كۆڵانی عارەبان بكرێتە شاری سینەما
كۆڵانی عارەبان بكرێتە شاری سینەما

ئەگەر قەڵات، تاجی هەولێر بێت، گەڕەکەكانی داوێنی، ئەڵقەیەکی زێڕینن بە دەوریدا و ڕۆحی شارەکەن. یەک لەو گەڕەکە دیار و بایەخدارانە، كۆڵانی عارەبانە، تەمەنی پتر لە سەت ساڵە، لەوێندەر تەنها کۆمەڵە خانووەکی کۆن نابینی، بەڵکو مۆزەخانەیەکی کراوەی تەلارسازی و مێژوویییە، لە ناوجەرگەی هەولێری پایتەختدا هەڵکەوتووە.
كۆڵانی عارەبان هەڵگری یادەوەریی بەکۆمەڵی هەولێر و ناسنامەی شارستانیەتی شارە. ئەگەر بکرێتە شاری سینەمایی، هەولێر دەبێتە ناوەندێکی گرینگی فیلمسازی لە ناوچەکە، دەرگەی هەلی کار بۆ سەدان گەنج و هونەرمەند دەکاتەوە.
ئەو گەڕەكە لە ڕووی مێژوویییەوە گەواهیدەری سەردەمێکی زێڕینی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیییە. جگە لە كورد، باوەشی میهرەبانیی بۆ پێكهاتەكانی تورکمان، ئەرمەنی، كریستیان و جووەکان کردبووەوە. ئەو هەمەڕەنگییەش تەنها لە دانیشتوانەکەیدا نەبوو، بەڵکو لە شێوازی بیناسازیشدا ڕەنگی داوەتەوە.
کاتێک بە کۆڵانەکانیدا پیاسە دەکەیت، تێکەڵبوونی چەندین شێوازی تەلارسازیی ڕەسەن دەبینیت، کە ئاماژە و بەڵگەی کراوەی کۆمەڵگەی هەولێرن.
دیوارە ئەستوورەکان، تاق و سووچی ژوورەکان، ئەو خشتە سوورانەی بەهونەرێکی بێ وێنە ڕیز کراون، چیڕۆکی وەستا و دارتاشە لێهاتووەکانی ئەو سەردەمە دەگێڕنەوە.
پاراستنی كۆڵانی عارەبان تەنها پاراستنی بەرد و خشت نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو بەڵگەنامە زیندووەیە کە دەیسەلمێنێت هەولێر لە مێژوودا شارێکی کراوە و لێبووردە بووە. كاتەك گەشتیار دێنە هەولێر، بەدوای مۆڵ و باڵەخانە شووشەبەندەکاندا ناگەڕێن، بەڵکو دێنە ناوجەرگەی شار، بۆ ئەوەی بۆنی مێژوو بکەن.
ئەوان لە بەردەم هەر دیوارێک و دەرگەیەکی کۆن وەک تابلۆیەکی هونەری ڕادەمێنن، ئەم بایەخە تەنها لای گەشتیاران نییە، بەڵکو هونەرمەندان و سینەماکاران ئەم ناوچەیان کردووەتە بنکەیەکی سەرەکیی کارەکانیان.
لەم ساڵانەی دواییدا، كۆڵانی عارەبان بووەتە چەقی سەرنجی دەرهێنەرانی فیلم و دراما و ڤیدیۆکلیپ و پڕۆگرامە تەلەڤزیۆنییەکان. ئەمەش دەری دەخات کە شوێنەکە خاوەن فۆڕمێكی سینەماییی بەهێزە کە دەبێت ڕێک بخرێت.
باشترین شت ئەوەیە لەو قۆناغەدا پێشنیاز بكرێت، ئەم گەڕەکە لە ڕووی هونەری و بەڕێوەبردنەوە بدرێتە دەست ناوەندێکی پسپۆڕ، تا ببێتە هۆی ئەوەی لە چوارچێوەیەکی کلاسیکییەوە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی بەرهەمهێنانی کولتووری و گۆشەكان لە دەستکاریی نەشیاو بپارێزرێن.
هەروەها خانووەکان بە هەمان کەرەستەی کۆن و بە شێوازێکی ئەکادیمی نۆژەن بکرێنەوە. دەکرێت یەکێک لە خانووە گەورەکان بکرێتە فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی سینەمای هەولێر، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ژیان و پاراستنی فیزیکی بۆ گەڕەکەکە دەگەڕێنێتەوە.
کردنەوەی هۆڵێکی سینەماش لەناو یەکێک لە حەوشە کۆنەکاندا، کە بەردەوام فیلمی کوردی و جیهانیی تێدا نمایش بکرێت، دەیكاتە ناوەندێکی کولتووری بۆ گەنجان، فێرخوازانی هونەر و گەشتیاران و هونەرمەندان و ئارەزوومەندان.
بۆ دابینکردنی بودجەی نۆژەنکردنەوە، دەکرێت چوونە ژوورەوە بۆ گەڕەکەکە وەک ناوچەیەکی پارێزراو بەرامبەر بڕە پارەیەکی كەم بێت، داهاتەكە ڕاستەوخۆ بۆ سندوقی پاراستنی گەڕەکە مێژوویییەكە و پاککردنەوەی بەردەوامی تەرخان بکرێت.
گۆڕینی هەندێک لە خانووەکانیش بۆ كافێی کولتووری، کتێبخانە، گەلەریی شێوەکاری، ستۆدیۆی میوزیک و هۆڵی نمایشی شانۆیی و کۆنسێرت و ئاهەنگی میوزیک، بەم شێوەیە ژیان دەگەڕێتەوە شوێنە ناوازەكەی شار و لە زۆنێكی چۆڵەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی ئیکۆنۆمی و کولتووری زیندوو.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved