لەو شوێنەی بای بەهێزی کۆیە لە جووڵە دەکەوێت، دۆڵەکان دەبنە پەناگەیەک بۆ مێژوو، لە دامێنی چیا سەختەکەی هەیبەت سوڵتاندا، تەلارێكی بەردین بەبێدەنگی وەستاوە.
خانێكە یان شوێنەوارێكی لەبیركراوە لە گوندی قەیسەریانی هەشت کیلۆمەتر دووری ڕۆژهەڵاتی کۆیە. وەختی خۆی لە دامێنی چیای هەیبەت سوڵتان، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی ئێستەی کۆیە - دوکان بنیات نراوە، تا ببێتە گەواهیدەرێكی کەموێنەی سەردەمێك، كە تیایدا هونەری تەلارسازیی شار سنووری بڕیوە و گەیشتووەتە گوندێکی دوورەدەست.
خانی قەیسەریان، لە دۆڵێکی پارێزراو هەڵكەوتووە و ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە، بەچەند گردێکی بەرز دەور دراوە. کەشوهەوایەكی تایبەتی هەیە و بەزستانان بای بەهێزی كۆیە نایگرێتەوە.
بەگوێرەی شوێنەوارناسان، مێژووی خانەكە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە حاجی مەلا بەکر ئاغای حەوێزی لەسەر ئەرک و خەرجیی خۆی مزگەوتی گەورەی کۆیەی لە ساڵانی ١٨٤٠ -١٨٤٢ی زایینی دروست کردووە.
هێمن نەعمان شوێنەوارناس لە فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە دەڵێت لەو سەردەمەدا، خەڵکی گوندی قەیسەریان داوایان لە هەمان ئەو وەستایانە کردووە کە مزگەوتەکەیان بنیات ناوە، خانێکیش بۆ ئەوان دروست بکەن.
هەر ئەو وەستایانەی ئەو سەردەمە، بینا کەلەپوورییەکانی ناو کۆیەی وەک مزگەوتی گەورە، قەیسەریی کۆن، خانی مەحموود ئاغا و خانووی حاجی تەهایان دروست كردووە، بە نەخش و نیگاری تایبەتیان ڕازاندوونەتەوە.
شوێنەوارناسەكەی كۆیە پێی وایە تایبەتمەندیی خانی قەیسەریان لەوە دایە کە تاکە نموونەی بیناسازییە لە مێژووی گوندەکەدا بەشێوازی خۆی دروست کرابێت، لە كاتێكدا خانووی ئەو گوندە بە بەرد و قوڕ یان خشتی گڵ دروست دەکرا، سەریشیان بە دار و چیغ دادەپۆشی، بەڵام ئەم بینایە بە بەرد و گەچ دروست کراوە، سەریشی بە تەکنیکێکی پێشکەوتووی ئەو سەردەمە داپۆشراوە كە لە گومبەدێك پێك هاتووە.
خانەكە بە شێوازی بیناسازیی مزگەوت و بازاڕی قەیسەری و هەندێک لە خانەکانی دەوڵەمەندەکانی کۆیە لەو سەردەمەدا دروست كراوە. تەنانەت دوای ئەو کاتەش، خەڵکی ئاسایی کاتێک خانوویان دروست دەکرد، ئەم تەکنیکی گومبەدەیان بەکار نەدەهێنا، هەر بە دار سەری خانوویان دادەپۆشی.
خانەکە شێوەیەکی لاکێشەییی هەیە، درێژییەکەی ١٦مەترە و پانییەکەی پێنج مەتر دەبێت. بەرزیی دیوارەکانی لە دەرەوە بەپێی ئاستی زەوییەکە دەگۆڕێت؛ لە نێوان ١٠٢ بۆ ١٠٩ سانتیمەترە، بەرزیی خانەکەش لە ناوەوە، تا دەگاتە لووتکەی گومبەدەکان، نزیکەی سێ مەتر دەبێت. لە هۆڵێکی درێژی یەک نهۆمی پێك دێت، تەنیا یەک دەرگەی هەیە كە یەك مەتر بەرز و ٨٠ سانتیمەتر پانە، دەکەوێتە دیوی باکوریەوە، دیوارەکانیش نزیكەی ٧٠ سانتیمەتر ئەستوورن.
لە ناوەڕاستی خانەكەدا، پێنج پایەی بەردینی کورت هەن کە خانەکەیان کردووەتە دوو بەشەوە. بەرزیی هەر پایەیەک ١٠٣ سانتیمەترە، لە سەریانەوە بەردێکی چوارگۆشە هەیە پێی دەگوترێت تەبلەی پایە. هەر پایەیەک چوار لاکەوانەی لەسەر جێگیر کراوە، کە بە زاراوەی بیناسازی بائیکەی پێ دەڵێن.
بنمیچی خانەکە لە ١٦ کەوانەی نووکتیژ پێک هاتووە کە ١٠ گومبەدیان هەڵگرتووە. گومبەدەکان بە دوو ڕیز دروست کراون، لە ناوەوە بە گەچ سواخ دراون.
گرینگیی تەلارسازییەكە لەوە دایە کە هیچ دارێک یان ماددەیەکی تر بۆ ڕاگرتنی بنمیچەكە بەکار نەهاتووە، تەنیا بەشێوەیەکی ئەندازەیی و لێزانانە بەرد و گەچ بۆ گرتنی بنمیچەكە بەکار هێندراون. دواتر، سەربانەکە چینێکی گەچە و چینێکی ئەستووریش قوڕی بەسەردا کراوە.
لەسەر دیوارەکانی باکور و باشوور لە دیوی ناوەوەدا، چەند تاقێکی بچووکی چوارگۆشەیی هەن کە بۆ دانانی چرا یان کەلوپەل بەکار هێندراون.
ژینگەی کۆیە و گوندەکانی دەوروبەری دەوڵەمەندە بە بەردی ناڕێک، گەچ و کانزاکان، كە ڕەنگدانەوەیان لەسەر بیناسازیی ناوچەکە هەیە و کەرەستەی سەرەکیی خانی قەیسەریانیش بەم شێوەیە بریتییە لە بەردی ناڕێک، گەچ و قوڕ.
بەپێی بۆچوونی دانیشتوانە دێرینەکانی گوندەکە، خانەكە لەلایەن مەڕدارەكانەوە بۆ پاراستن و هەڵگرتنی کا و قەسەڵ دروست کراوە، چونکە پێشتر کەپر یان ژووری بچووکیان لە بەرد و قوڕ بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنا کە بەرگەی با و بارانی بەهێزیان نەدەگرت، بەڵام لە سەردەمەکانی دواتردا، وەک هۆڵێک بۆ حەواندنەوەی مەڕوماڵات بەکار هێنراوە.
هێمن نەعمان دووپات لەسەر بۆچوونی گوندنشینەكان دەكاتەوە و پێی وایە خانەكە جگە لە بەكارهێنانی بۆ مەڕوماڵات، بۆ هیچ ناگونجێت، چونکە خان و قەیسەری پێویستیان بەدەروازەی فراوان هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا یەک دەرگەی بچووکی هەبووە کە پشتی لە با و بارانە. بۆ ڕووناکییش، هیچ پەنجەرە و کونێک لە بیناكە نەكراوە. بۆ دیوەخانیش ناشێت، چونکە تەنها ژوورێکی گەورەی بێ پەنجەرەیە، هیچ ژوور و پاشکۆیەکی بۆ خزمەتکردنی میوانان لێ نەبووەتەوە.
خانی قەیسەریان كە ساڵی ٢٠١٣ نۆژەن کراوەتەوە، ئەمڕۆ، تەنیا پاشماوەیەکی بەردین نییە، بەڵکو لاپەڕەیەکی زیندووی مێژووی ناوچەكە و جێدەستی تەلارسازەكانی سەتەی نۆزدەیە، كە گومبەدەكانیان بە لێزانییەكی وا دروست كردووە، نزیکەی دوو سەتە بەرگەی با و بارانی كۆیەی گرتووە، نیشانەی جیاوازییەكی سەرنجڕاکێشیشە، شوێنێک بە دەستی وەستا ناودارەکانی شار بۆ حەوانەوەی مەڕوماڵاتی گوند و هەڵگرتنی كا و قەسەر بنیات نراوە.