گه‌ڕه‌كی مەعمەل نه‌سیج
گه‌ڕه‌كی مەعمەل نه‌سیج

لە حەفتاکانی سەتەی ڕابردوودا، وەختەك هەولێر شارەكی گچكە و پڕ كۆڵانی تەسك و قەرەباڵغ بوو، لە كەنارەكیدا پڕۆژەیەکی مۆدێرن بەناوی گەڕەكی مەعمەل نەسیج دروست كرا.
کەمال عەبدولقادر، ئەو پیاوەی یادەوەرییەکانی لەگەڵ یەکەم بەردی بناغەی ئەو گەڕەکە چنیوە، شاهێدی ئەو ساتەوەختەیە کە شار لە بەرگێکی کلاسیکییەوە بەرەو پیشەسازی هەنگاوی نا، گەڕەكێكی تێدا ئاوەدان كرایەوە، كە ڕەوتی ژیانی بەپێی کاتژمێری کارگەکە ڕێک خرابوو.
ئەو پیاوە لە ١٩٥٧ لەدایك بووە، یەکەم كەسە لەو گەڕەکە نیشتەجێ بووە، شاهێدحاڵی ڕووداوی گەورە و گچكەی گەڕەكەكەیە.
ئەو كە لە تەمەنێكی گەنجییەوە بوو بەكرێكار لە كارگەی نەسیج، سەبارەت بەمێژووی کارگەکە و گەڕەکەکەوە بۆ (گڵکەند) دەدوێت «یه‌كه‌ك له‌ ئینجازه‌كانی به‌یانی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، دروستكردنی ئەو مەعمەل نه‌سیجە و گه‌ڕه‌كی نه‌سیج بوو، ‌ساری ١٩٧٤ ده‌ست به‌حه‌فرلێدانی كرا، ئه‌من تازه ‌سناعه‌ی میكانیكم ته‌واو كردبوو، به ‌عه‌مه‌لایه‌تی ده‌ستم به‌ ئیش كرد“.
بەپێی گێڕانەوەی کەمال عەبدولقادر، كۆمپانیایەكی فه‌ڕەنسی بەناوی (سپی پاتن یۆل) ئەركی دامەزراندنی كارگەكەی لە ئەستۆ بووە، بیناكەی دروست كردووە و دواتریش كەلوپەلەكانی كارگەكەی لە ڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی دیكەی بیانییەوە كڕیوە و كارگەكەی دامەزراندووە.
یەكەم گەڕەكنشینی نەسیج كە لە ساڵی ١٩٧٧ لەو كارگەیە دامەزراوە، باس له چۆنیەتیی وەرگیرانی دەكات و دەڵێت ”لە ‌جه‌ریده‌ی ئیعلان كرا كە دامه‌زراندن هه‌یه‌، ئه‌من و كۆمه‌رەك براده‌ر چووینە موئەسەسە عامەی تەسمیم و ئینشای سناعی، كراینە مونتەسیبی مەعمەل نەسیجی هەولێرێ، بەس سێ مانگی ئەوەلی ناردراینە بەغدایێ لۆ وەی تەدریبی بكەین و فێری ئیشەكە بین“.
لەگەڵ دروستكردنی کارگەکەدا، گەڕەکەکەش بە سەرپەرشتیی وەزارەتی پیشەسازی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی دروست کرا کە لە ٧٠٠ خانوو پێك هاتبوو. کەمال دەڵێت «خانییه‌كان كرابوونه‌ دوو به‌ش، ٣٠٠ مه‌ترییه‌كان لۆ مۆزەفان و ٢٠٠ مه‌ترییه‌كانیش لۆ عه‌مه‌لان بوو، مه‌رجەكەش ئەوە بوو له‌ مەعمەل نه‌سیجی ئیش بكەی“.
گە‌ڕه‌كی نه‌سیج پێكهاتەیەكی جیاوازی هەبوو لە گەڕەكەكانی دیكە، خەڵكی هەولێرێ وەك گەڕەكێكی بیانی و پێشكەوتوو تەماشایان دەكرد، چونكە شوورای بۆ دروست كرا بوو، جادەكانی فرەوان بوون و دەروازەیەكی سەرەكیشی هەبوو، چوونە ژوورەوەی میوان بە پرسیار و مۆڵەت بوو.
زاوایه‌كی كەمال شوفێری بارهەڵگر بووە، ئەگەر بیویستبا سەردانی گەڕەكەكە بكات، ڕێگەی نەدەدرا بارهەڵگرەكەی بباتە ژوورەوە، بۆ ئەوەی دانیشتوانی گەڕەك بێزار نەكات، هەروەها ڕێگە بە بەخێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەریش نەدەدرا، لە كاتێكدا لە گەڕەكەكانی ئەو كاتی هەولێر ئاسایی بوو ئاژەڵ بەخێو بكرێت. تەنانەت ڕێگە نەدەدرا هیچ ماڵێك ئاوڕاكێشی كارەباییشی هەبێت نەوەك بە دەنگەكەی، دراوسێكانی بێزار بكات.
بەرهەمی کارگەی نەسیج، قوماشی سۆف و ئەریلیک بوو. کەمال دەڵێت ”له ‌شكلی قوماشی فه‌تاح پاشامان دروست دەكرد، منافسی قوماشی ئه‌ڵمانی بووین، قوماشەكی زۆر فاخیر بوو. بەڵام لە كۆتاییدا سۆف بەردەست نەما و خەرجی هاوردەكردنی و دواتر دروستكردنی گرانتر دەوەستا لە فرۆشتنەوە، بۆیە ڕاگیرا“.
ساڵی ١٩٨٨ بڕیار درا خانووەكانی گەڕەكی مەعمەل نەسیج بخرێتە مەزادەوە و بفرۆشرێن. ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتییان دەكرد ڕێگەیان نەدا كه‌س لە دەرەوەی گەڕەكەكە بەشداریی بكات، ئەوە بوو خانووە‌ ٣٠٠ مه‌ترییه‌كانیان به‌ ٥٠٠ دینار قڕسێندران، ئه‌و پاره‌ی چه‌ند ساڵ وه‌ك كرێی خانوو درا بوو، كه‌ مانگی ٢٠ دینار بوو، لە پارەی كڕینەكە قرتێندرا، پاره‌یەكی كه‌م مایەوه،‌ ئه‌ویشیان مانگانه‌ له مووچەی كرێكاران ده‌گێڕاوه‌.
حاجی سەعدیە حەمەساڵح، تەمەنی ٦٨ ساڵە، ژنێکی وریا و دنیا‌دیتەیه،‌ بەپێکەنینەوە دێتە ناو باسەکە و یادەوەریی یەکەم ڕۆژی هاتنی بۆ گەڕەکی نەسیج دەگێڕێتەوە و دەڵێت «ئه‌مه‌ یه‌كه‌م مار بووین هاتینە نه‌سیجی، پاشەمە ماری كاك عیزه‌دینی بوونه‌ دووه‌م مار. بیدایه‌ت وەكی ‌هاتین گه‌له‌ك گریام، گۆتمه‌ خه‌سووم ده‌بی مارمان بچته‌وه‌ شه‌هیدان، ئێره‌ هیچی لێ نییه،‌ نه ‌بازاڕەك نه دوكانەك”.
زۆری پێ ناچێت دایكی عیزه‌دین و حاجی سەعدیە دەبنە هاوڕێ، ڕۆژێك دەیباتە گەڕەكی كوران و بازاڕەكەی پێشان ده‌دات كە لە كۆڵانه‌كی درێژ پێك هاتبوو، هەر چی بتویستبا لێی بوو.
حاجی سەعدیە دەڵێت “كۆران چ كۆران، هەمووی قوڕ و چرپاو بوو، خانییەكانی كوران قوڕ بوون، لەو بازاڕەی هەتا چۆكان ده‌كه‌تییه‌ قوڕێ“.
زۆری پێ نەچوو، مام چیچۆ كە پیاوه‌كی كریستیان بوو، لەناو گەڕەكی نەسیج دوكانێكی دانا، دواتر فڕنی كراوه‌، مریشكفرۆش و دەلاكیش كرانەوە، وای لێ هات دانیشتوانی نەسیج جار جارە بۆ هەندێك پێداویستی دەچوونە بازاڕی كوران.
ئەو گەڕەکە مۆدێرنە، دیسپلینێكی جیاوازی هەبوو، حاجی سەعدیە ئەوها باسی دەكات ”نەدەبوو ئاوی هیچ مارەكی لە حەوشەی بچته‌ ده‌رێ، هەموو ڕۆژێ موڕاقیب ده‌گه‌ڕان، خه‌ركیان ته‌بلیغ ده‌كرد. له‌سه‌ر خانییه‌كان زۆر توند بوون، كەس لۆی نه‌بوو ده‌ستكاریی خەریتە و دیوارەكیش بكات“.
سەرەتا قوماشی ئەو کارگەیە زۆر گرانبەها بووە، ژنەكان گوشاریان لە مێردەكانیان دەكرد پارچە قوماشیان بۆ بهێننەوە، بەڵام كارگەكە تەنها قوماشی بە دیاری دەدایە بەعسییەكان. حاجی سەعدیە دەڵێ ”قەتعە قوماشەك لە بازاڕی ٤٠٠ دیناری دەکرد، یەعنی مەعاشی چەند مانگەكی مۆزەفی دەبوو، بەس هەموو جارێ حاجی دەیگۆت بشمرم، تەنازول لۆ بەعسییان ناكەم و ئەو قوماشەم ناوێت.»
کەمال كە بەهۆی لێهاتوویییەوە پلەی بەڕێوەبەری بەشی هونەری لە كارگەكە وەردەگرێت، ساڵی ١٩٧٨ ئۆتۆمۆبێلێكی لادە بە ٤٠٠ دینار دەكڕێت، بەهۆی ئەوەی كەسی دیكەی ئەو گەڕەكە ئۆتۆمۆبێلی نەبووە، لادە دەبێتە ئەمبۆڵانسی نەسیج، هەر كەس نەخۆش دەبێت كەمال دەچێتە فریای و دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە. هەروەها لە زەماوەندەكانیشدا، ئەو لادەیە دەبووە هۆكاری گواستنەوەی بووك و زاواكانی گەڕەكی نەسیج.
‌تا ئێستە دوو جار ناوی گەڕەكی نەسیج گۆڕاوە‌، جارەك خراوەتە‌‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كی كوران و جارێكیش خراوەتە سەر گەڕەكی به‌هار، بەڵام هیچیان نەماونەتەوە و ناوی گەڕەكی نەسیج وەك خۆی ماوەتەوە، وەك چۆن گەڕەكەكە لە شوێنی خۆی ماوە، کە لە باکوریەوە شەقامی ٤٠ مەتری لە گەڕەکی کورانی جیا دەکاتەوە، لە باشووریشیەوە تخوبی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو گەڕەکی بەهار و كرێكارانه‌، لە دیوی‌ خۆرئاواشەوە دراوسێیه‌ لەگەڵ گەڕەکی کوردستان و لە خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه‌ كارگەی كۆنی نه‌سیج و شەقامی مەخموور له‌ گەڕەکی ئازادی جیای ده‌كاته‌وه‌.
مەکینەکانی مەعمەل نەسیج چیی دی دەنگیان نایێت، ئەو قوماشە نایابانەی شەڕی لەگەڵ بەرهەمی ئەوروپی دەكرد، تەنیا لە یادەوەری و هەندێك كانتۆڕی ماڵاندا ماونەتەوە، بەڵام گەڕەکەكە وەک مۆرکێکی جیاواز لەسەر نەخشەی هەولێر بە ناوی خۆیەوە پارێزراوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved