کارگەى گەڕۆک بۆ دروستکردنى هەڕشتە
کارگەى گەڕۆک بۆ دروستکردنى هەڕشتە

هەڕشتە شەعریەى ئێستەیە، ئەم پیشەیە لە چلەكان و پەنجاکانەوە لە گوند و شارەکانى کوردستان باو بوو، سەرەڕاى ئەوەى وەک کولتوورێکی کوردەواری هەبووە، ئێستە بەهۆى کارگەى پێشکەوتووەوە دروستکردنی و ناوەکەشى گۆڕدراوە.
هەڕشتە، پیشەیەکى خۆماڵى بووە، چەندین وەستا و کارمەند لەو بوارەدا هەبوون، داهاتى ڕۆژانەیان پێ دابین دەكرد، ئەو جۆرە خۆراکەشیان بۆ خانمان بەردەست دەكرد، تا تێكەڵی چێشتى پڵاوى برنجی بكەن.
چەندین وەستا و کرێکار هەبوون بۆ دروستکردن و بڕینى هەڕشتە لە ناو ماڵەکاندا، لە وەرزى هاویندا لە ناو گەڕەکەکانى شار و شارۆچکەکان دەگەڕان بۆ ئەو خێزانانەى خوازیاری هەڕشتە بوون، بۆ ئەو مەبەستەش وەستایەکان ئامێرێکیان هەبوو لە گەڕەک و کۆڵانەکان، لە ناو ماڵەکان ئەم کارەیان ئەنجام دەدا، ئامێرەکە پێک هاتبوو لە لوولەیەکى کانزایى، لەلاى ژێرەوە بە ڕێکى کون کون کرا بوو، کە لەسەر چوارپایەیەکى دار یان ئاسن چەسپ کرا بوو، دواى ئەوەى کابانى ماڵ هەویرى ئامادە دەکرد، وەستایانى هەڕشتەکە ئەو هەویرەیان لە لاى سەرەوەیدا دەخستە ناو بۆڕییە لوولەکە و بەقەپاخێکى کانزایى دایان دەخست، قەپاخەکەش بورغییەکى کانزایى و پەستێنەرێکی لەناو بوو، بەهۆى سووڕاندنى بە چوار دەسکەکەى لەلایەن دوو کرێکارەوە دەخزێنرایە سەر هەویرەکە و لە لاى خوارەوەى بۆڕییە لوولەیییەکە بەهۆى پاڵەپەستۆ، هەویرەکە دەبووە هەڕشتە و بەشێوەی لوولەیى دەهاتە دەرەوە، وەستایەکەش ئاردی بە هەڕشتەکە دادەکرد بۆ ئەوەى بەیەکەوە نەلکێت و دەیخستە ناو بێژینگ یان سێنییەوە، منداڵەکانیش دەیانبردە سەربان، بە سەرپەرشتیی دایک یان داپیرەیان لە بەر ڕۆژدا لەسەر چەند ڕستەیەکى ئامادەکراو هەڵیان دەخست تاکو تەواو دەبوون.
هەڕشتە لەبەر تیشکى خۆردا دواى یەک دوو ڕۆژ، وشک دەبووەوە، پاشان کابانى ماڵ لەسەر جاجم یان قوماشێکى تایبەت، هەڕشتەکەى کۆ دەکردەوە و پارچەى دەکردن و لە ناو سەبەتەیەكی دادەنان، دواى ئەوە دەستی بەسوورکردنەوە دەکرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved