چ لە مردنی فاروق ڕەفیق فێر دەبین؟
چ لە مردنی فاروق ڕەفیق فێر دەبین؟

حەقە مردنی فاروق ڕەفیقی بیرمەند، دەیان توێژینەوەی بەدوادا بێت، بۆ لێكۆڵینەوە لە بیرکردنەوە و ئاشكراكردنی لایەنە شاراوەكانی ناخی تاکی کورد.
ئەگەر لە کاردانەوەی خەڵک ورد بینەوە، بە هەموو چین و توێژێکەوە، بە ڕۆشنبیرانیشەوە، دەبینین خەڵک بێ ئیمان و بێ ویژدانن، ناحاڵین، کوێرانە حوکم دەدەن. دەنا چۆن دەکرێت، تەواوی پڕۆژە و بیرکردنەوە و خزمەتەکانی تاکێکی کورد سفر بکەیەوە لەسەر بنچینەی دەنگۆ و هۆیەلی بێ بنەما؟
بەرگری لە فاروق ناکەم، بەڵام خەمی ئەو ڕەفتارە قێزەونەی خەڵكمە، كە بەدوای مردنی ئەو پیاوەدا نواندیان.
من و فاروق لەسەر زۆر شت ناکۆک بووین، بەڵام ئایا دەکرێت دوای مردنی، هێرشی بكەمە سەر؟ نابێت ئەوە ببێتە کولتوور، دوای مردنی هەر کەسێک، بێین لەبەر جیاوازییەکانمان، ڕکبارانی بکەین. ئەمە زۆر کرێت و نامرۆڤانەیە، دوورە لە ڕەوشت و پێوەر و بەها باڵاكان.
هەر کاتێک قسە لەسەر مردووێک دەکەی، نابێ یەک پەنجەرەی بچووکی ژیانی وەرگری، نابێ تەنیا بنۆڕییە خاڵە ناکۆک و جیاوازەکان. دەبێ تەماشای تەواوی پڕۆژەکان و بەرهەمەکانی بکەی.
باشە بۆ حوکم لەسەر داهاتووی دەدەی؟ چۆن دەزانی دەچێتە دۆزەخ؟ بەپێی ئیسلام، تەنیا خوا حوکم دەدات کێ بەهەشتییە و کێ دۆزەخییە، پێغەمبەریش ناتوانێت ئەو حوکمە بدات. ئەی تۆی موسوڵمان چۆنت توانی ئەو حوكمە بدەی؟ ئەگەر قسەیەکت هەیە لەسەر مردوو، نابێت لەسەر ژیانی تایبەتی و دین و دیانەتی بێت.
فاروق قسەی لەسەر تابووەکانی کۆمەڵگە دەکرد، ڕەخنەی لە شتە قێزەونەکان دەگرت، لە بیرکردنەوەی ئیسلامی سیاسی، لە ئاین و دەسەڵات، ئەگەر ڕات جیاوازە، بیکە وتارێک لە بریی ئەوەی جوێنی پێ بدەی و تەواوی پڕۆژەکانی ڕەت بكەیەوە.
ئەو ماوەیەی فاروق ڕەفیق لە هەولێر ژیا، بەرهەمی زۆر زیادی کردبوو، بەردەوام خەریکی نووسین و خوێندنەوە بووە.
هەندێك دەڵێن گوایە پارتی نغرۆی کردووە بە پارە و هەندێكیش دەڵێن مردووە لە برسان و پشتگوێ خراوە، ئەمانە هەمووی قسەڵۆکن.
ئەو پیاوە مووچەیەکی دیاریكراوی هەبوو، ئەپارتمانێكی بچووكی بۆ گیرا بوو، ئەویش لە بەرانبەردا، بێ وچان خەریکی لێکۆڵینەوەكانی خۆی بوو.
ئەو توێژەرە، هەموو جار دەیگوت ”دوێنێی خۆم ڕەت دەکەمەوە، سبەینێش وەك ئەمڕۆ نابم“، بەو جۆرە دەژیا، ئیشی دەکرد و پێش دەكەوت.
هەندێك کەس مردنیشی بەسوودە!
مردنی ئەو بیرمەندە لۆی کەشف کردین، هەناومان چەند ڕەش و پیسە بەرانبەر یەکدی، سەلماندی ڕۆشنبیرانمان لە عەوام ناحاڵیترن، ئاستی هەمووانی بۆ دەرخستین.
لە هەمان كاتدا، کاردانەوە و دڵتەنگیی خەڵک سەلماندیان، فاروق ڕەفیق نەک شتێکی هەبوو، زۆر شتی هەبوو بۆ گوتن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved