”٣٠ سارە کلیلی ٨٤ دوکانم لە بەڕکیە“
ئێوارەكی درەنگە، ڕۆژ لە هەولێرێ ئاوا بووە، قەڵات و بازاڕ بەرە بەرە تاریك دادێن. دەنگی بانگ تێکەڵی ژاوەژاو و قەرەباڵغیی کۆتاییی ڕۆژ دەبێت، بەڵام شەقامی سیروان هێشتا جمەی دێت، لە لایەك هۆڕینی تاكسی، لەولاش دواهەمین بانگەوازی دەستفرۆشان بۆ ساغکردنەوەی کاڵاكانیان، تا بە بارێكی سووكترەوە بگەڕێنەوە ماڵ. لەو وەختەدا كە دەوامی هەمووان كۆتاییی دێت، دەوامی كەسێك تازە دەست پێ دەكات.
ڕێك لە بەردەم دەروازەی باڵەخانە كۆنەكەی ئەسواق سیروان، پیاوێکی كەڵەگەت بە سیمایەکی شکۆدارەوە، ڕیشێکی سپی، پرچێكی ماشوبرنجیی پڕ و درێژ، بە نیگایەکی ماندووەوە لەسەر کورسییەکی پلاستیکی دانیشتووە.
سەیری هەمووان دەکات، وەڵامی سڵاو دەداتەوە، بەڵام ڕۆحی لە شوێنێكی دیكە ون بووە، لەو جەنجاڵییەدا نادۆزرێتەوە.
ناوی عەبدولواحید ڕەمەزانە، لە ١٩٥٧ لە گوندی بن بێرز لە دەشتی شەمامک لەدایك بووە. وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەمە، شوانكاری و كشتوكاڵیی كردووە، بەڵام كە گەورە دەبێت، چارەنووس بەرەو ڕێگەیەکی سەختتری دەبات.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا، بێ ئەوەی ئاگەدار بێت، باوکی ژنی بۆ دێنێت، لەم بارەیەوە دەگێڕێتەوە ”ژنهینانەکەم عەجایب بوو! لە حەیاتم كچەم نەدیتبوو، ڕۆژی مارەكردنیش بابم ببووە وەکیلم. هەتا ڕۆژی گواستنەوەی داهات و گۆتیان ئەوە بوویتە بووکت و لۆیان هینامە دوڕ ژۆرێ“.
مام واحید هەر لەو ساڵەدا، تووشی سەربازیی زۆرەملێ دەبێت، عومری گەنجیی لە بەرەکانی جەنگی عێراق - ئێران و عێراق - کوێت بەفیڕۆ دەچێت. وەك خۆی دەڵێت ”یەكەم جار چار ساران عەسکەریم کرد و تەسریح بووم، دوو مانگ نەبوو هاتبوومەوە ناو مار و مندارم، دیسان گاز کرامەوە لۆ شەڕی ئێران، پاش ئەو شەڕەی، جارەكی دی لۆ شەڕی کوێتیش تەجنید كرامەوە، بەو نەوعەی نۆ ساری ڕەبەقم بە عەسکەری ڕۆیی“.
لەو ساڵانەی سەرباز بووە، هەوڵی پەیداكردنی بژێویی داوە، بە قاچاخ لە بەغدا و بەسراوە، کەلوپەلی جوانکاری و پێداویستیی ئافرەتانی دەهێنایە هەولێر و بە دوکاندارانی بازاڕی سیروانی دەفرۆشتەوە. بە بزەیەکی تاڵەوە بیرەوەرییەکانی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە ”ئەشیای کەمالیات، بۆن و سووفم لۆ جەماعەتی ئەسواق سیروانی دەینا، ئیشەكە زۆر زەحمەت بوو، بەعار لەناو جلكی عەسکەریم دەشاردنەوە، لۆ وەی بەعسییەكان لە سەیتەران لێم نەگرن“.
دوای تەواوبوونی شەڕ، مام واحید بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ دوکاندارانی ئەسواق سیروان دروستی كردبوو، دەبێتە پاسەوانی بازاڕەكە و تا ئێستە بەردەوامە، لەم بارەوە دەڵێت ”٣٠ سارە کلیل و ئەمانەتی ٨٤ دوکانی ئەو بازاڕەم لە بەڕکیە، لە حەیاتم خیلافی ئەمانەتم نەكردییە“.
بۆ بەشێك لە گەنجان، ئەوانەی ئەسواق سیروان پێ نازانن، ئێستە مام واحید بووەتە نیشانە و ئەدرێس، مام واحید جگە لەوەی بە شەو لەوێندەر پاسەوانە، بە ڕۆژیش لە بەردەم بازاڕەکە، لەسەر شەقام، ئاو، شەربەت و خواردنەوە گازییەکان دەفرۆشێت، هەموو دەم لەوێیە، بووەتە کۆنترین و ناودارترین ڕووخساری ئەو بازاڕە و شەقامەکە. تەنانەت ئەگەر کەسێک ناونیشانی ئەسواق سیروان نەزانێت، پێی دەڵێن ”بڕۆ ئەو جێیەی مام واحیدی لێ ڕاوەستایە“.
کاتێک بەڵای داعش ڕووی لە کوردستان كرد، مام واحید خاوەنی ماڵ و ئیشوکار و ژیانێکی ئارام بوو، بەڵام تراژیدیای شنگال دەیهەژێنێت، بەتایبەتی كە هاوڕێیەکی خۆی باسی بەسەرهاتی دوو خوشکی كوردی ئێزیدیی بۆ دەگێڕێتەوە، كە چۆن داعش دەیانڕفێنێ و لە وڵاتانی عەرەبی دەیانفرۆشنەوە. ئەم ڕووداوە گڕ لە ناخی مام واحید بەردەدات و دەڵێت ”وەكی گێم لەوەی بوو، کەلـلەم گەرم داهات، چاوم چووە پشتی سەرم، یەكسەر هەستام و بوومە پێشمەرگەی خۆبەخش“.
مام واحید بڕیار دەدات هێزێکی خۆبەخش دروست بکات، نزیکەی ٥٠٠ کەس لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، بە چەک و پارە و ئۆتۆمۆبێلی خۆیان دەچنە بەرەکانی گوێڕ، مەخموور و کەرکووک بۆ بەرگریكردن لە كوردستان.
دوای شەڕی داعش، پرسی گەورەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دێتە پێش، مام واحید دەبێتە دەنگێكی دلێری داوای سەربەخۆیی بۆ كوردستان. ڕۆژانە لە بازاڕ و لەسەر شاشەکانەوە هاواری سەربەخۆییی دەكرد و دەیگوت «بەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردی». دوای سەت ساڵ ستەم، كاتی ئەوەیە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی. هەرچەند ئەنجامەکان بە دڵی مام واحید نەگەڕانەوە، بەڵام پەشیمان نییە و دەڵێت ”لۆ مێژوو تۆمار كرا، با هەموو دنیا بزانی، کورد دەوڵەتی دەوێت“.
ڕیشە درێژەكەی ئەو پیاوە، نیشانەی باری گرانی كۆستێكی گەورەیە، حەسرەتی مەرگی کچەکەیتی. شنە واحید ساڵی ٢٠٢١ لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا بەهۆی منداڵبوونەوە كۆچی دواییی كرد، دوای ئەوەی بە گەنجی پێنج منداڵی بووە، دوای ١٣ ساڵ جارێكی دیكە دووگیان دەبێت، خێزانەكە بەشێوەیەكی كاتی دڵخۆش دەبن، دواتر لە ناكاو بەهۆی دووگیانییەكەیەوە نەخۆش دەكەوێت و گیان لەدەست دەدات.
ئەم ڕووداوە بە تەواوی ژیان و كەسایەتیی مام واحید دەگۆڕێت. چیی دی پیاوە ڕووخۆشەكەی مەجلیسی جاران نامێنێت، ماوەی پێنج ساڵە ئەو پیاوە زیاتر بەبێدەنگی دەبیندرێت تا كەسێكی كراوە و ئاوەدان. لەم بارەوە دەڵێت ”پاش وەفاتی کچەکەم، چاوم هیچ نابینی، دنیا هیچ خۆشییەکی تێدا نەما، چرای ژیانم لەگەر ڕۆیشتنی كچەكەم کوژاوە“.
بەسەرهاتەكانی مام واحید، تەنیا چیڕۆکی ژیانی پاسەوانێکی سادە نین، بەڵکو ئاوێنەی نیو سەتە مێژووی پڕ لە جەنگ، هیوا و شکستە. ئەو پیاوەی نۆ ساڵ لەناو تەمومژی بارووتی شەڕەکانی عێراقدا مایەوە، دواتریش وەک خۆبەخشێک ڕووبەڕووی هەڕەشەی داعش بووەوە، ئێستە لە بەردەم ئەسواق سیرواندا بووەتە پاسەوانی یادەوەرییەکان. سیمبولی خۆڕاگرییەكی بێدەنگە لە نێوان شکۆی ڕابردوو و ئازاری ئێستەیدا.