شێروان ناسح حەیدەری ناوێکی دیار، پارێزەرێکی خاوێن، پەرلەمانتارێکی مکوڕ، وەزیرێکی چاوکراوە و کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراوی هەولێر بوو.
باوکی، ناسح ئەفەندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکردن (مەئمووری ئیجرا) بوو لە پەنجاکان.
ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر مەلا حەیدەری گەورە کە لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەوی و هەڵمەتی (تەشەییوع)، لە ناوچەی ئەردەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی مەلا ئیلیاسە فەندی کە باپیرە گەورەی مەلافەندیی هەولێرێیە، ڕوویان لە ناوچەی ماوەران و هەریر کرد، نەوەکانی مەلا ئیلیاس هاتنە باداوە و هەولێرێ.
شێروان دوای دەرچوونی لە کۆلێژ، ماوەیەک بووە بەڕێوەبەری ناحیە دواتر پارێزەر. لە لێژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستانیش، لە کاتی داڕشتنی هەر یاسایەک، پرس و ڕای بە کەسانی شارەزا و لێهاتووی ئەو بوارە دەکرد کە یاساکە دەیانگرێتەوە یان یاساکە جێبەجێ دەکەن، بۆیە لە خولەکانی سەرەتای پەرلەمانی کوردستان، یاسای زۆر کاریگەر و بەسوودیان داڕشت.
ئەو کاتەی دادوەری لێکۆڵینەوە بووم، زوو زوو سەردانی دەکردم.
جارێكیان، كەسێكی دەرچووی بەشی کۆلێژی یاسا سەردانی كردم، کاک شێروانیش هات. لەو کاتە لێکۆڵەرێکی دادی دۆسیەیەکی بۆ هێنام، دەرچووی کۆلێژ کە چاوی پێ کەوت، یەکسەر هەستایەوە و گوتی فڵان ئەوە چ دەکەی لێرە؟ بە کوردی قسە دەکەی؟ لەگەڵ قسەکردن شپرزە بوو و هەردوو مەچەکی خۆی نیشان دا و گوتی تا ئێستەش شوێنی ئەو کەلەپچانەی لەسەرە کە کاتی خۆی ئەتوی بەعسی لەسەر کوردایەتی، ئەمنت تووشی زیندان کرد، ئێستە لەو کوردستانەی لەسەری گیرام و حوکم درام، تۆ ببیە لێکۆڵەری دادی و منیش كارم دەست نەکەوێت؟
ئەو مەوقیفە زۆر کاری لە شێروان حەیدەری کرد، دواتر لە پەرلەمان تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای کرد دەرچووی کۆلێژەكە بنێرمە لای، ئەوە بوو لە بەشی یاساییی وەزارەتی کشتوکاڵ دایمەزراند.
جارێكی دیكە، لەو کاتەی وەزیر بوو، لەسەر ڕاسپاردەی مەجید تاپۆ تەلەفۆنم بۆ کرد و داوام لێ کرد سەردانی ماڵی تەها فەندی بکەین، ماوەی پتر لە نیو سەدە بەڕێوەبەری تاپۆی هەولێر بوو، خزمەتێکی زۆری کردبوو و خانەنشین کرا بوو، خێزانی نەبوو و لە خانووێکی كرێی سەت مەتری دەژیا.
کاک شێروانی وەزیر زۆر خۆشحاڵ بوو و ڕۆژێکمان دیاری کرد، بە چاوساغیی مەجید تاپۆ سەردانی تەها فەندیمان کرد. شێروان حەیدەری چەند ملیۆن دینارێکی لەگەڵ خۆی هێنا بوو لە ئەنجوومەنی وەزیران وەک دیارییەک و وەفایەک، دایە تەها فەندی.
شێروان حەیدەری سەفەرە جاویدانییەکەی کرد، بەڵام ناو و یادگارەکانی هەر زیندوون.