خەمهەڵگری بێدەنگی کۆستکەوتووان
لەگەڵ گۆڕانی دنیادا، پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سارد یان ئاڵۆز دەبێت، بەرژەوەندیی تایبەتی تۆخ و بەها مرۆیییەکانیش کاڵ دەبنەوە، بەڵام گرووپێك لە گەڕەكێكی هەولێر، لە ڕێگەی بەردەوامیدان بە كارێكی خۆبەخشییەوە، بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان وەلا دەنێن و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان پتەو دەكەنەوە.
٣٥ ساڵ دەبێت لە مەنتکاوە، گرووپێكی خۆبەخش فریای كۆستكەوتووان دەكەون و بەخۆڕایی گۆڕ بۆ ئازیزانی لەدەستچوویان هەڵدەكەنن.
دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە و گۆڕانە گەورەكانی بەسەر كۆمەڵگەدا هاتووە، كۆمەڵێك پیاوی بەتەمەن و كوڕی گەنج ڕێی پێشینانیان ون نەكردووە و درێژە بەو چالاكییە كۆمەڵایەتییە دەدەن.
ئەو گرووپە خۆبەخشە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، شەو و ڕۆژ بەردەستن بۆ گرتنە ئەستۆی ئەركی قورسی گۆڕ هەڵكەندن، هەر كاتێك پەیوەندییان پێوە بكرێت، بە ئۆتۆمۆبێل و ئامێر و پێداویستییەكانەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێ دەکەون.
ئەحمەد ڕەزا تەمەنی ٥٣ ساڵە، لە گەڕەک بە ئەحمەدی سافە ناسراوە، وەستای خەباتەیە و ڕێکخەری كارەكانی ئەو گرووپە چاكەكارەشە، باسی چۆنیەتیی دەستپێکردنی گۆڕهەڵگەندن بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێت «ئەوە میراتی پیاوچاكانی مەنتكاوەیە، ئەمن لە وەستا قادری بێستانە فێرە قەبرلێدان بووم، ئەلحان لە ژیان نمایە، لە وەستا عومەریش فێر بووین، كە هەوكە پیر بووە و چیی دی تاقەتی ئەو وەزعەی نییە”.
جاران نە مۆبایل هەبوو بۆ پەیوەندیكردن بە یەكتری و نە ئامێری پێشکەوتوو بۆ گۆڕهەڵكەندن، ئەركەكە سەختتر بوو، ئەحمەدی سافە دەڵێت ”ئەگەر مردییەك هەبایە و پێویستی بەمە بوایە قەبری لۆ لێ دەین، وەستا عومەر بە سەڵاحەدینەکەی دەهات و لە دەرکەی دەدا، ئەوجا نیوەی شەوێ بایە یان چرقەی نیڕوانێ، بە دەنگە گەورەکەی هاواری دەکرد ئەحمەد سافە زوو بە درەنگە! ئەمنیش شمەکم دەگۆڕی و مندارم دەناردنە مارە جیرانان و بە گەریان دەکەتم لۆ قەبرستانێ“.
ئەوەش دەگێڕێتەوە كە دەیان جار ڕووی دایە لە ناوەندی ئیشێ بووە و لە کاتی سەبە تێكردندا، مەستاڕەكەی فڕێ داوە و بێ ئەوەی بپرسێت کێ مردووە، بەرەو قەبرستان كەوتووەتە ڕێ.
سەرەتا ئەو گرووپە ئیشەكانیان بەژمارەیەكی زۆرتری كرێكار و وەستا دەكرد، گۆڕەكانیان بە خاکەناس، قازمە، پێمەڕە و تالیبەر لێ دەدا، بەڵام ئێستە بە ژمارەیەكی كەمتر و زووتر بە کۆمپرێسەر و ئامێری نوێ گۆڕ لێ دەدەن، وەستا ئەحمەد دەڵێت ”خێرەكە لەوەی دایە تەرم زوو بشورێت، پاش نوێژكردن لەسەری، قەبرەكەمان حازر کردبی، لۆ وەی ساحێب مردی چاوەڕێ نەكات و مەیتەكە یەكسەر بگاتە جێ و مەكانی ئاخیری خۆی“.
هەروەها یاسین کاوێس كە بە مەلا یاسین ناسراوە، ئێستە تەمەنی ٥٧ ساڵە و دەڵێت ”ئەو ئیشەی لۆ خاتری خوا دەکەین. هەیە پارەی داینێ هەقی قەبرەكەی، گۆتیتمان کاکە هەقی مە بەنگۆ نادرێت، هەقی مە لە كن خوایە، لۆیێ بە حەیاتی دینارەكمان لە كەس وەرنەگرتییە“.
ئەو خێرخوازەی مەنتكاوە كارەكەیان بەڕێگەیەكی باش دەزانێت بۆ پاراستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی دانیشتوانی گەڕەك و دەڵێت ”ئەمە لە مەنتیقەکی عەشایەر دەژین، وەکی یەک عائیلەینە، لۆیێ دەست لە عادەتی قەدیمی گوندی بەرنادەین“.
شاخەوان ڕەحمان ٢٠ ساڵ دەبێت لەناو ئەو گرووپەدایە و ئێستە تەمەنی ٤٣ ساڵە، دەڵێت ”بە گەنجی چوومە ناو گرووپەكەی، ئەو وەختی عەمەلەی بلۆکی بووم، وەكی گاسیان دەکردم، بێ دوودری دەچووم، گێم نەدەدایێ داخوا ماندیمە یان ئیشەکەم مایتی“.
باس لەوەش دەكات كە بە پارەی ئەندامانی گرووپەكە موەلیدەیان دابین كردووە و تەواوی خەرجییەكانی گۆڕهەڵكەندن بۆ خەڵك لە ئەستۆی خۆیانە، بە شانازیشەوە دەڵێت پاش ئەو هەموو ساڵە شارەزایییەكی زۆریان پەیدا كردووە و خەڵك لە ئیشەكانیان ڕازین.
كاركردنی ئەو گرووپە لە كاتێك دایە كە ئێستە گۆڕهەڵكەندن لە كوردستاندا بووەتە بازرگانییەكی نوێ و هەندێك جار بە نرخی زۆر گران گۆڕ لێ دەدرێت، کاروان زرار تەمەنی ٣٧ ساڵە و ئەندامێكی دیكەی گرووپە خۆبەخشەكەیە، دەڵێت ”ئەوانە بە پارە قەبر لێ دەدەن، لە ٢٠٠ هەزارەوە هەتا ٧٥٠ هەزار دینار لە ساحێب مردی وەردەگرن، لۆیێ حەزیان لە چەهرەی مە نییە و پێیان ناخۆشە ئەمە ئیشەكەی بێ بەرانبەر دەكەین“.
هەروەها عەبدولباسیت مەجیدی تەمەن ٣٢ ساڵ، کە ئەندامی گرووپەكەیە و پیشەی ئاسنگەرە، بە دڵەكی پڕەوە باسی گۆڕهەڵكەندن لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا دەكات، ئەو کاتانەی کەسوکاری مردوو لە خۆشەویستی خۆیان دوور دەكەوتنەوە، تەنانەت منداڵەکانیش لە ترسان ئامادەی ناشتنی دایک و باوکی خۆیان نەدەبوون، لەم بارەوە دەڵێت ”ئەمە بێ ئەوەی فكر لە ژیانی خۆمان و مار و مندارمان بکەینەوە، قەبرمان لێ دەدا و مەیتەكانمان بە خاک دەسپارد، نەماندەهێشت یەك جەنازە لەسەر عاردی بمینێتەوە“.
ئێستە ١٥ کەس بەجێگیری لە گرووپەكەدا چالاكن، چەند کەسی دیکەی گەڕەکەكەش لە کاتی پێویستیدا هاوکارییان دەكەن.
لە کاتێکدا هەولێر بە خێرایی بەرەو بوون بە شارێكی مۆدێرن و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سارد دەچێت، گرووپەکەی ئەحمەد سافە لە گۆڕستانە بێدەنگەکاندا، هاوسۆزیی جاران دەپارێزن و بە هێواشی كۆچكردووان بەرەو دوا مەنزڵ بەڕێ دەكەن.
ئەوانە تەنیا گۆڕ هەڵناکەنن، بەڵکو لە سەردەمێکدا كە هەموو شتێک، تەنانەت مردنیش، بووەتە بازرگانی، شکۆی مرۆڤایەتی و بەهای كۆمەڵایەتی دەپارێزن.
کاتێک ئامێرەكان بێ دەنگ دەبن، تەپوتۆز دەنیشێتەوە و مردوو بە خاك دەسپێردرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە نە پارەیە و نە ناوبانگ، بەڵکو پەیمانی کۆنی مەنتکاوەیییەكانە کە ڕێگە نادەن كەسیان بەتەنیا بەرەو ماڵی دوایی بەڕێ بکەوێت.