چیڕۆکی کۆمەڵە گەنجەكی هەولێرە، لە سایەی هەلومەرجێکی سیاسیی نالەباردا، ژینگەیەکی ناجۆری پەروەردەیی و دۆخێکی شێواوی کۆمەڵایەتی، ژیانی قورس و کەمیی دەرفەتدا، دەكەونە دنیای تاوان و توندوتیژی.
فیلمی بەڕازیلییە شینەكە، لە ژانری ئاكشن و درامای تاوانی واقیعییە، وێنەسازییەکان و کەشە سینمایییەکە هەوڵ دەدەن ڕاستییەکی ڕووت و ڕوونی ژیانی سەردەمێكی دیاریكراوی شار پیشان بدەن.
بەکارهێنانی شوێنە ڕاستەقینەکانی هەولێر، ڕەنگە تۆخ و تاریکەکان، هەروەها تێکەڵکردنی خەیاڵ و ڕاستی لەناو فیلمەکەدا، وایان کردووە لە سینەمای نیوڕیالیزمەوە نزیک بێت، کە تێیدا کاراکتەرەکان هێندە پاڵەوان نین، ئەوەندەی قوربانیی سیستەمن. ئەمەش لە ڕێگەی گێڕانەوەی منداڵی و مێژووی کەسایەتیی کاراکتەرەکان دەردەکەوێت، کە زۆربەیان بەرهەمی بێ كەسی و شکستە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانن.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، فیلمەکە ڕەخنەیەکی توند و زبری ناڕاستەوخۆیە لە سیستەمی سیاسی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی ئەودەم. بەو پێیەی چیڕۆکەکە نیشانی دەدات كە هەژاری، بێدادی و نەبوونی سیستەمی پشتگیریی کۆمەڵایەتی گەنجان بەرەو تاوان دەبەن. تێمای فیلمەکە، جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە تاوان بە تەنیا بژارە و ویستێکی خودیی ڕووت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ژینگەی پەروەردەیی و بارودۆخی کۆمەڵایەتیشە.
ئەو گەنجانەی بە کوڕانی بەڕازیلییە شینەکە ناسراون، لە سەرەتادا تەنیا بۆ مانەوە دەست بە تاوان دەکەن، بەڵام دواجار دەبنە بەشێک لە سیستەمی بەرهەمهێنەری توندوتیژی و تاوان.
دیوێكی دیکەی ئەو فیلمە، قەیرانی ناسنامەیە، کاتێک بەهۆی بێدادیی سیستەم و نابەرابەرییەوە، گەنجان لە کۆمەڵگەدا دەرفەتی گونجاو و وەک یەکی ژیانیان بۆ ناڕەخسێت و بەهۆیەوە شوێنی دروست و پێویستی خۆیان نادۆزنەوە، ناچار پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی ناسنامەیەکی جێگرەوە کە بە كوردی شەقاوە یان چەتەی پێ دەگۆترێت.
بەپێی ئەو فیلمە، کاتێک گەنج شوێنی شیاوی خۆی لە کۆمەڵگەدا نادۆزێتەوە، هەست بە پەڕاوێزبوون، بێ نرخی و بێزراوی دەکەن، دەرفەتی دروستیان بۆ دەرکەوتن و سەرکەوتن نییە، بیر لە دروستکردنی ناسنامەیەکی جێگرەوە دەکەنەوە، ناسنامەیەک کە ڕەنگدانەوەی نواندنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە.
بەو واتایەی، کەسێک وا دەکات خۆی بە هێز و دەسەڵات ببینێت، ڕێزی خۆی لە ڕێگەی ترساندن یان توندوتیژی وەربگرێت و دەیەوێت لە ناو گرووپەکەی بە شێوەیەکی تایبەت بناسرێت. بۆیە لێرەدا چەتەیی و شەقاوەیی تەنیا پیشە یان تاوانێك نییە، بەڵکو ڕۆڵێکی تەواو دەروونی و کۆمەڵایەتییە کە گەنجەکان دەیگێڕن، بۆ ئەوەی جێگەیەك لەناو کۆمەڵگەدا بگرن.
بە واتایەکی دی، ئەو ناسنامەیە وەک پاساوێکە بۆ هەستکردن بە هێز، گرینگی و بوون.
کەسێک ناسنامە و بەهای خۆی لە ڕێگەی تاوان و هێز و ترسەوە دروست دەکات، نەک لە ڕێگەیەکی ئاسایی، دیارە ئەمەش ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆیە لەو کۆمەڵگە و سیستەمە سیاسییەی ناتوانن ڕێگەیەکی دروست بۆ گەنجان دیاری بکەن و ئاسۆیەکی گەش و ئومێدبەخشیان لە بەردەمدا بکەنەوە.
لە ڕووی فەلسەفەشەوە، فیلمەکە پرسیارێکی گرینگ دەورووژێنێت، ئایا مرۆڤ بە سروشتی خۆی تاوانبارە، یان بارودۆخی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەیکەنە تاوانبار؟
وەڵامی فیلمەکە ڕوون نییە، چونکە لە نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەدا کە هەردووکیان لە دروستبوونی توندوتیژی و تاواندا بەشدارن، هێڵێکی ناوەڕاستی گرتووە، بە ڕوونی و وردی، لە میانی دیمەن و گفتوگۆكاندا، کاری جیدی لەسەر خستنە ڕووی ڕەهەندە دەروونی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کاراکتەرەکان نەکردووە، بەڵکو زیاتر وەک گێڕانەوە و بەئەرشیفکردنی ڕووداوەکانی سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، کاری کردووە.
بەڕازیلییە شینەکە، جگە لەوەی كارێكی سینەماییی چێژبەخش بوو، وەك هۆشدارییەکی سیاسی و ئاگەدارکردنەوەیەکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیش دەبیندرێت، کە هەوڵی داوە جگە لە گێڕانەوەی ئازارەکان، پەیام و ئامانجەکەی بەرچاوڕوونی و تێگەیشتن بێت لە دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەوێ ڕۆژێ.