ئەگەرچی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ٢٠٢٠دا زەبرێکی گەورەی لە ئابووریی جیهان و کوردستان وەشاند، بەڵام لە كۆتاییدا بۆ چەند بوارێكی پیشەسازی و بازرگانییش بە خێر شكایەوە، لەوانەش پیشەسازیی پاككردنەوە.
ساڵی ٢٠٠٦، بۆ یەكەم جار لە هەولێر، پیشەسازیی بەرهەمهێنانی پاککەرەوە بە سستی دەستی پێ کرد، بەڵام لە ماوەی حەفت ساڵی ڕابردوودا گەشەیەكی گەورەی سەند، بەجۆرێک ژمارەی کارگەکان بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەوە، ئێستە هەولێر دابینکەری سەرەکیی پاککەرەوەیە لە ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش.
تا کۆتاییی ٢٠١٨، تەنها ٣١ کارگەی پاککەرەوە لە هەولێر هەبوون، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و هەڵکشانی خواست لەسەر پاككەرەوەكان، وەرچەرخانێکی گەورە لە پیشەسازییەكەدا ڕووی دا، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر، لە نێوان ٢٠١٩ و ٢٠٢٦دا، ٣٨ کارگەی نوێ مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرت، واتە ژمارەی كارگەكان بە ڕێژەی ٥٥٪ زیادی کرد.
ئامارەکانی گەشەی ساڵانە، وێنەیەکی ڕوونی ئەم بازدانە پیشەسازییە پیشان دەدەن، لە ٢٠١٩دا پێنج کارگە و لە ٢٠٢٠دا کە لووتکەی خواست تۆمار کراوە، نۆ کارگەی نوێ مۆڵەتیان وەرگرتووە.
ئەم ڕەوتە لە ساڵانی دواتریشدا بەردەوام بوو، لە ٢٠٢١دا شەش کارگە، لە ٢٠٢٢دا حەفت کارگە، لە ٢٠٢٣شدا چوار کارگەی دیكە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤دا پێنج کارگەی نوێ دامەزراون، پار و ئەمساڵیش دوو كارگەی نوێی دیكە چوونەتە نێو کەرتی پیشەسازیی پاككردنەوەوە. بەمەش کۆی گشتیی کارگە مۆڵەتپێدراوەکان گەیشتووەتە ٦٩ کارگە، ئێستەش لەو ژمارەیەدا ٣٢ کارگە لە چالاکیی بەردەوام دان، كە ١٧ كارگە لە نوێیەکانن و ١٥ کارگەش لە کۆنەکانن، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە بە هۆکارە جیاوازەکانی وەک ڕکابەری توندی بازاڕ، کارەکانیان ڕاگرتووە.
پێشڤەچوونی ئەو كەرتەی پیشەسازی لە هەولێر، سەرمایەكی گەورە بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان بەدەست خستووە. لە كاتێكدا کۆی ئەو سەرمایەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە لە نێوان ٢٠٠٦ و ٢٠٢٦دا بۆ دامەزراندنی کارگەکان تەرخان کراوە، نزیکەی ١٦ ملیار دینارە. لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەشەوە و لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، دوو پڕۆژەی گەورەی دیكەی پیشەسازی بە سەرمایەی زیاتر لە ٢٨ ملیۆن دۆلار دامەزراون، ئەمەش سەنگ و قورساییی ئەم کەرتە لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا دەسەلمێنێت.
داتاکان دەری دەخەن کە ئەم پیشەسازییە لە هەولێر ٩٩٥ هەلی کاری ڕەخساندووە، لەو ژمارەیەش ٥٤٤یان کرێکاری کارگە نوێیەکانن.
بەپێی بەدواداچوون بۆ توانای ئەو ٣٢ کارگەیەی ئێستە چالاکن، دەردەکەوێت خاوەن قەبارەیەکی زەبەلاحی بەرهەمهێنانن، بەجۆرێک تەنيا توانای ساڵانەی بەرهەمهێنانی پاککەرەوە شلەكانی وەک زاهی، فاس و پاککەرەوەی دەستی لە ٣٦ ملیۆن لیتر تێ دەپەڕێت.
لە بەرهەمە ڕەق و بۆدرەکانیشدا، توانای بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥٧ هەزار تۆن لە ساڵێکدا.
ئەم ئاستە بەرزەی بەرهەمهێنان وای کردووە کارگەکانی هەولێر نەک تەنيا پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەنەوە، بەڵکو دوو لەسەر سێی بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی عێراقیش هەناردە بکەن.
تەیب کەژۆ بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە هەولێر، ئەم گەشەکردنە بۆ زیادبوونی خواست لە دوای کۆڕۆنا و بەرزبوونەوەی هۆشیاریی تەندروستی دەگێڕێتەوە. ئاماژە بەوە دەکات کە ٦٥٪ بۆ ٧٠٪ی بەرهەمەکان بۆ شارەکانی دیكەی عێراق دەچێت، ئەمەش نیشانەی کوالێتیی بەرزی بەرهەمی ناوخۆیە. جەختیش لە پاڵپشتیكردنی حکومەت لە پەرەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەکاتەوە، وەک دابینکردنی زەوی و لێخۆشبوونی گومرگی ١٠ ساڵە بۆ ئامێر و کەرەستەی خاو. هەروەها پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا لە پارێزگەی هەولێر، هاندەرێکی گەورە بووە بۆ وەبەرهێنەران تا ڕوو لەم کەرتە بکەن.
لە ڕووی پێداویستیی بازاڕیشەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پێداویستیی ساڵانەی هەر تاکێکی بۆ ماددە پاککەرەوەکان بە ٢٥ کیلۆ شلەمەنی، ١٦ کیلۆ ڕەق و بۆدرە (سابوون و تایت) و ٧ کیلۆ بۆ خەرجیی گشتی دیاری کردووە. بەپێی ئاماری دوایین سەرژمێری دانیشتوان (٦,٥١٩,١٢٩ کەس)، کۆی پێداویستیی ساڵانەی هەرێمی كوردستان نزیکەی ٣١٣ هەزار تۆنە، کە ڕۆژانە دەکاتە زیاتر لە ٨٥٧ تۆن. لەم بڕەش، پشکی ساڵانەی پارێزگەی هەولێر نزیکەی ١٢١ هەزار تۆنە، کە دەکاتە تێکڕای ٣٣١ تۆن لە ڕۆژێکدا.
ئەم خواستە زۆرە لەسەر ئاستی عێراقیش ڕەنگ دەداتەوە، ئەگەر هەمان پێوەر بۆ ١٥ پارێزگەکەی عێراق (٣٩,٦١٩,٦٦٤ کەس) لە بەرچاو بگرین، پێویستیی ساڵانەی ئەو ناوچانە دەگاتە ملیۆنێک و ٩٠٢ هەزار تۆن. واتە بازاڕێکی ڕۆژانە کە پێویستی بە ٥,٢١٠ تۆن ماددەی پاککەرەوە هەیە. ئەم ئامارانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەو دەرفەتە زێڕینەی لە بەردەم گەشەی زیاتری ئەم کەرتەدا هەیە، تا ببێتە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی دابینکردنی پێداویستیی تەواوی عێراق.
لە لایەکی دیکەوە، خاوەنی کارگەکان ئاستی بەکارهێنانی تاک لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە بەرزتر لە ئامارە فەرمییەکان دەخەمڵێنن. نەجمەدین عەلی، بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی بانە و خاوەن کارگەی (برایت) کە ١٤ هێڵی بەرهەمهێنانی هەیە و ڕۆژانە ٧٥ تۆن پاککەرەوە بەرهەم دەهێنێت و ٦٥٪ی هەناردەی عێراق دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی ڕاستەقینە لەو ئامارانە تێپەڕیوە و دەڵێت ”بەپێی بەدواداچوونمان، هەر تاکێکی هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیکەی ٣٥ لیتر شلەمەنی، ١٢ کلیۆ بۆدرە و ٧ کیلۆ بۆ خەرجیی گشتی بەکار دەهێنێت، کە تێچووی ناوەندی بۆ هەر تاکێک ساڵانە نزیکەی ٥٥ دۆلارە“.
بەم پێیە، ساڵانە سووڕی سەرمایە لەم کەرتەدا تەنیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٥٨ ملیۆن دۆلارە، ئەمەش وای کردووە پیشەسازییەكە ببێتە یەکێک لە کایە پڕ قازانج و ستراتیژییەکانی وەبەرهێنان. ئەم دەرفەتەش هانی وەبەرهێنەرانی وەک هەڤاڵ عەلی قادر داوە کە لە گەرمەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا سێ کارگەی (نازپاک، ڤێربێنە و ڤێرسەن) دابمەزرێنێت.
هەڤاڵ باس لەوە دەکات لە سەرەتادا ٩٥٪ی بەرهەمەکانیان بۆ عێراق دەچوو، بەڵام هەڵکشانی نرخی دۆلار و گرانبوونی کەرەستەی خاو وای کرد ئێستە تەنیا یەک کارگەیان (نازپاک) بە چالاکی بمێنێتەوە کە ڕۆژانە ٤١ تۆن بەرهەمی هەیە. دەشڵێت ”تەنیا کارگەکەی ئێمە هەفتانە بە بەهای ٦٠ ملیۆن دینار نەختینە لە عێراقەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان“، داواش دەکات حکومەتی هەرێمی كوردستان، باج و تێچووی کارەبایان کەم بکاتەوە تا بتوانن کارگەکانی دیكەش بخەنەوە گەڕ و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنن.
سەرەڕای ئاستەنگە ئابوورییەکان، وەبەرهێنەرانی ئەم کەرتە هێشتا ڕوویان لە فراوانکردنی زیاتری کارەکانیانە. خەلیل تەها کە دوای ١٢ ساڵ کارکردنی هاوبەش لە کارگەی (لۆکس پاریس)، پار کارگەیەکی سەربەخۆی دامەزراند، ئاماژە بەفراوانیی بازاڕی عێراق دەکات و دەڵێت ”لە عێراق خواستێکی زۆر لەسەر پاککەرەوەکان بەتایبەت زاهی، فاس و شامپۆی جلوبەرگ هەیە، ئەگەر هەموو کارگەکان بە تەواوی توانایانەوە کار بکەن، هێشتا ناتوانین پێداویستیی تەواوی بازاڕی عێراق پڕ بکەینەوە“.
ئەم گەشەی هەناردەكردنە بێ ئاستەنگ نییە، خەلیل تیشک دەخاتە سەر گرفتێکی گەورەی بازگەکان و دەڵێت ”ئێمە ١٠٠٪ی بەرهەمەکانمان کە لە ١٤ جۆری جیاواز پێک هاتوون، ڕەوانەی عێراق دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی مۆڵەتەکەمان نوێیە و هێشتا لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پەسند نەکراوە، بۆ تێپەڕاندنی هەر بارێکی تڕێلە لە بازگەکان، ناچارین هەزار دۆلار وەک (بەرتیل) بدەین، ئەمەش بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر تێچووی بەرهەمەکانمان“.
سەرەڕای گەشەی ناوخۆیی، بازاڕەکانی هەرێمی كوردستان بوونەتە مەیدانی کێبەرکێیەکی توندی بەرهەمە هاوردەکراوەکانی سعوودی، تورکی، ئێرانی و ئەوروپی. هەڤاڵ عەلی جەخت دەکاتەوە کە ”بەرهەمی ناوخۆ کوالێتی زۆر باشترە، بەڵام بڕاندە بیانییەکان بەهۆی ڕیکلامەوە، خۆیان سەپاندووە“. ئەم ململانێیە وای کردووە کارگە ناوخۆیییەکان لە بەردەم ئاڵنگارییەکی نوێدا بن، ئەویش چۆنیەتیی گۆڕینی بەرهەمەکانیانە بۆ بڕاندێکی متمانەپێکراو لە مێشکی کڕیاردا، تا بتوانن پشکی شێری بازاڕ کۆنترۆڵ بکەن.