لە پێش (١٩٦٦)دا، دەبوایە بازرگانەکانی هەولێر و شارەكانی دیكەی کوردستان ئەندامێتیی خۆیان لە ژووری بازرگانیی بەغدا تۆمار بکەن، بۆ هەموو پڕۆژە و بەڵێندەرایەتی و بازرگانییەك لە ڕووی پشتگیری و هەر پسوولەیەکی پەیوەندیدارەوە دەچوونە بەغدا، ئەوەش کارێکی ئاسان نەبوو.
کاسبکاران لە هەولێر بیریان لەوە کردەوە چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە، ئەو كات ناوبانگی شێخێل حاجی حەسەن بەزاز باشتوجاری هەولێرێ کە بازرگان و کەسایەتییەکی دیاری بازاڕی قەیسەری بوو.
ئەوە بوو شێخیل لەگەڵ هاوڕێ بازرگانەکانی بڕیاریان دا ئەو گرفتە چارەسەر بکەن و چیی دی بۆ کاروبارە بازرگانییەکانیان نەگەڕێنەوە بەغدا.
ساڵی ١٩٦٦ توانییان لقی ژووری بازرگانی لە هەولێر بکەنەوە، یەکەم سەرۆکی ئەم لقەش شێخێل حاجی حەسەن بەزاز بێت، چونکە وەک باس لەو پیاوە دەکەن، کەسێکی چاوتێر و خێرخواز و کوردپەروەر بووە، زۆر جاریش لە پێناو کوردبوونی خۆی، سەرکێشیی بە سامانەكەی کردووە، بەتایبەتیش بۆ هاوكاریی شۆڕشی کوردستان درێغیشی نەكردووە، سەرباری ئەوەی بەرانبەر خراپەکارییەکانی ڕژێمەكانی عێراق وەستاوەتەوە، هەر ئەو خۆشویستنەش بووە لەناو قەیسەری و بازاڕی هەولێرێ وەک بازرگانێك و کەسایەتییەكی خۆشەویست ناوی دەركردووە.
مازن شێخیل حاجی حەسەن لە بارەی باوكییەوە، باس لە چۆنیەتیی کردنەوەی یەکەم لقی ژووری بازرگانیی هەولێر دەکات لە ١٩٦٦، دەڵێت پێشتر دەبوایە بازرگانەکان بچنە بەغدا، كەركووك و مووسڵ ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ناسنامەی ژووری بازرگانی وەربگرن، چونکە کەس نەیدەتوانی هیچ وەکالەیەکی بازرگانی وەربگری ئەگەر ناسنامەی ژووری بازرگانی نەبوایە، ئەوە بوو لقی هەولێریان كردەوە، ئاسانکارییەكی گەورە بوو بۆ بازرگانەکانی هەولێرێ.
ئەو بازرگانانەی لەگەڵ شێخیل كارەكەیان ئەنجام دا، بوونە یەکەم دەستەی کارگێڕیی لقی ژووری بازرگانیی هەولێرێ لە (١٩٦٦)، کە بریتی بوون لە محێدین عەبدوڕەزاق خورشید، عەزیز قەساب، جەلال عەبدوڵڵا موختار ناسراو بە جەلال عەبدۆک، عەبدولجەبار عەبدوڕەحمان ئاغا، جەلیل خەلیل خەیات، یاسین پاشا محەمەد شەریف، حەمید سەعید خەیات و عیزەدین محەمەد خدر دەڵاڵ.
شێخیل بەزاز بۆ سێ خول بە سەرۆكی لقی هەولێر هەڵبژێردرا و هەتا ١٩٧٥ لە پۆستەكەی مایەوە، دوو ساڵ بەر لە تەواوبوونی ماوەكەی، سەرۆکایەتیی ژووری بازرگانیی بەجێ هێشت، بەهۆی ناكۆكیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو دەمی ڕژێمی بەعس لە هەولێر.
شێخیل حاجی حەسەن بەزاز کارئاسانیی بۆ کاسبکار و بازرگانانی هەولێرێ دەکرد، خەڵکێکی زۆر لێی سوودمەند بوون، بەتایبەتیش كە ئەو ئاسانكاریی دەكرد لە مەرجەكانی بوون بە ئەندام لە ژوورەكە، بەتایبەتی لە مەرجی پارەداریدا، كە ئەو كات هەر بازرگانێكی پلە سێ، دەبوایە خاوەنی دە هەزار دینار بێت، ئەمەش بۆ زۆربەی کاسبکارەكان ئەستەم بوو، بەڵام شێخێل گوێی پێ نەدەدا، بۆ ئەوەی بازرگانەكانی شارەكە بتوانن بریكاریەتیی هاوردەكردن وەربگرن.
ئەو سەردەمە قوماش، شەکر و چا لەو بابەتە سەرەكییانە بوون كە هاوردە دەكران، ڕێی دووری بازرگانان بەغدا بوو، لەوێندەر بازرگانی گەورە هەبوون، شتەكانیان لە دەرەوەی عێراق دەهێنا، زۆربەی بازرگانە كوردەكانیش بە قەرزی سێ مانگی پێداویستییەكانیان دەهێنا هەولێر.

یەکەم ستافی ژووری بازرگانیی هەولێر ساڵی ١٩٦٦