ئەوەی چووبا گازینۆ، پێیان دەگوت شەقاوە
ئەوەی چووبا گازینۆ، پێیان دەگوت شەقاوە

هەموو ڕۆژێ دەمەوعەسران، یەڵڵا لۆ کۆڵانێ پێ پێوە نێ. “کوڕە دەرست خویندییە سەرکەستوور” داکێ وەها لە بنەبانێ خانی هاوار دەکرد، ئەمنیش لە دەرکێ دەرێڕا ئەگۆت؛ “ ئا ئا- هەمووما لەبەرە.” دیسان دەگەڵ زارۆینە گەڕەکێ، هەمان بەزم، هەمان غارەغار.. یان تۆپانە، یان کەلایانێ. ئەوجا ئەگەر سوتفە لەو بەینەدا، مامۆستایەک لە کۆڵانێ بەدەرکەوتبا، هەر بابا بوو بە لایەکدا هەڵدەهات، نەکا مامۆستا بمانبینێ، دەنا ڕۆژی پاشتر لە مەکتەبێ، کۆڵەکی باشی لۆ بەسەر دەناین.
ئەم یادگارییە تاڵ و شیرینانە جارەکی دی لە غوربەتەوە، منیان بردەوە ناوەڕاستی نۆهەتەکان. ماڵمان کەوتبووە باوەشی دۆڵێک، بە زنجیرە کێوێکی سپی دەور درا بوو. ڕووباری شێخی شارەکەی کردبووە دوو لەت، ڕوومان لە گرمەندیل و پشتمان لە بەردەبووک بوو، حەساریش کە چلەی هاوین بەفر تێیدا کرمی دەبوو، کەوتبووە ڕۆژئاوای شار. هەردوو لووتکەی چیخی دەرێ و هەڵگوردیش وەک پاسەوان، دایم لە ڕۆژهەڵات سەریان بەرز بوو. لێ خەڵکی ئاوایی قەت لەسەر ئەوە ڕێک نەدەکەوتن، کامیان لە کامیان تەپکەکەی بڵندترە!
خانووەکەمان، کەلاوەیەکی مەکشوف، بە قوڕ و بەرد هەڵچێنرا بوو. ئاشتخانەکەی لە دەرەوە بوو. هەر جارێ دایکم سێکوچکە ژەنگاوییەکەی پێ دەکرد، هەتا غازەکە دەکوژایەوە، هەر هاواری خوا و پێغەمبەرم بوو. چەندین جار بەچاوی خۆم بینیم ئاگر هەتا بنمیچی خانوو بڵند بوو.
هەر کاتەک ئەم دیمەنە دووبارە دەبووەوە، من و برا بچووکەکانم یەکبەخۆ هاوارمان دەکرد، بەشکم دەروجیران، خێرخوایەک بە هانامانەوە بێت. لێ دایکم ئەوەندە بە غیرەت بوو، زوو پڕی دەدایە بەتانییەک، پاش ئەوەی لە تەشتێ کۆڵێی نقوم دەکرد، وەک ئەوەی کەسێک بخنکێنێ، بەسەر بوتڵە غازەکەیدا دەگرت و ئاگر دەمودەست دەکوژایەوە.
بزەبت لە بەرانبەر ماڵمان، لە کن دوکانێ سوورەی مریشکفرۆش، گازینۆ بوو، دایم جمەی دەهات، مێزی بلیاردی لێ بوو. ئەوجا زوو زووش لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنێکی کۆپار دەرپەڕیو، فیلمەکی بڕوسلی پەخش دەکرا. بەس بۆ من و دەیان پارچەڵەی وەکی من، کفر بوو تخونی ئەوێ بکەوین. ئاخر لە ترسێ قسەی خەڵکی، نەکا بڵێن ئەها کوڕی فڵانی خوێڕی بووە، یان بووەتە شەقاوە! ئیدی ئەو بلیاردە، وەها لە کەللەی دام، شەوان خەوم پێوە دەبینی.
نوکە چەند ساڵێکە لە ئەمەریکا دەژیم، لەو وڵاتە نوێیە، لەنێو ئەو کولتوور و سیستمە تازەیە، هەمی تشتەک فرە جودایە. مێزی بلیارد، نەک چیی تر بڤە نییە، بگرە لە ناوەڕاستی زانکۆ، وەک ڕەمزی پشوودانی مێشک دانراوە.
ئەمڕۆ دوای ئەوەی دەستەکی قیتوقۆزم لە مامۆستایەکی شۆخ بردەوە، بێدەنگییەکی سامناک ڕووی تێ کردم، بەدیار مێز و تۆپەکان وەک کەڕوڵاڵ بە پەرۆشەوە داڵغەم ڕۆیی. بیرە جەنجاڵەکەم هەلەکی دی بردمییەوە نێو سروشتە جوانەکەی نیشتمانی دایک، گەڕامەوە نێو باوەشی مێرگ و کانیاوەکان، بیرم لە دایباب دەكردەوە، لە سەردەمی منداڵی، لە هاوڕێ دێرینەکان، لەو هەموو ڕووداو و کارەساتەی بەسەرماندا هاتوون. بەخۆم دەگوت، باشە ئەم ژیانە بۆ ئەوها گۆڕایە؟ ئاخر دایکم نیوەی تەمەنی مامۆستا (جێڵ)ی نییە، کەچی تەواو پیر و بێ تاقەت بووە، ئەگەر دە خولەک بە پێیان بڕوات، دەبێ به ‌درێژاییی شەو کوزەڵە لە چۆکان ببەستێ. کەچی مامۆستا جێڵ هێشتا ڕۆژانە دوو کاتژمێر وانە دەڵێتەوە، سەعاتێکیش وەرزش دەکات و لە بلیاردیش فەنانە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved