گەڕاندنەوەی تابلۆ بزمارییەکانی قەڵات
گەڕاندنەوەی تابلۆ بزمارییەکانی قەڵات

هەولێر لە ماوەی شەش هەزار ساڵ مێژووی خۆیدا، چەندین شارستانیەتی بەڕێ كردووە، لە زۆر قۆناغدا لەسەر ئاستی جیهانی كۆن، ڕۆڵی ئاینی، سیاسی و سەربازیی باڵای تێدا گێڕدراوە، ئەو مێژووەشی، لەسەر بەرد و بە زمانی بزماری، لەلایەن شا ئاشووری و بابلییەکانەوە لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زاینەوە نووسراوەتەوە.
نووسراوە بزمارییەکان کە لەسەر بەرد نەخشێندراون و لەسەر قەڵات لە ماوەی دوو سەتەی ڕابردوودا دۆزراونەتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان بردراونەتە مۆزەخانەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئەمریکا.
ئەو تابلۆیانە بەردێکی ئاسایی نین، ئەوان مێژووی ژیانی شا ئاشووری و بابلییەکانیان لەسەر هەڵکۆڵدراوە، جگە لە سرووتە ئاینییەکان و هێرشی سوپاکان و ناوە مێژوویییەکانی هەولێر، کە ئەو کاتە سەنتەرێکی ئاینیی گرینگ بووە بۆ پەرستنی خوداوەندی عەشتار ئۆربیللا.
تابلۆ بزمارییانەی هەولێر گرینگیی گەورەیان هەبووە، ڕۆڵی ئاینیی هەولێر لە شارستانیەتی ئاشووری پشتڕاست دەكەنەوە. شایەکانی ئاشووری لە سەنتەری پەرستشی هەولێر (عەشتار) خوداوەندەکەیان پەرستووە و بەر لە هەر لەشکرکێشییەکیش، لەو سەنتەرەوە داوای هاوکارییان لە خوداوەند دەکرد.
دیارترین وتەی ئەو شا ئاشوورییانە کە لەسەر بەرد بە خەتی بزماری نووسراون، بریتین لە شا ئاشوور نیپاڵ، عەشتاری هەولێر پارێزەری عەرشە. سەنحاریب ئاماژەی بەوە کردووە قوربانیی پێشکێشی عەشتاری هەولێر کردووە و تەغلات بلاسری سێیەمیش گوتوویەتی كە هەولێر قەڵایەکی ئاینی و گرینگە.
هەروەها تابلۆی سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی شا ئاشوورییەکانیشن، بەشێک لەو تابلۆیانە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان لەسەر نووسراوەتەوە. دەقەکانیش بابەتی هەمەجۆر لەخۆ دەگرن، لەوانەی ڕاپۆرتی باج و ناردنی کاروانەکان. تۆماری سەربازیی سوپا و جووڵە و هێرشەکانی. پڕۆژە دروستکراوەکانی ناو قەڵات و پەرستگەکان، هەروەها کۆکردنەوەی سوپا بۆ هێرشکردنە سەر زاگرۆسنشینەکان.
لەسەر ئەو تابلۆ بەردییانەدا، بەچەندین شێواز و لە چەند دەقێکدا ناوی هەولێر نەخشێندراوە، وەک ئۆڕبیلم، ئەڕبا ئیل، ئەڕبیلۆ، ئەڕبا ئیللۆ، کە هەموویان پەیوەستن بە خوداوەند و پەرستگە.
دیارترین ئەو دەقانەش كە ناوی هەولێریان تێدا هاتووە ئەمانەن:
- تابلۆیەکی شا تەغلات بلاسری یەکەم، تێیدا باس لە تێپەڕبوونی سوپاکەی بە هەولێردا دەکات بۆ زنجیرە چیاکانی زاگرۆس.
- ئاشوور ناسرپالی دووەم، هەولێر بە ”شارە بەهێز و پارێزراوەکە“ ناو دەبات.
- تۆمارەکانی سەرجۆنی دووەم کە باس لە پێگەی ستراتیژیی هەولێر دەکەن.
هەروەها بەهۆی هەڵکەوتەی هەولێر لە باکوری وڵاتی نێوان دوو ڕووبار (ڕافیدەین)دا، پێگەیەكی سەربازیی گرینگی هەبووە، قەڵات وەک کۆگەیەکی گەورەی چەک و حەوانەوەی سەربازەکان بەکار هاتووە و چەندین ڕووداوی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەشی بەخۆوە بینیوە، وەک هێرشی ئاشوورییەکان بۆ سەر چیانشینەکانی لۆلۆیی، میدی و زاگرۆسنشینەکان. شەڕی ئەسکەندەری مەکەدۆنی و دارای سێیەم لە ساڵی ٣٣١ی پێش زاین. سەرچاوە مێژوویییە یۆنانییەکان ناوی هەولێریان وەک شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکە باس کردووە. هەروەها پێکدادانەکانی کۆتایییەکانی دەسەڵاتی ئاشووری لە نێوان میدییەکان، بابلییەکان و سوپای ئاشووری.
لە سەرەتای سەتەی بیستەمدا، شوێنەوارناسە ئەوروپییەکان، بەریتانی، ئەڵمانی و فەڕەنسییەکان، بەدوای شوێنەوارەکاندا دەگەڕان و سەتان پارچە شوێنەواریان دزیوە، بە قاچاغ گواستوویانەتەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە گرینگترینیان ئەمانە بوون:
- تابلۆی بەردیی گەورە لە کۆشکەکانی ئاشوورییەکان.
- نەخشێندراوە ئەندازەیییەکان لە پەرستگەکانی هەولێر.
- مۆرەکانی دەسەڵاتە مێژوویییەکانی هەولێر کە ناوی هەولێریان لەسەر نەخشێندراوە.
- تابلۆی نووسراوە بزمارییە ئیداری و ئاینییەکان.
دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراق، هەزاران پارچە شوێنەواری عێراق و کوردستان بەتایبەت هەولێر، لە مۆزەخانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، دزران.
زۆرینەی ئەو پارچە شوێنەوارییە دزراوانەش گواستراونەتەوە مۆزەخانەکانی لەندەن، پاریس، بەرلین و نیویۆرک، داواکردنەوەشیان مافێکی مێژوویی، ڕۆشنبیری و یاساییی گەلی کوردستانە.
پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارە دزراوە تایبەتانەی هەولێر کە تابلۆ بەردییەکانیش لەخۆ دەگرن، چونکە بەشێکن لە ناسنامەی هەولێر و مێژووەکەی، ناوی هەولێریان لەسەر نەخشێندراوە، كە پێگە مێژوویییەکەی نیشان دەدەن، نمایشکردنیان لە هەولێر، گەشتیاریی ڕۆشنبیری و مێژوویی زیاد دەکات و مافێکی یاساییی خەڵکی هەولێرە.
جگە لەو هۆکارانە، مانەوەی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی هەولێر لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، جیاکردنەوەی زۆرەملێی خەڵکی هەولێر و مێژووەکەیەتی، هەوڵی گەڕاندنەوەیان ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگە ئەکادیمییەکان و ڕۆشنبیر و لێکۆڵەرەوەکانە.

وێنەیەکی تابلۆیەکی بزماری، کە لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە خراوەتە چوارچێوەی مۆزەخانە


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved