من له دوو حاڵه‌تدا خۆشییه‌كى بێ سنوور دام ده‌گرێت، یه‌كه‌میان بینینى منداڵه كاتێ ده‌ڕوا بۆ مه‌كته‌ب، دووه‌میان كه شیعرێك ده‌بینم ژنێك نووسیویه‌تى.
له ڕاستیشدا دنیاى منداڵ و ژن له چه‌ند ڕووێكه‌وه به‌یه‌ك ئاشنان، هه‌ردووكیان پێیان وایه كه‌س لێیان تێ ناگات (كه له‌مه‌شدا له‌سه‌ر هه‌قن)، هه‌ردوو دنیا مه‌حكومن به ناحاڵیبوونی كۆمه‌ڵ به‌رامبه‌ر به به‌رائه‌تیان. نه‌هامه‌تیی منداڵ له لۆژیكى سیسته‌مخوازانه‌ى گه‌وره‌كان په‌یدا ده‌بێت، نه‌هامه‌تیی ژنان له لۆژیكى پیاوان (كه سیسته‌م ناخوازێ) سه‌رچاوه‌ى گرتووه.
مرۆڤ كاتێك شیعرێكى باش ده‌خوێنێته‌وه پێویسته بزانێت كه ئه‌مه هاوكاریی جوانییه له‌گه‌ڵ مێژوو.
هه‌رچه‌نده ئێمه‌ى كورد له كه‌م حاڵه‌تدا (سیاسى و ڕووناكبیرى و.. هتد) كه‌م جار جوانى هاوكار بووه له‌گه‌ڵ مێژوومان، نه‌بوونى جوانیش واته بوونى ناشیرینى، له كۆمه‌ڵى ئێمه‌دا (له به‌رامبه‌ر ژن) زۆربه‌ى كات ناشیرینى هاوكارى تاقانه‌ى مێژوومان بووه، چى له نیشتمانێكى ئازاد ده‌كه‌ى كه تیایدا ژن داگیركراو بێت؟ پێش ئه‌وه‌ى داوا له ژن بكرێت داهێنه‌ر بێت، پێویسته ڕێگه‌ى پێ بدرێت ئینسان بێت. بۆیه ده‌بینین ئه‌و شیعرانه‌ى ژن ده‌ینووسێت زۆربه‌یان هێنده‌ى گرینگى به‌مانا ده‌ده‌ن كه‌متر له شیعردا ئاوڕ له زمان و ته‌كنیك ده‌ده‌نه‌وه، هێنده‌ى شیعر ئامرازى ده‌ربڕینى نه‌هامه‌تییه، كه‌متر ئامانجى به‌رهه‌مهێنانى شیعرییه‌ته.
بێ گومان نكۆڵى له داهێنانى ئه‌و قه‌ڵه‌مه مێیینانه ناكرێت كه نه‌ك ڕۆڵیان هه‌بووه له دامه‌زراندنى شیعرێك كه ده‌ناسرێنه‌وه، به‌ڵكو ڕۆڵیان هه‌بووه له گه‌شه‌پێكردنى شیعرى كوردیش. به‌ڵام ئایا بوونى سته‌مى كۆمه‌ڵایه‌تى پاساوه بۆ ئه‌وه‌ى ژنان زیاتر گرینگى به شیعرییه‌ت نه‌ده‌ن؟ بێ گومان نه‌خێر، لێره‌وه پێویسته ئه‌وه بدركێنم كه ژنان ده‌بێت شیعر به سه‌كۆى هاوار تێنه‌گه‌ن، شیعر ئامراز و ئامانجه‌كه‌ى ته‌نیا له پێناو شیعره.
له ده‌قى ئه‌ده‌بیدا بیرۆكه و بابه‌ت چه‌ند گرینگن، سه‌د ئه‌وه‌نده داڕشتن گرینگه، ئه‌گه‌ر هه‌ر قه‌ڵه‌مێك به بیرۆكه و بابه‌ت گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ى داهێنان بكات ئه‌وا هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ى له ئه‌ده‌بدا ده‌مێنێته‌وه داڕشتنه نه‌ك مانا، ده‌كرێت بیرێكى گرینگ به داڕشتنێكى خراپ سه‌قه‌ت بكرێت، وه‌ك چۆن ده‌شكرێت بیرۆكه‌یه‌كى بچووك به داڕشتنێكى جوان مه‌زن بكرێت، هێنده به‌س نییه ژنێك باس له ئه‌ندێشه‌ى خۆى و ژنان بكات بۆ ئه‌وه‌ى گره‌و بباته‌وه، وێڕاى ئه‌و په‌یامه پیرۆزه، ده‌بێت ته‌كنیك و زمانى شیعرى هێنده‌ى ئه‌ندێشه‌كان به‌هێز بن، هاوكێشه شیعرییه‌كان خه‌مى یه‌كه‌میان به‌رهه‌مهێنانى شیعرییه‌ت بێت، پێش ئه‌وه‌ى په‌یامێك بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نگیرى له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنى ئومێده ڕه‌واكانیان.
شیعر كڵاو نییه ژنانه و پیاوانه‌ى هه‌بێت، به‌ڵكو ئاسمانێكه جێى سه‌رى هه‌موومانى لێ ده‌بێته‌وه. ئه‌م قسه‌یه‌شم بۆ ئه‌وه نییه كه خوانه‌خواسته ئاراسته‌ى نووسینى شیعر ده‌سنیشان بكه‌م، به‌و مانایه‌ش نییه كه ژنان شیعرى نه‌رم و په‌مه‌یى بنووسن، به كورتى مه‌به‌ستمه بڵێم شیعر ده‌ره‌نجام جوانى و چێژه. شیعر جیاوازى ناکات لە نێوان مشتێك بزمار و سه‌به‌ته‌یه‌ك هه‌نجیر.
شیعر تخووب دروست ناكات لە بەینی په‌پووله و خاكه‌ناس.