لە گوندی كاولۆكان، منداڵ ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌شی نەدرابایێ، خه‌می ده‌ستكه‌وتنی كێك و نوقڵی نه‌بوو، چونكه به‌رده‌كۆخیان هەبوو، هه‌مبانه‌كی پڕ شیرینی بوو، هەر نەخۆشەك سەردانی بەردەكۆخی كردبا، به‌شی منداڵانی گوند، چوكلێت، كێك و خۆراكی لێ بەجێ دەهێشت.
فاروق حاجی، پیاوەكی تەمەن ٥٠ ساڵی كاولۆكانە، له باره‌ی به‌رده‌كۆخ و ئەو نە‌خۆشانەی سەردانیان دەكرد بۆ (گڵكەند) دەڵێت، جاران دەیدیت خەڵك نەخۆشیان بە ئومێدی چارەسەری دەبردە بەردەكۆخ، ته‌نانه‌ت هەندێك جار له شاره دووره‌كانیشەوە خەڵك هاتوون، به‌ڵام ئێستەكە ئەو جۆرە سەردانیكردنانە نەماوە یان زۆر كەم بووەتەوە.
به‌رده‌كۆخ، به به‌رزیی نێزیكه‌ی سێ مه‌تر و پانیی دوو مه‌ترە، لە حەوشەی ماڵی ئیبراهیم كاولۆكه‌یی مامۆستای خانه‌نشین هەڵكەوتووە، كە دەكەوێتە سه‌ر ڕووباری كاولۆكان لە باكوری ڕواندز، لەم بارەیەوە دەڵێت ”چل سارە لێرەینە، خەرک لە هەموو لایەکی دێنە ئێرە، لە سۆران، هەولێر، دهۆک، سلێمانی و مەنتیقەی دی دێن، لۆ عیلاجی کۆخەی دێنە سەر ئەو بەردەی“.
بەپێی پێشینان، وەك ئیبراهیم كاولۆكەیی دەیگێڕێتەوە، نه‌خۆش لە كاتی سه‌ردانیكردنی بەردەكۆخ، سێ جار به ده‌وری به‌رده‌كه‌دا دەسووڕێتەوە، به كونێكی تیرەی ٦٠ سانتیمه‌تریدا تێ دەپه‌ڕێت كه له یه‌كێك له ڕۆخه‌كانی بەردەكەیە، لەو میانەیەدا ئەو قسەیە دەڵێتەوە ”كه‌نده‌كۆخ لێت هاتمه ڕۆخ لێم به‌ی كۆخ“. دواتر بڕێك چوكلێت، شیرینی یان گه‌نم له‌سه‌ر به‌رده‌كه جێ دەهێڵێت. هەروەها هەندێك كەس پێش بگەڕێنەوە، به‌ردێكی بچووك له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن، دواتر له‌ناو په‌رداخە ئاوەكی ده‌كه‌ن و ئاوەكەی ده‌خۆنه‌وه.
له باره‌ی مێژووی ئەو به‌ردەوە، باپیری ئیبراهیم كاولۆكەیی بۆ كوڕی خۆی گێڕاوەتەوە كە ئەو كاتەی پاسه‌وانی پاشای گه‌وره بووه، خەڵك ئەو بەردەیان بۆ هەمان مەبەستی چاكبوونەوە به‌كار هێناوه، ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵیشیان وه‌كو پیرۆزییه‌ك له‌سه‌ر به‌رده‌كه كوشتووەتەوە.
د. شێروان شه‌ریف قورتاس سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و پسپۆڕی جیۆلۆجی بۆ (گڵكەند) باسی جۆری ئەو به‌رده دەكات و دەڵێت له جۆری Conglomerate، نیشتووی ڕووباره، به‌سته‌ری نێوان چه‌مكی به‌رده‌كه، نیشتووه‌كانی كلسییه، كه هه‌ر له خودی ڕووباره‌كه نیشتوون، ته‌مه‌نی به‌رده‌كۆخ، نیشتووی نوێیه، له كۆتاییی چاخی چواری جیۆلۆجییه، له‌وانه‌یه چه‌ند هه‌زار ساڵێك بێت.
له باره‌ی پاراستنی به‌رده‌كۆخیشەوە، عه‌بدولوه‌هاب سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری سۆران دەڵێت بەمەبەستی پاراستنی بەرده‌كۆخ، وه‌كو شوێنه‌وارێكی كه‌له‌پووری له چوارچێوه‌ی پۆڵینبه‌ندی شوێنه‌واره‌كانی سه‌ر به یونسكۆ له پۆڵینی شوێنه‌واره‌كانی (Intangible heritage) تۆماریان كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له ده‌وروبه‌ری بەردەكەش دەژین، لە پێویستیی پاراستنی به‌رده‌كۆخ ئاگەدار كراونەتەوە.
به‌بۆچوونی عه‌بدولوه‌هاب سلێمان، وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری نەخۆشی لە بەردەكۆخ، بابەتێكی باوەڕی تاكە كەسییە، كە بە پڕۆسه‌یه‌كی مێژوویی‌دا تێپەڕیوە و له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگەكاندا هه‌یه، تەنانەت لە هەندێك لە كۆمه‌ڵگە پێشكه‌وتووه‌كانیش، بۆیه بەپێویستی نازانێت شه‌رم لەوە بكەن كه هەندێك كەس بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری په‌نا بۆ به‌ردێك ده‌به‌ن.
له باره‌ی چۆنیه‌تیی سوودوه‌رگرتنیش له‌و جۆر شوێنه‌وارانه و هه‌وڵدان به به‌ستنه‌وه‌یان به گه‌شتیاریی ته‌ندروستی یان هه‌ر جۆرە پڕۆسه‌یەكی دیكەی گه‌شتیاری، ئاماژە بەوە دەكات كە ئه‌و شوێنه‌ی به‌رده‌كۆخی لێیه، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی كۆڕنیشی كاولۆكان، له‌گه‌ڵ به‌رده‌كۆخدا، ١٢ شوێنه‌واری دیكەش تۆمار كراون، پڕۆپۆزه‌لێكیان به كونسوڵخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا داوه، كونسوڵ گشتیی فه‌ڕه‌نساش له هه‌ولێر سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ی كردووه، تا بتوانن بیكه‌ن به پاڕكێكی شوێنه‌واری.
ئیبراهیم كاولۆكه‌یی نیگەرانە لەوەی ماوەیەك هەڕەشە لەسەر بەردەكە هەبووە، بەهۆی ئەوەی خه‌ڵكانێك پێیان وا بووه سه‌ردانیكردنی ئه‌و به‌رده جۆرێكه له كوفر، بۆیه هه‌وڵیان ده‌دا بێن و بەردەكە تێك بشكێنن، به‌ڵام تا ئێستە پاراستوویانه و ڕێگه‌یان نه‌داوه زیانی به‌ربكه‌وێت.