كەمانچەی تەیراوە لە هۆڵیود
كەمانچەی تەیراوە لە هۆڵیود

گەنجێكی تەیراوە، بەسەر ژێی كەمانچەكەیەوە دەگاتە سەكۆ ناودارەكانی جیهان، تا دواجار لە هۆڵیود خۆی دەدۆزێتەوە.
سالار ئازید مۆسیقاژەنی كورد، یەكێكە لەو كەسە دەگمەنانەی لە ناوچەكەدا پێی ناوەتە جیهانی سینەمای ئەمەریكی، لە ساڵی ٢٠١٩ یەكەم هەنگاوی لە ڕێگەی فیلمی (ئەلادین)ی کۆمپانیای دیزنییەوە بوو، لەوێ وەك ژەنیار و ئەكتەریش لە پاڵ هونەرمەند ویڵ سمیس دەرکەوت.
ئەو فیلمە تەنها سەرەتایەك بوو، دوای ئەوە ئازید لە کارکردن لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی هۆڵیود بەردەوام بوو، لەوانەش لەگەڵ كۆمپانیای مارڤڵ لە فیلمی (ئێتێرناڵس)، ئاوازی کوردی و ڕۆژهەڵاتی تێکەڵی چیڕۆکە جیهانییەکان كرد.
هونەرمەندە هەولێرییەكە بۆ (گڵكەند) دەڵێت لە كاتی بەشداریكردن لەو فیلمانەدا، وەك مۆسیقاژەن بۆ ئەوەی بەهەستێكی ڕاستینە بژەنێت، دەچێتە ناو دیمەنەكانی فیلمەكان، شوێنی گرتەكان و چیڕۆكەكان بە چاوی خۆی دەبینێت، ئینجا مۆسیقایان بۆ دەژەنێت.
ئەو كە ساڵی ٢٠٢٢ بە لێکۆڵینەوەیەك لەبارەی ”ڕۆڵی کەمانچە لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی باشووری کوردستان“، بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی عەرەبی - ئەمەریکی وەرگرت، سەرەتای چیڕۆكەكەی لە ١٩٧٨ەوە دەستی پێ كردووە، کاتێک بە منداڵی چووەتە گرووپی مۆسیقای منداڵانی هەولێر.
ساڵی ١٩٨٨ خوێندنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا تەواو دەكات، ساڵی ١٩٩٤ دەچێتە هۆڵەندا، ساڵی ١٩٩٨ لە زانکۆی فۆنتیاس بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دیبلۆمی باڵا لە مۆسیقا، هونەری نواندن و وانەوتنەوەدا بەدەست دێنێت، بۆ چەندین جار لە هۆڵەندا و لە کوردستانیش وەک ڕابەری ئۆرکێسترا دەرکەوتووە.
ئازید دەڵێت لە سەردەمی پێش پەیدابوونی سۆشیاڵ میدیا و ئینتەرنێتدا، خەڵكی جیهان زۆریان لە بارەی کولتوور و مۆسیقای کوردی نەدەزانی؛ بۆیە كە لەگەڵ ئۆرکێسترا جیهانییەکان ئاوازە کوردییەکانی دەژەنی، وایان دەزانی مۆسیقای باڵکان و ڕۆمانە، بەڵام ئەو جلوبەرگی كوردی دەپۆشی و مۆسیقاكەی پێ دەناساندن.
ئەو وەک ئاوازدانەر و دابەشکەری مۆسیقا، کاری بۆ زۆربەی هونەرمەندە ناسراوەكانی كوردستان كردووە، هەروەها بۆ زیاتر لە ٧٠ هونەرمەندی ناوداری ئەوروپی، عەرەبی و تورکی. لە دروستکردنی ٦٤ قەوانی مۆسیقادا بەشدار بووە و خاوەن سێ ئەلبومی مۆسیقای تایبەتی خۆیەتی. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستە، ئەندامی سەرەکیی ئۆرکێسترای کازم ساهیری هونەرمەندی عەرەبە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved