گیو موكریانی چۆن ئیجازەی ئیمتیازی هەتاوی وەرگرتەوە؟
گیو موكریانی چۆن ئیجازەی ئیمتیازی هەتاوی وەرگرتەوە؟

لە ترسی ئەوەی مۆڵەتی ئیمتیازی گۆڤاری (هەتاو)ی بۆ نوێ نەکەنەوە، ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٥٤، مامۆستا گیو موکریانی لە ڕێگەی موتەسەڕیفیەتی هەولێرەوە داوایەك بۆ سەعید قەزاز وەزیری ناوخۆی سەردەمی پاشایەتی دەنێرێت، تا بەپێی یاسای تازەی چاپەمەنی، مۆڵەتی ئیمتیازی دەرچوونی گۆڤاری (هەتاو)ی بۆ نوێ بکەنەوە.
گیو لە داواكەیدا نووسیویەتی، ٤٠ ساڵە خاوەنی چاپخانەیە، لەو ماوەیەدا ئیمتیازی چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی هەبووە، بەدەر لەم کارەش، بۆ بژێوی هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داراییی نەبووە. هەروەها ئامانج و نیازیشی تەنیا ئەوە بووە، خزمەتی زمان و مێژوو و ئەدەبیاتی نەتەوەی کورد بکات و بەس، پەیوەندیشی بە هیچ دەستە و کۆمەڵێكەوە نەبووە.
موكریانی ئەوەشی بۆ وەزیری ناوخۆ نووسیوە كە حەفت مانگە گۆڤارەكەی بڵاو دەبێتەوە، ئەگەر پێش تەواوبوونی وادەی ئەم ساڵە ئیمتیازەکەی تێک بچێت، تووشی زەرەر و زیانێکی ٥٠٠ دیناری دەبێت.
گیو موكریانی لە ژمارە (١٥)ی ساڵی یەکەمی هەتاو، لە تشرینی دووەمی ١٩٥٤ دەقی داواكەی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام لە ژمارە (١٦)دا، پاش ئەوەی داواكەی سێ پات كردەوە و وەڵامی نەدرایەوە، لە دوو توێی سکاڵانامەیەکدا بۆ سەعید قەزاز، لەسەر ئەم دواکەوتنە دەنووسێت و ئاماژە بەو بڕگە یاسایییە دەدات، کە دەڵێت ”بەپێی قانونی زمانی محلی رقم (٧٤)ی ساڵی (١٩٣١) بە موافقتی مجلسی اعیان و نواب و بە امضای مرحوم ملک فیصلی اول و فخامتی نوری سەعید و وەزیرەکانی، زمانی کوردی لە خاکی عێراقیدا ئازادە.“
دوای ئەم سکاڵایە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕۆژی (١٦)ی تشرینی دووەمی (١٩٥٤)، بەپێی یاسای تازەی چاپەمەنی سەرلەنوێ مۆڵەتی گۆڤاری (هەتاو)ی نوێ كردەوە، لە بەرامبەردا مامۆستا گیو موکریانی لە ژمارە (١٧ - ١٨)ی ساڵی یەکەمی ڕۆژی (٣١)ی کانوونی یەکەمی ساڵی (١٩٥٤)دا، سوپاسنامەیەکی ئاراستەی موتەسەڕیفی هەولێر و وەزیری ناوخۆ کرد، بەناوی هەموو وێژەپەروەرێکی کوردەوە دەسکەگوڵی ڕێز و سوپاسی بۆ ناردن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved