لەو شوفێرە خۆش نابم؛ بە خێرایی لەسەر هێڵە سپییەکانی پەڕینەوەدا لێم بدات، داوای قەرەبووی لێ دەکەم، بەزەییم پێدا نایەتەوە، چونکە سەرپێچیی کردووە، ناکرێت بێ سزادان دەربازی بێت، با ئەوەش ببێتە وانەی فێربوون و ڕاهاتن و ڕێزگرتن؛ بۆ گیان و سامانی خەڵک!
ئێوەش لەو کەسانە خۆش نەبن، بۆ کوتان و دانانی ڕیکلام و فلیکسەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، شیشی ئاسنی باریکیان کوتاوە، تیژ و باریک ماونەتەوە و ساتمەی لێ دەکەن، لە ئەنجامدا دەواودەو دەکەون، ڕیزێک ددانتان دەشکێت، کەپوو و نیوچەوانتان بەخوێن دادێت!
لەو کەسە خۆش نابم؛ لە شوێنێکی تەسکی تەنگەبەردا جگەرەیەک لە تەنیشتم پێ دەکات، بە دووکەڵەکەی قانگم بدات!
ئێوەش هەرگیز لەوانە خۆش نەبن؛ بەبێ بەڵگە و ڕاستی و ناسینی تەواو؛ قسە و ناو و ژمارە و لێدوان؛ لەسەر ئەم و ئەو و خەڵک و حکومەت و حزبان بڵاو دەکەنەوە، بەدرۆ، ناشایستە باسی خەڵک دەکەن!
حکومەت لەو بەرپرسەش خۆش نەبن؛ دەوامی نییە، خانەنشینە، بێ کارە ئینجا دە دوازدە پاسەوان و دوو ئۆتۆمۆبێلی دەوڵەتی پێیە، بەردەوام گلەییی هەیە، زۆریش خۆی بە مەغدوور دەزانێت!
لەو دایک و باوکانە خۆش نابم؛ لەبەر خەڵک، بۆ ناوهێنان و خۆدەرهێنان و فشەفش، بە قەرز و پاڕانەوە منداڵێکی دەنێریتە خوێندن و زانکۆی ئەهلی!
حەق نییە ئێوەش لەو کەسانە خۆش بن؛ ئەوەی ماستت بەناوی ماستی مەڕ پێ دەفرۆشێت! هەموومان دەزانین مەڕ لە کوردستان زۆر کەمە، بەڵام ماستی (بەناو مەڕ) زۆر زۆرە! وا دەزانن لە ئورسترالیا، ئێرلەندا و ئەرمینیا دەژین!
لە ئێوەش خۆش نابم، لە بیریش ناکەم؛ ئەگەر زوو و بە بەرنامەیەکی ئەندازەییی کولتووری؛ قەڵاتی هەولێر نۆژەن نەکەنەوە، هەموو قۆناغەکانی تەواو نەکەن، پاش تەواوبوون و ڕازاندنەوەی، لە شێوەی ئاهەنگی ساڵی ٢٠٢٥ کردنەوەی (المتحف المصري الكبير) لە قاهیرە، یادی نەکەنەوە، سەدان سەرکردە، کەسایەتیی جیهانی دەعوەت نەکەن، قەڵاتەکە بە کەرنەڤاڵێکی هونەری، سیاسی، مۆدێرنی شایستە بە مێژوو و شکۆکەی نەکەنەوە! ئەگەر ئەوە نەکەن؛ خەڵکی هەولێر و کوردستان لێتان خۆش نابن، مردووەکانیش زیندوو دەبنەوە، خوداکانی کۆنی پیرە قەڵات، چوار خوداکە، بە زمانی کۆنی خۆیان، بەپۆشاکی جاران، دێنە بەر دەرگەکانتان، پێش چاوتان، ناو ویژدانتان و سزاتان دەدەن!