قۆناغی دووەمی پشتێنەكە دەست پێ دەكات
لە كاتێكدا زەوی ڕووی لە مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایە و پانتاییی هەولێریش بە خێرایی فرەوان دەبێت، ساڵێكە حکومەتی کوردستان وەك وەڵامێکی ستراتیژی، جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییی دەست پێ كردووە، ئێستە ئامادەكاریی بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی دەكرێت.
پشتێنەی سەوزایی دەبێتە بەربەستێکی گەورەی بەردەم بەبیابانبوون، ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت و هەولێر بۆ شارێکی سەوز دەگۆڕێت، دەبێتە بەربەستێكیش لە بەردەم فراوانبوونی هەڕەمەکیی شار و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەپارێزێت.
ئەو پشتێنەیە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەیییەکانی ناوچەکە دادەنرێت، وەک قەڵغانێکی سەوزی بازنەیی لە پشت شەقامی ١٥٠ مەترییەوە دەست پێ دەكات. ڕووبەرەكەی ٦٦ هەزار و ١١٥ دۆنمە، درێژییەکەی ٧٨ کیلۆمەتر و پانییەکەی تێکڕا دوو کیلۆمەترە. بەسەر هەشت زۆن دابەش کراوە و ئامانج لێی چاندنی حەفت ملیۆن نەمامە.
عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند ”پڕۆژەكە بە وردی لە ماستەرپلانی هەولێر جێگیر کراوە، پێکهاتەکانی بە جۆرێک داڕێژراون کە ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە نەخشەی گەشەپێدانی شار و هەولێر لە فراوانبوونی بێ سەروبەر بپارێزێت“.
ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی کردەییی گەورەی بڕیوە.
قۆناغی یەکەمی لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بە چاندنی یەکەم نەمام لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دەستی پێ کرد. لەسەر ڕووبەری ٢,٤٠٠ دۆنم، نزیکەی ٧٠٠ هەزار نەمام بە تێچووی ٦.٢ ملیۆن دۆلار دەچێندرێت. ڕۆژانە ٢٣٠ کرێکار و ٣٠ ئەندازیار بە شێوەیەکی بەردەوام کار دەکەن.
ئێستە بەشی یەكەمی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەكە تەواو بووە و بەشی دووەمیش لە قۆناغی کۆتایی دایە، بە تەواوبوونی، ڕێژەی سەوزاییی هەولێر ٤.٢٪ زیاد دەکات. لەم بارەوە کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بۆ (گڵكەند) گوتی دەستیان بە ئامادەکارییەكان كردووە تا قۆناغی دووەم جێبەجێ بكەن، كە بریتییە لە داچاندنی ١١ هەزار دۆنم زەوی، بودجەکەشی بە هاوبەشی لەلایەن حکومەت و وەبەرهێنەرانی ناوخۆوە دابین دەکرێت.
بەپێی داتای خەمڵێندراو، ڕێژەی سەوزاییی هەولێر گەیشتووەتە سەرووی ١٨٪، بەڵام وەك سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی پێ كرد، پایتەخت قۆناغ بە قۆناغ دەبێتە شارێکی سەوز، دوای پڕۆژەی ڕووناکی و کوژاندنەوەی هەزاران موەلیدە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش گەواهی دەدەن هەولێر قۆناغی مەترسیداری پیسبوونی ژینگەی تێپەڕاندووە.
هەڵبژاردنی جۆری دارەکانی پشتێنەی سەوزایی لەسەر بنەمای زانستی بووە. ئەمین ڕەئووف یاریدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”دوای پشکنینی خاک، بڕیار درا زەیتوون و فستق بچێنرێن، چونکە بەرگەی وشکەساڵی دەگرن و کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن. ئەم دارانە وەک فلتەرێکی بایۆلۆژی هەوا پاک دەکەنەوە و داهاتێکی ئابووریی باشیشیان هەیە“.
هەڵبژاردنی جۆری دار لە زۆنەکانی دیکەی پڕۆژەکە، بەپێی جۆری خاک و تۆپۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت، بۆیە لە قۆناغەكانی داهاتوودا داری جیاواز دەچێندرێن، کە لەگەڵ ژینگەی ئەو شوێنانە بگونجێت.
ئەمین ڕەئووف ئاماژەی بەوەش کرد یەکێک لە دەستکەوتە گرینگەکانی پڕۆژەكە، ڕێگریکردنە لە گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون، هەروەها پشتێنەكە وەک بزوێنەرێکی ئابووریی سەوزیش کار دەکات، زیاتر لە دوو هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت.
حکومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە خاوەن مافی زەوییەكانی ئەو ناوچانەی پشتێنەی سەوزایی دەیانگرێتەوە، بەپێی یاسا و بەڕێژەی ١٢٪ بۆ موڵکی میری و ٢٠٪ بۆ تایبەت و ٣٪ بۆ زەوی کشتوکاڵی، بە زەوی یان بە پارە قەرەبوو دەكرێنەوە.
هەرێم عەلی لە فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا سەر بەدەستەی پاراستن و چاكکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پێی وایە پشتێنەی سەوزایی، تەنیا پڕۆژەیەکی دارچاندن نییە، بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی کردەیی و ئەرێنیی حکومەتە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا. دووپاتیشی دەكاتەوە پشتێنەكە دەبێتە قەڵغانێكی سەوز و پلەکانی گەرما دادەبەزێنێت، خێراییی بای هەڵگری تۆز و خۆڵیش بەڕێژەی ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ کەم دەکاتەوە. سەرباری كەمكردنەوەی ساڵانەی ١٤٠ بۆ ٢١٠ هەزار تۆن (CO2).
پڕۆژەكە، جگە لە ڕەهەندە ژینگەیییەكەی، دەبێتە دەرفەتێکی گەورەی وەبەرهێنان و ناوچەیەكی گەشتیاریی ناو شاریش، عەلی ڕەشید دەڵێت ”بەگوێرەی ماستەرپلانەکە، لە ناوەڕاستی ئەم دوو کیلۆمەترە سەوزایییەدا، شەقامێکی جووتساید دروست دەکرێت، بەپێی تۆپۆگرافیای ناوچەکان، چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان دادەمەزرێن، لەوانە چێشتخانە، ڕێستۆرانت، هۆتێل و مۆتێل، کۆشکی گەشتیاری، کتێبخانە، پێشانگە، بازاڕی کاتی، یاریگەی منداڵان و وەرزشی، گۆڕەپانی گۆڵف، خلیسکانی سەربەفر و ئەسپسواری“.
بەپێی ماستەرپلانەکە، زیاتر لە ٢٠ گوند و شارۆچکە بەر پشتێنەكە دەكەون، لەوانە کەڵکان، پیرزین، پیرڕەش، کانی گەنی، پونگینە، پۆنگەی شەهاب، پونگینەی ئەفەندی، شێراوە، قۆریتانی جوکل، عارەبکەند، قەرێتاغ، سێبیران، گەزنە، گرد جووتیار. ئەم گوندانە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و لەگەڵ پڕۆژەکەدا دەگونجێندرێن. هەروەها سێ دەروازەی سەرەکیی بەستۆڕە، کەرکووک و مووسڵی دەبێت، ٢٣ وێستگەی پاس و چوار پاڕکی گەورە لە خۆ دەگرێت.
بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ژیانی دارەکان، ١٠ گۆمی دەستکرد بۆ گڵدانەوەی ئاو دروست دەکرێن. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر گوتی بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ئاودێریی زیرەک، سوود لە ئاوی گۆمە دەستکردەکان و ئاوی ژێر زەوی وەردەگیرێت بۆ ئاودانی دارەکان و پاراستنی هاوسەنگیی سروشتی ناوچەکە.