سەربوردەی مەیجەر کینس لە خەرەندی ڕواندز
سەربوردەی مەیجەر کینس لە خەرەندی ڕواندز

چەند هەفتەیەکی كەم دوای کۆتاییی جەنگی یەکەمی جیهان، مەیجەر کینس مەیسۆن ئەندازیار و ئەفسەری بەریتانی، بە ئەرکێکی هەواڵگری لە بەرگی بانگخوازی مەسیحیدا گەشتێک بەکوردستاندا دەکات و ڕاپۆرتێكی پڕ زانیاری دەنووسێتەوە، یەكێك لەو ناوچانەی بە وردی لە بارەیەوە دەكۆڵێتەوە، ناوچەی ڕواندز و ڕێگەی هامڵتۆنە.
بەپێی گێڕانەوەی خۆی، مەیسۆن یەکەم جار لە مووسڵەوە بە ڕێگەیەکی هەوراز و ناهەمواردا بەرەو ڕواندز گەشتی کردووە، كە لەلایەن عوسمانییەكانەوە دروست کرا بوو.
ڕێگەکەی بەڕێڕەوێکی سەرەتایی و ناسەلامەت وێنا كردووە، كە لە ڕاستیدا هیچ پێوەرێکی ڕێگەی نێوان شارەکانی تێدا نەبووە، بەڵکو تەنها بەرد و بەربەستە گەورەکانیان لادا بوو، تا گەشتی پێدا بكەن. باسیش لەو ترس و دڵەڕاوکێیە دەکات کە لە کاتی گەیشتن بە ڕواندز هەستی پێ کردووە.
دەیگێڕێتەوە بە ڕێگەیەکی باریکدا و لە بەرزایییەکی زۆرەوە بە لێواری خەرەندێکدا هەڵگەڕاوە، لە ژێر پێی خۆی کەللەسەری ئەو ئاژەڵانەی بینیوە کە پێشتر هەڵدێرا بوون و پاشماوەی ئەو عارەبانانەشی بەرچاو کەوتبوو کە پێ دەچوو لەگەڵ خاوەنەکانیان لەم خەرەندە قووڵەدا تێدا چووبن.
مەیسۆن لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ گەیشتووەتە ڕواندز، یەکەم دیمەنی ئەو شارە بە کارەساتبار ناو دەبات و دەنووسێت پێش ڕووسەکان، دوو هەزار خانوو لە ڕواندز هەبوون، ژمارەی دانیشتوانی ڕواندز و دەوروبەری نزیکەی ١٥ هەزار کەس بووە، بەڵام بەهۆی هێرشەكانی ڕووس، دوای ئەو جەنگە تەنها ٦٠ خانوو بەپێوە مابوون و دانیشتوانەکەی بۆ ٦٠٠ کەس دابەزی بوو.
ئەم ئەفسەرە هەواڵگرییە بەریتانییە، سەرسامبوونی خۆی بە تۆپۆگرافیا و سروشتی ڕواندز ناشارێتەوە و خەرەندە بەسام و هەیبەتەکەی ڕواندز و هەڵدێرە بەردینەکان بە چیاکانی (هیمالایا) دەشوبهێنێت. باس لەوەش دەکات لە گەشتێکیدا لەگەڵ ڕێبەرێکی کوردی ناوچەکە، ئەسپێکیان پێی خزییە و لە کاتی هەوڵدانیان بۆ ڕزگارکردنی، ڕێبەرەکە خۆیشی نزیک بووە لە هەڵدێران، بەڵام زۆر بوێرانە خۆی بە چڵە دارێکەوە گرتووەتەوە و لە کۆتاییشدا ئەسپەکەیان تا بنی دۆڵەکە هەڵدێراوە و لەناو چووە.
بەپێی گێڕانەوەکانی مەیسۆن، تاوانی ڕووس و هاوپەیمانەکانیان تاکە هۆکاری سەختیی ژیانی ڕواندزییەکانی ئەو ساڵانە نەبوون، بەڵکو قاتوقڕی و برسییەتی، گرانەتا و پەتایەکی بەربڵاو بەناوی (پەتای ئیسپانی)ش هۆکار بوون بۆ گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. مەیسۆن نووسیویەتی نزیکەی پێنج هەزار كەس لە ژن و منداڵ و پیاو لە لایەن ئەرمەنییەکان، کە هاوپەیمانی ڕووسەکان بوون، لەسەر خەرەندی ڕواندز فڕێ دراونەتە خوار و کۆمەڵکوژ کراون.
هەروەها باسی لە وێرانکاریی ڕووسەکان كردووە لەو کاتەی ناچار کراون ناوچەکە بۆ تورکەکان چۆڵ بکەن. لە چەند شوێنێكیشدا دەیگێڕێتەوە کە ڕووسەکان هەر گوندێک لەسەر ڕێگەیان بووایە، خاپووریان دەکرد و دەیانسووتاند.
گەڕانەوەی تورکەکانیش کۆتاییی بەنەهامەتییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە نەهێناوە، چونکە تورکەکانیش هەر زوو دەستیان بە تاڵانی بەروبوومی خۆراکی و کشتوکاڵیی ناوچەکە کرد بۆ سوپاکەی خۆیان، ئەمەش هێندەی دیکە کاریگەریی کردە سەر قەیرانی ناوچەکە.
سەبارەت بە کەمیی خۆراک لەو سەردەمەدا، مەیسۆن بە گاڵتە دەنووسێت لە ماوەی ئەم گەشتەدا، کەمەری هەندە باریک بووەتەوە، ناچار بووە چوار کون بۆ قایشی پانتۆڵەکەی زیاد بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرینەی کوردان لەو سەردەمەدا چەکدار بوون؛ بە شێوەیەک کە هەموو كوڕێكی سەروو تەمەن هەشت ساڵ چەکی هەبووە و زۆربەی چەکەکانیش پاشماوەی سەربازە هەڵهاتووەکانی سوپاکانی ڕووس و بەریتانی بوون.
هەروەها باس لە دانیشتوانی کریستیانی کوردستانیش كراوە و گریمانەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە کریستیانەکانی ئەم ناوچەیە، لەوانەیە کۆنترینەکانی ئەم ئاینە بن لەسەر ڕووی زەوی و لەوانەشە نەوەی جووەکانی بەر لە لەدایکبوونی مەسیح بن، یان پاشماوەی ١٠ تیرە ونبووەکەی قەومی بەنی ئیسرائیل بن کە دەگوترێت دوای ئاوارەکردنیان بەدەستی ئاشوورییەکان، لە مێژوودا بێ سەروشوێن بوون.
زمانی کوردییش لەژێر هەژموونی سیاسی و کارگێڕی و سەربازیی تورکەکاندا بووە، بەڵام مەیسۆن پێی وایە كورد هەوڵی چڕیان داوە بۆ پاراستنی زمانی خۆیان وەک شوناسی نەتەوەیی. بۆ نموونە کاری زۆریان كردووە بۆ ئەوەی وشە باوە تورکییەکانی وەک (داغ) و (سوو) بگۆڕن بۆ وشەی کوردیی وەک (شاخ) و (ڕووبار). لەم بارەیەوە زیاتر نووسیویەتی ”تا زووتر تورک لەم ناوچەیە لە بیر بکرێت، داهاتووی دانیشتوانەكەی باشتر دەبێت“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved