ئەگەر جیهانی بریقەداری جوانكاری و دابونەریتی كۆنی هەولێرێ بە داوێك بەسترابێتەوە، لە دەستی ژنێك دایە بە ناوی سازان ئەمین، ئەو خاوەنی هاوكێشەكی جیاوازە.
لە قۆناغێكی ژیانیدا پیشەی ددانسازیی جێ هێشتووە، بۆ ئەوەی ببێتە ناسراوترین ئایكۆنی جوانكاری لە كوردستان، ئێستە تەنها خاوەنی بڕاندێكی بازرگانی نییە، بەڵكو مۆركێكی تایبەت بەخۆی، لە بەكارهێنانی زار و فەرهەنگی هەولێرێ بردووەتە ناو سۆشیاڵ میدیا.
سازان ئەمین، چیڕۆکی ژنێکە، بە پێنج زمان دەدوێت، بەڵام تەنیا بە زاری ڕەسەنی ناوچەكەی خۆی، سنوورەکانی بڕیوە.
ئێستە ئەو خاوەنكارە ژنە، جگە لە كوردی، زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، دانیماركی و سویدییش بەباشی دەزانێت، بەرهەمەكانی لە بواری جوانكاری سنووری كوردستانی تێپەڕاندووە، خولەكانی ڕاهێنانیشی بەرناكەون.
سازان، ساڵی ١٩٨٤ لە هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا چووەتە دانیمارک. لەوێ کۆلێژی ددانسازیی خوێندووە، وەک یاریدەری پزیشكی ددانساز، ماوەی ١٠ ساڵ کاری کردووە، بەڵام ژیلەمۆی حەز و خولیای منداڵی بۆ جوانكاری هەر بەگەشی ماوەتەوە و ساڵانێكی تەمەنی لە ددانسازیدا بە خەیاڵی بوون بەهونەرمەندی جوانكاری بەڕێ كردووە.
دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەكات، دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت بەشداریی کۆرسێکی جوانكاری بکات، بە حاڵ پارەی خەرجی كۆرسەكە دابین دەكات، بە تامەزرۆیییەوە ڕۆژانە پێش هەموو قوتابییەكان لە پۆل ئامادە دەبێت و دوای هەمووانیش دەچێتە دەر. دوای ئەو شەش مانگە، دەبێتە هونەرمەندێکی ماکیاژ و جوانکاری، سازان دەڵێت ”ئەگەر یارمەتیی مێردەکەم نەبایە، قەت نەمدەتانی، چونکە ژیان لەوێ زەحمەتە و ئەمنیش شەش مانگ لەبەر کۆرسەکە هیچ ئیشەكم نەکرد“.
ئەو ژنە هەولێرییە لە دانیمارک پەرەی بە کارەکەی دەدات، هەر زوو بڕاندێکی برژانگ دروست دەكات و کۆمپانیایەک دادەمەزرێنێت، ئەو برژانگە دەبێتە هەوێنی دەیان بەرهەمی دیكەی جوانكاری و تا ئێستە ٤٠ بەرهەمی جوانكاریی هەیە و بە شێوەی ئۆنڵاین و هەندێكیش بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە چەند شارێكی كوردستان و دەرەوەش دەفرۆشرێت.
دوای ماوەیەك سازان دەگەڕێتەوە هەولێر و لێرە پەرە بە كارەكانی دەدات. ئێستە ساڵانە ماستەر کۆرسێکی جوانكاری دەکاتەوە، بڕوانامەی کۆرسەکەی لەسەر ئاستی جیهاندا باوەڕپێكراوە.
سازان ئەمین لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا چالاکە، ڤیدیۆ و وێنەی بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە، سەرەڕای شیكپۆشییەكەی، ئامۆژگاریی خانمانیش دەكات چۆن گرینگی بە پێستی خۆیان بدەن. ئەو یەکەم ڤیدیۆی خۆی لە ساڵی ٢٠١٣ لە سناپ چات بڵاو کردووەتەوە. لە باسی ئەو ڤیدیۆیەدا دەڵێت ”لەوێ یەكسەر گۆتم کونە باشن گوڵەکانم، ئەمن ناوم سازان ئەمینە و خەرکی هەولێرێمە“.
ئەو كاتە دۆست و خزمەکانی سازان پێیان سەیر بووە دوای ئەو هەموو ساڵە ژیان لە ئەوروپا، ئەو لە ڤیدیۆ و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی، بەو بنزارە هەولێرییە خاوێنە قسە دەکات، لەم بارەوە دەڵێت ”ئەمن شانازی بە زاری خۆمان دەکەم“، دەشڵێت زاری هەولێری و وشەكانی بەكاریان دێنێت، بوونەتە هۆی ناوبانگی سازان و مۆرکێکی تایبەت بە خۆی وەرگرتووە.
بەشێک لە کوردانی تاراوگە، لە بۆتەی كولتوور و زمانی ڕۆژئاواییدا دەتوێنەوە و مێژوو و ناسنامەی خۆیان و شار و وڵاتیان لە بیر دەكەن، بەڵام باوکی سازان لە یەكەم ڕۆژەوە لە دانیمارك، ڕێگەی نەداوە هیچ یەكێك لە منداڵەكانی بە زمانی دانیمارکی یان زمانێكی دیكەی بێگانە قسە بکەن، سازان دەڵێت ”بابم قبووری نەدەکرد لە مارێ بە دانیمارکی قسان بکەین. لۆیێ هەر بە زمانی خۆمان قسەمان دەکرد“.
بەرهەمەكانی سازان كە لە ڕێی کۆمپانیاکەیەوە لە کوردستانەوە بەرهەمیان دێنێت، لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەنداوە بە کوالێتیی بەرز و متمانەپێكراوەوە دروست دەکرێن، بە نیازە لەمەودوا لقی كۆمپانیاكەی لە بەغدای پایتەختی فیدراڵی عێراق و نووسینگەیەکیش لە دوبەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەوێندەرێوە هەنگاوی فرەوانتر بەرەو بەجیهانیبوون بنێت.
سازان ئەمین، شەوانە لە کاتژمێر ١١ەوە تا ٦ی بەیانی مۆبایلەکەی بێدەنگ دەکات، دەڵێت ”وەكی هەستام، دوو سەعاتەك جوابی ئیمەیڵی دەدەمەوە و تەماشای سۆشیاڵ میدیای دەكەم، دەبی بزانم چ هەیە چ نییە؟ هەم لە بواری خۆم هەم بە عام”.
باس لەوەش دەكات ئەگەر ڕووداوێكی ناخۆش هەبێت، ئەو دەست بەبڵاوكردنەوەی بابەتەكانیەوە دەگرێت و دەڵێت ”زۆر مهیمە بزانم ئەگەر دوور بیت شتەك ڕووی دابی و پەیوەندیی بەكۆمەڵگەی مەوە هەبی، ئەمن دانانیشم سۆراووسپیاوی بكەم و گۆرانی لێ دەم”.
ئەو خاوەنكارە ڕۆژانە زۆربەی کاتەکانی بە كارەكانی لە سۆشیاڵ میدیا بەسەر دەبات، چونکە وەك خۆی دەڵێت ”ئیشەکەم لە سۆشیاڵ میدیایە خاسەتەن سناپ و ئینستا و تیکتۆک، فەیسبووکیش بۆ زانینی هەواڵەکان بەکار دەینم“.
سازان كە لە گەڕەکی شۆڕش، لە باوکێکی سەیدی بەرزنجی و دایکێکی دزەیی پەیدا بووە، دەڵێت زۆر شانازی بە قەڵاتی هەولێرێوە دەكات، بە گیانی یارمەتیدانی خەڵكی هەولێرێ و میواندۆستیی هەولێرییان.
جگە لە پێشخستنی كارەكەی وەك خاوەنكار، ئامانجێكی دیكەی سازان ئەمین وەک خۆی دەڵێت ”دەموێ یارمەتیی ژنان بدەم لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، بێ ئەوەی دژایەتیی دابونەریتی كوردەواری بکەن، چونكە هەموو ژنەک ئەگەر ڕێزی خۆی بگری، دەتانی ئەو شتەی دەیەوێ بیکا“.
ئەو خاوەنكارە هەولێرییە، لە دڵسۆزیی بۆ خێزانەكەی هەتا خەونی گەیشتن بە بازاڕەكانی جیهان، جگە لە فرۆشتنی بەرهەمی جوانكاری و فێركاری، متمانە بەخۆبوونیش دەبەخشێتەوە، بە ڕوونی دەڵێتە ژنانی كورد كە دەكرێت لە لووتكەی مۆدێرنی و جیهانیبووندا بن و هێشتاش شانازی بە قەڵات و دابونەریتی شارەوە بكەن.
ئەو سەلماندوویەتی كە ڕەسەنایەتی، نەك ڕێگر نییە، بەڵكو ڕێگە ڕاستەكەی سەركەوتنە.