گازینۆ عەنتەر
گازینۆ عەنتەر

چیڕۆکی ناودارێکی پەنجایەکان

ئەگەر هەولێر لە ڕووی فیزیكییەوە قەڵات و قەیسەری و گەڕەك و كۆڵانەكان بێت، ئەوا لە ڕووی ڕۆحییەوە، لەسەر چیڕۆک و یادەوەریی پێشینانی شارەكە بنیات نراوە.
لە پەنجاکانی سەتەی ڕابردوو، هەولێر شارەكی گچكە بوو، خەڵكەكەی بەتەواوی كۆڵان و شوێنە گشتییەكانی ئاشنا بوون، لەو سەردەمەدا گازینۆیەك هەبوو، بۆ ماوەیەکی درێژ بووبووە ناوەندێكی كۆمەڵایەتی، گەنج و پیر لێی كۆ دەبوونەوە.
گازینۆ عەنتەر، كە بە ناوی حاجی عەنتەری خاوەنیەوە كراوە، هی پیاوەكی هەولێری بوو، بە ناوی پیرداود حەمادی حەسەن.
ئەو ساڵی ١٩٢٢ لە كۆڵانی عارەبان لەدایك بووە، لە بنەماڵەیەکی ڕەسەنی هەولێرێ بوو، سەر بە تیرەی بەیات بوون.
بەهۆی ئەوەی باوکی زوو مرد، منداڵییەکی سەختی هەبوو، ناچار لە تەمەنێكی بچووكەوە ملی دایە بەر ئیش و پەیدایكردنی بژێوی، لە ئەنجامیشدا پیاوێکی ئازا و بە ویقاری لێ دەرچوو.
پیرداود كەسێكی چوست و چالاك بوو، بەم هۆیەوە خەڵک ناسناوی عەنتەریان پێ بەخشی، كە بنەچەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی عەنتەر بن شەدادی قارەمانی ناسراوی عەرەب.
پیشەی سەرەکیی حاجی عەنتەر، بیناسازی بووە. دواتر بەهۆی لێهاتوویی و کارامەیی، بووەتە بەڵێندەر، چەندان فەرمانگە و قوتابخانە و پڕۆژەی لە هەولێر، تەلەعفەر، ئاکرێ، ڕواندز و سماقووڵی بنیات ناوە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەك هێندەی گازینۆ ٥٠٠ مەترییەكەی تەیراوە، بەناوبانگی نەكرد.
بە گوتەی سەلام، کوڕی حاجی عەنتەر، كە ئێستە لە ژیاندا نەماوە، ساڵی ١٩٥٩ گازینۆ عەنتەر لەلایەن باوکییەوە دروست كرا و دوو نهۆم بوو. لە ماوەیەکی كورتدا بووە یەکێک لە ناسراوترین شوێنە کۆمەڵایەتییەکان، بازرگان، مامۆستا، فەرمانبەر، ئەندازیار و ئاغاكانی ناوچەکە لەوێ کۆ دەبوونەوە.
ئەو گازینۆیە هەر شوێنی پشوودان و چا و قاوەخواردنەوە نەبوو، بەڵکو لەسەر ئەو مێزە بچووکانەدا، باس باسی داهاتووی عێراق و خەونی کورد و مەجلیسی ڕۆشنبیری و سیاسی بوو. بەم هۆیەوە چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی عێراقەوە داخراوە و بەشێك لەوانەی سەردانی گازینۆكەیان دەكرد، دەستگیر كراون. بەڵام هەر جارێک گازینۆیەكە دوای داخستنی، دەکرایەوە، خەڵکی زیاتر ڕوویان تێ دەکرد.
لە كۆتاییی حەفتاکاندا، گازینۆ عەنتەر بەرگێكی نوێی پۆشی، بوو بەناوەندێكی كۆبوونەوەی وەرزشوانان، یانەی وەرزشیی تۆپی پێی هەولێر، گازینۆکەی کرد بە بارەگەی خۆی، تا لە ساڵی ١٩٨٠دا گازینۆكە ڕووخێندرا، شوێن و ناوەکەی گۆڕدرا، بەڵام لە بیرەوەریی خەڵكدا وەك خۆی مایەوە.
حاجی عەنتەر، دوای ساڵانێک کار و تێکۆشان، ڕووی كردە کاری کشتوکاڵی تا ئەو کاتەی مەرگ بەرۆکی گرت و لە ١٩٩٨دا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییی كرد.
ئێستە گازینۆ عەنتەر لە نەخشەی شەقامەکانی هەولێر نادۆزرێتەوە، بەڵام لە نەخشەی دڵی هەموو ئەوانەی سەردەمەكەیان بینیوە، بە زیندوویی ماوەتەوە، تەنانەت لە كن هەولێرییەكانی ئەو سەردەمەشیان نەبینیوە و نەوەی نوێن، شوێنی گازینۆ عەنتەر لە ناسراوترین ناونیشانەكانی شارە.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved