه، له‌وانه شاعیرى گه‌وره و مامۆستاى ناودار ئه‌حمه‌د هه‌ردى كه چه‌شنى چه‌ند ناوێك له مێژووماندا كۆده‌نگیێكى پڕ له جوانى و ڕێزى هه‌یه.
كه‌س نییه بتوانێت نكۆڵى له گه‌وره‌ییى پیره‌مێرد یاخود ئیبراهیم ئه‌حمه‌د یان یونس دڵدار بكات، ئه‌م ناوانه له ده‌ره‌وه‌ى داهێنانى ئه‌ده‌بیشیان بوونه‌ته به‌شێك له زاكیره‌ى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى، بۆیه هه‌ر نووسینێك ده‌رباره‌یان ده‌بێت به‌وپه‌ڕى ئاگایییه‌وه بنووسرێت، چونكه ئه‌و كه‌سانه ته‌نها له سووڕى ئه‌ده‌بیدا نه‌ماون، به‌ڵكو بوونه‌ته به‌شێك له‌و سومبوله نه‌ته‌وەیییانه‌ى كه ته‌واوى خه‌ڵك به هى خۆیان ده‌زانن.
من لێره‌دا ئه‌و چه‌ند زانیارییه زانراوه‌ى سه‌ره‌وه و ئه‌و پێشه‌كییه ته‌قلیدییه‌م (كه هیچ قسه‌یه‌كى تازه‌ى منى تێدا نییه)، بۆ ئه‌وه نووسى تا بڵێم مامۆستا هه‌ردى له ژیانى ئه‌ده‌بیی خۆیدا چه‌ند وانه‌یه‌كى فێر كردووین كه ده‌كرێت له ده‌رفه‌تێكى ئاوادا ئاماژه‌یان پێ بكرێت.
یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین ئه‌و هێما ئه‌ده‌بییانه‌ى مامۆستا هه‌ردى بۆى جێ هێشتووین (كۆكبوونمانه له‌سه‌ر جوانییه‌كانى هه‌ردى) زۆرێك له شاعیران به‌چه‌ند هۆكارێك جا شیعرى بن یان بیروڕاكانیان له ده‌ره‌وه‌ى شیعر، به‌شێك له خوێنه‌رانیان له ده‌ست ده‌چێت! نموونه‌ش زۆرن، له‌وانه مسته‌فا به‌گى كوردى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ فه‌قێ قادر كه كه‌سانێك هه‌ن (دوور له شیعره‌كانى) پێیان وایه له‌سه‌ر ئاستى كه‌سایه‌تى له‌كه‌دار بووه (كه من له‌وان نیم) و نه‌ده‌بووایه ناوى له كوردییه‌وه بگۆڕێت بۆ هیجرى، یان عه‌بدوڵڵا گۆران و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ شیوعییه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه‌ى! یان نالى و ئه‌و نه‌ته‌وه‌یییانه‌ى پێیان وایه له بریی جه‌سته‌ى مه‌ستووره پێویست بوو مه‌رگه‌ساته‌كانى ئه‌وساى كوردى بكردایه به مه‌ته‌ڵ! یان عه‌بدوڵڵا په‌شێو كه كه‌سانێك هه‌ن له‌گه‌ڵ بۆچوونه سیاسییه‌كانیدا نین، چه‌ندین نموونه‌ى تر. به‌ڵام كه قسه دێته سه‌ر مامۆستا هه‌ردى كورد گوته‌نى ئاو ڕاده‌وه‌ستێت و هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر جوانییه‌كانى، كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى شیعره‌كانى به‌شێكه له ئومێد و گرفته‌كانمان، مامۆستا هه‌ردى له‌وه گه‌یشتبوو كه شیعر سه‌كۆى بیروڕا نییه، شیعر نابێت بكرێته مینبه‌رى بیروڕا شه‌خسییه‌كان، لاى ئه‌و شیعر هه‌م ئامراز و هه‌م ئامانجى جوانییه، چونكه گه‌ر شیعر بكرێته سه‌كۆى بیروڕا ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر له بابه‌تى چێژ ده‌رده‌چێت و ده‌بێته دژایه‌تى یان لایه‌نگیرى، شاعیر هه‌یه كه شیعرێك بڵاو ده‌كاته‌وه نیوه‌ى گه‌لى كوردستان پێى جوانه و نیوه‌ى گه‌لى كوردستان پێى جوان نییه! به‌ڕاى من سه‌ركه‌وتووییی مامۆستا هه‌ردى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له لایه‌كه‌وه له ته‌وه‌ره‌كانى ئازادى و جوانیی شیعرى نووسیوه و له لایه‌كى دیكه‌وه كه‌منووس بووه، شیعرى زۆر و بۆرى نه‌بووه، باوه‌ڕى به‌وه هه‌بووه كه به‌هره وه‌كو بروسكه وایه، دێت و ده‌ڕوا، شیعر لاى ئه‌و كۆترى ماڵیى نییە، ئاژه‌ڵێكى كێوییه و ده‌سته‌مۆ ناكرێت، بێ گومان هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ى گره‌ویان له مێژوو بردووەته‌وه ئه‌وانه بوون كه ڕێزیان له به‌هره‌ى خۆیان گرتووه و شیعرنووسینیان نه‌كردووەته پیشه به‌ڵكو ئه‌و كاته‌ى له‌حزه‌ى شیعرییه‌تیان نه‌بووه به‌وپه‌ڕى جورئه‌ته‌وه بێ ده‌نگ بوون، نێوانى شاعیر و خوێنه‌ر وه‌كو نێوانى دوو كه‌سى عاشقه، هه‌میشه پێویستى به نوێبوونه‌وه و تازه‌گه‌رى هه‌یه، ئه‌و شاعیرانه‌ى تازه نابنه‌وه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانیان و ده‌ست له نووسینیش هه‌ڵناگرن له گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تیدا ده‌ژین، بێده‌نگبوون له‌و كاته‌ى شاعیر هه‌ست ده‌كات سنووره ئیبداعییه‌كانى پێشووى نابه‌زێنێ جوانیێكه هه‌ر له مامۆستا هه‌ردى ده‌وه‌شێته‌وه، ئه‌و بێ منه‌تانه به دیوانێكى بچووك (به‌ڵام پڕ بایه‌خ و كاریگه‌ر) قه‌ناعه‌ت دێنێ و وانه‌یه‌ك له چه‌شنى ئارتۆر ڕامبۆ پێشكێش به‌وانه ده‌كات كه شیعر لایان گه‌یشتووەته سیفه‌تى برنج خواردن و مادامه‌كێ زیندووه پێویسته له ژه‌مێك له ژه‌مه‌كاندا هه‌بێت!
نهێنیی شیعرى باش له‌وه دایه كه هه‌موو ئاراسته ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌و ده‌قه به موڵكى خۆیان ده‌زانن، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ مامۆستا هه‌ردى زۆر سوودبه‌خش بووه، بۆیه له هه‌ندێ شیعرى هه‌ردیدا ده‌بینین كه زه‌مه‌ن ده‌ره‌قه‌تى بابه‌ت و داڕشتنه‌كان نایه‌ت سه‌رده‌م له دواى سه‌رده‌م ئه‌و شیعرانه تواناى مانه‌وه و گه‌شانه‌وه‌ى به‌رده‌وامییان هه‌یه (له‌سه‌ر لوتكه‌ى بڵندى گه‌نجى وه‌ستاوم/ شریتى عومرى ڕابردوو وه‌كو خه‌و دێته به‌رچاوم/ شریتى چى سه‌راسه‌ر سه‌رگوزه‌شته‌ى نائومێدیمه/ فیلمى پڕ له ناسۆرى هه‌ره‌سهێنانى لاویمه) چ زه‌مه‌نێك ده‌توانێت ئه‌م وێنانه به‌ره‌و پیربوون و له‌ناوچوون ببات؟ بۆچى هه‌موو خه‌ڵك كۆك نه‌بن له‌سه‌ر جوانییه‌كانى مامۆستا هه‌ردى؟ ئه‌م جۆره شیعرانه كۆترى ماڵی نین، به‌ڵكو ئه‌ستێره‌ى گه‌شاوه‌ى هه‌موو پارچه‌كانى ئاسمانن.
مامۆستا هه‌ردى وێڕاى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكى حزب بووه و ڕۆڵێكى دیارى سیاسیی له قۆناخێكدا هه‌بووه، كه‌چى هه‌رگیز ئه‌و بیروڕا سیاسییانه‌ى نه‌كردووەته ئامانجى شیعره‌كانى. كه‌چى هه‌نووكه شاعیر هه‌یه هه‌موو ئومێده شیعرییه‌كانى بۆ ڕازیكردنى حیزبه كه‌چى ده‌ڵێت حیزبى نیم!
ڕاسته مامۆستا هه‌ردى شیعرى بۆ ئازادى نووسیوه، به‌ڵام كام ئازادى؟ ئه‌و ئازادییه‌ى تێكه‌ڵ به پڕۆژه‌ى لایه‌نێك نابێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و ئازادییه‌ى كه به‌شى هه‌مووانى تێدایه.
چه‌ند وانه‌یه‌كى به‌سوودە كه مامۆستا هه‌ردى پێشكێش به ئه‌دیبانى ده‌كات: شاعیرێك سه‌رۆكى حزب بێت و به شاعیریى بمێنێته‌وه! ئه‌وه‌ى سه‌بووریمان ده‌دات ئه‌وه‌یه كه مامۆستا هه‌ردى پێش ماڵئاواییكردنى هه‌ستى به‌خۆشه‌ویستى و ته‌قدیرى هه‌موومان ده‌كرد. شاعیرى كورد له زۆربه‌ى جاره‌كاندا دواى مردنیان ڕێزیان لێ گیراوه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌ردى له ژیاندا بوو كه ده‌یزانى خه‌ڵك چه‌ند به‌سۆزه‌وه لێى ده‌ڕوانن، ڕاسته دیوانه تاقانه‌كه‌ى ڕ‌ازى تەنیایییه، به‌ڵام به هه‌ق ڕ‌ازى هه‌موومانه.

ئەحمەد هەردی لە کاتی خوێندنەوەی شیعردا